سه‌ید عیسا به‌رزنجی: ئه‌گه‌ر كورد مه‌زهه‌بی خۆیان بۆ شیعه بگۆڕن، نه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌توانن ئیمپراتۆرییه‌ت دابمه‌زرێنن
تایبه‌ت به نوچه‌نێت
******
نوچه‌نێت: ئایا کورد و به تایبه‌ت ناوچه‌ی به‌رزنجه چ په‌یوه‌ندییه‌کی مێژووییان به مه‌زهه‌بی شیعه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر مه‌زهه‌بی شیعه له ڕێگه‌ی ساداته‌وه به کورد و ناوچه‌ی به‌رزنجه گه‌یشتبێت و ڕه‌چه‌ڵه‌کی ساداتیش بچێته‌وه سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئیمامی عه‌لی و ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌یش ڕه‌چه‌ڵه‌كییان بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر عه‌ره‌به‌كانی نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی، كه‌واته سادات كورد نین، لێره‌دا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان کورد و به‌رزنجه و مه‌زهه‌بی شیعه، له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: دەتوانم پرسیارێک بکەم هیوادارم جەنابتان و خوێنەری بەڕێز وه‌ڵام بده‌نەوە، ئەی دەتوانم بڵێم کورد و بەرزنجە، چ پەیوەندییەکییان بە وەهابییەوە هەیە، چونکە وەهابی (35) ساڵ پێش ئێستا بە پەنجەی دەست دەژمێردران، ئێستا بە ناوی سوننەوە زۆربەی مزگەوتەکانی کوردستانییان داگیرکردوون، بەهەرحاڵ، پەیوەندی شیعە بە بەرزنجە و کوردستانەوە، زۆر هەڵده‌گرێت، من بەکورتی وه‌ڵام دەدەمەوە.
ئه‌گه‌ر کورد بیەوێت کیانی هەبێت، تەنها دەتوانێت بە ڕابردووی زانا و ناودارانی بنەماڵەی ئیمامی عه‌لی جێگای خۆی بکاتەوە و پاڵپشت بۆخۆی دابین بکات
شیعە واتا شوێنکەوتووانی ماڵی پێغه‌مبەر، واتا پەیڕەوانی سوننەتی موحه‌مه‌د، چونکە شیعە سوننەی ڕاستەقینەی حەزرەتی پێغه‌مبەرن، واتا پەیوەندی شیعە بە كوردستانه‌وه، دەگەڕێتەوە بۆ ئه‌و كاته‌ی کە ئیمامی عه‌لی شازادەکانی ئیمپراتوریەتی ساسانی لە فرۆشتن و بە کۆیلەکردن ڕزگار کرد، ، دوای ڕوخاندنی یەزدەگوردی مەزنی کوردی لوڕستانی ساسانی، شازادەشای ژنانی کردە بۆکی ماڵی پێغه‌مبەر، تا برینی میللەتی کورد ساڕ‌ێژ بکات، هەموو ساداتی نەوەی ئیمامی حوسێن دایکییان کوردە، واتا بەرزنجە پەیوەندی خوێنی هەیە، لە نێوان کورد و ئیمامەکانی ماڵی پێغه‌مبەر، بەرزنجە هەوێنی شکۆی ڕابردوو و داهاتووی کورد و كوردستانە، له هەمان کاتدا تاکە دیاری ماڵی پێغه‌مبەر بۆ كوردستان. بەرزنجەیە بە قەراریکی ڕۆحی فەرمانی پێکراوە لەبەرزنجە بمێنێتەوە.
به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه ده‌ڵێت: ئەگەر مەزهەبی شیعە لەڕێگەی ساداتەوە بە کورد و ناوچەی بەرزنجە گەیشتبێت، ساداتیش بچنەوە سەرئیمامی عه‌لی واتا سادات کوردنین، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌یش ده‌ڵێین: گەیشتنی شیعە بە كوردستان. دەگەڕێتەوە سەردەمی ئیمامی عه‌لی، کە لە کوفە جەژنی نەورۆزی پیرۆزکرد و یەکسانی نێوان عه‌رب و کوردی دانا، کوردەکان بە دادپەروەری ئیمامی عه‌لی گەشانەوە، دوای پیلانگێڕی دژی ئیمامی حه‌سه‌ن. نامەی بۆ کورد نارد، تا فریای بکەون، دوایش کورد لە شۆڕشەکەی زەیدی کوری عه‌لی کوری حوسێن، به ده‌ستی ئەمەوییه‌کان گەورەترین قوربانیان دا، وەک ئەنفالەکەی سه‌ددام له ساڵی(1988)، ئه‌وانیش ئه‌نفال كران، بڕواننە مێژوو، چونكه پرسیارەکانت پێویستە به کتێب وه‌ڵام بدرێنەوە.
ئه‌گەر حەزرەتی سەیدە زەینەبی کچی فاتیمەی کچی موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ر لە دیمه‌شق نەبوایه، دڵنیابە ئێستا وڵاتێک ناوی سوریا نه‌ده‌بوو
گومان نییە لای هه‌موو جیهان، کە حەزرەتی ئیبراهیم خەڵکی میسوپۆتامیایه و لە ئۆر لەدایک بووە، دوای چووه‌تە فەلەستین و میسر، دوایش بە فەرمانی خوا لە مه‌ککە که‌عبەی دورست کرد، ماوەی (3000) ساڵ تا حەزرەتی موحه‌مه‌د بوو بە پێغه‌مبەری کۆتا پەیامبەر، دوای ئەویش کە ئیمامی عه‌لی بوو بە خه‌لیفە، پایتەختی هاوردەوە بۆ جەرگەی ره‌چەڵەکی باوە گەورەی (ئیبراهیم)، ئەمە لای ئێمە بە فەرمانی رەسوله‌ڵڵا‌یه، ئیمامی عه‌لی عه‌ره‌ب نیە بەڵکو موسته‌عرەبە و خەڵکی میسوپۆتامیایە، ئەم وڵاتەیش كوردستانه، واتا ڕه‌چەڵه‌کی ئیمامی عه‌لی كوردستانە، بۆیە وەک مێژوو، ئێمە ڕه‌چەڵەکی ئەم خاکەین، (5000) ساڵ پێش ئێستا و زیاتریش، واتا ئێمە بناغەی راستەقینەی كوردستانین، وەک مێژوی دوای ئیسلام. بەهەمان شێوە ئێمە (900) ساڵە لە سلێمانی و كوردستانین و مەزارەکانمان شاهیدن.
(1200) ساڵە لە هەمەدان بوونمان هەیە، واتا ئێمەی ئیبراهیمی. موحه‌مه‌دی و بەرزنجی و هەمدانی، ناسنامەی کورد و كوردستانین، ئێمە گەر بگاتە پرسیارکردن بۆ کوردبوون، حەقمانە بپرسین، خەڵکی تر چۆن کوردبوونی خۆیان دەسەلمێنن، بۆ ئێمە واقیع حاشا هەڵنەگرە کە کێین، وەک پاشاکانی بابان خۆیان شازادەکانییان کردۆتە دایکە گەورەمان، وەک یەکەم مەملەكه‌تی كوردستانیش ئێمە ڕامانگەیاند. بۆیە ئێمە دەتوانین بپرسین ئایا کەسیکی تر هەیە بیسەلمێنێت (5000) ساڵ زیاترە كوردستانی بێت، یاخود (1200) ساڵ هەمەدانی بێت، یاخود (900) ساڵە بەرزنجەیی و نۆدێی و قه‌ره‌داغیی و ولیانی بێت، ئه‌گه‌ر ناچارمان بكه‌ن بابڕۆین پشكنینی(DNA) ئەنجام بدەین، هەزاران شەهید و سەرکردە و قوربانی، سەروەری شەهیدی پاڵەوانی ئەنفال، شێخ حوسێن هی ئێمە بوو، کە لێخۆشبوونی سه‌ددامی رەتکردەوە، لە پێناوی میللەتەکەی، هێشتا گومان بکرێتە سەر كوردستانیبوونمان، ئێمەین بناغەی كوردستان، هەتا ڕۆژی قیامەت وەک کورد و کوردستانیی دەمێنینەوە، خاکێك (5000) ساڵ زیاترە لێی بووین.
دوای سه‌ددام حوسێن، وەهابیەت شاڵاوی بەدناوی ئەنفالی فیکری تەواو کرد، ئەوەی سه‌ددام پێی تەواو نەکرا وه‌هابییه‌کان کردییان
نوچه‌نێت: که‌واته ئێوه پێتانوایه نه‌وه‌ی ئیمامی عه‌لین، له دایکه‌وه نه‌وه‌ی ئه‌و شاژنه‌ی ساسانییه‌کانن، که هه‌ندێک پێیانوایه به که‌نیزه‌ک گیراوه و به كوڕی ئیمامی عه‌لی به‌خشراوه، ئێوه‌یش پێتانوایه وه‌ک گێڕانه‌وه‌ی ڕێز بۆی، کراوه به بووکی ئیمامی عه‌لی، هه‌روه‌ها پێتانوایه ئیمامی عه‌لی خه‌ڵکی میسۆپۆتامیایه و عه‌ره‌ب نییه، میسۆپۆتامیایش خاکی کوردستانه، به‌مه‌یش له دوو لاوه ده‌یسه‌لمێنن که کوردن، ئایا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژوویی، بۆ پاڵپشتی ئه‌م بۆچوونه‌تان هه‌یه؟
له لایه‌کی تریش ده‌ڵێیت: بەرزنجە هەوێنی شکۆی ڕابردوو و داهاتووی کورد و كوردستانە، ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه ڕونتر بکه‌ینه‌وه، چۆن ده‌کرێت به‌رزنجه ببێته هه‌وێنی شکۆی داهاتووی کوردستان؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: شازادە نەک شاژن، شازادە (شای ژنان)، ئیمامی علی ناوی نا (سولافە خانم) فەرمووی. لە دونیا و قیامەت جگە لە فاتیمەی کچی موحه‌مه‌د، کەسی خەلق نەکردووە شای ژنان بێت، جگە لەو، بۆیە کچی خۆم تۆ سولافە خانمی دایکی ئیمامەکانی ئالی موحه‌مه‌دییت، بەڵێ ئەسیر کرا و ئیمامی عه‌لی ته‌داخولی کرد، کە نەکرێن بەکەنیزەک و سولافەی بۆ ئیمامی حوسێن مارە کرد، تا بوو بە دایکی ئیمام زه‌ینه‌لعابدین پێشتر ئاماژەم پێدا، کورد بەشداری شۆڕشەکەی زەیدی کوری ئیمام زه‌ینه‌لعابدین کرد، چونکە زەید نەنکی کوردە، سەرچاوەی هەموو جیهان دەیسەلمێنێت کە حەزرەتی ئیبراهیم. لە ئۆر لە دایک بووه، ئیبراهیمیش باپیری ئیمامی عه‌لییه، ئه‌وان ئەوان مستعربن، كوڕی ئیسماعیل له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب، ژن و ژنخوازییان كردووه، بۆیه به مروری زه‌مه‌ن بوون به عه‌ره‌ب، به‌ڵام ڕه‌چه‌ڵه‌كییان عه‌ره‌ب نییه، هه‌ركه‌سێك شاره‌زایی مێژووی هه‌بێت، ده‌زانێت من چی ده‌ڵێم، سه‌رچاوه‌ی مێژووییش زۆرن و زۆر مێژوونووسیش باسییان كردووه، وه‌ك گوتم، ئیمامی عه‌لی، به حیكمه‌ت و فه‌رمان هاتووه‌ته كوفه، كه وڵاتی میسۆپۆتامیایه، دوایش بزانە (90%)بنەماڵە پێغه‌مبەر، ڕوویان لە ناوچەی كوردستان و ئێران کردووە.
سه‌باره‌ت به به‌رزنجه‌یش، (900) ساڵە خاوەنی عه‌قیدە و کولتووری کوردایەتی کوردستانە، بەتایبەتیش باشوور، وەک. سیاسەت دوازدە سوارەی مەریوان. بەسەرکردایەتی ئەوان بووە، وەک دەوڵەت. مەملەکەتی كوردستان ئەوان درووستییان کرد، وەک بابانییه‌کان ئەوان پاڵپشتییان بوون، چونكه شێخ ئیسماعیلی ولیانی، کە نزیکەی (350) ساڵ زیاترە، ڕابەری ڕۆحی كوردستانە، کوری شیخ محمدی نۆدێیە دایکی کچی ئه‌حمه‌د پاشای بابانە، پێش درووست‌کردنی سلێمانی، شێخ حسنی گڵەزرەدی برایشی، شێخ عه‌لی دۆڵپەموی برای و سەید ئه‌حمه‌دی غه‌زائی برای کە ناوەکەی بەخۆیەوەیەتی. باپیری گەورەی کاک ئه‌حمه‌دی شێخە واتا باوە گەورەی شێخ مه‌حمودە یەکەم مەلیکی كوردستان، بزانە شکۆی رابردوو.
ئێران دژی بەشیعەکردنی کوردستانە و یارمەتی عه‌لمانی و وەهابییه‌کانی کوردستان دەدات، گەر ئێران یه‌ک لە هەزار یارمەتی هەوادارانی ئالوبەیتی بدایە، ئێستا چەند مەلایەکی شیعەمان دەبوو
وەک بە کورتی باسم کرد، لە بواری عه‌قیدەی کورد و واقیعی ئاینی پێشه‌نگ بوون، وەک فەلەکناسی و کشتوکاڵ پێشه‌نگ بوون، وەک شۆرش و دەوڵەتداری پێشه‌نگ بوون.
دوایش بەرزنجە هەوێنی تەبایی نێوان چین و توێژەکانی خەڵکی كوردستان بوون، هەرواش دەمێننەوه، وەک باسم کرد لە هەموو بوارەکاندا پێشنگ بوون، واقعێکی مێژوی حاشا هەڵنەگرە، بۆ داهاتویش هەروا دەمێنێتەوە، ئه‌گه‌ر کورد بیەوێت کیانی هەبێت، تەنها دەتوانێت بە ڕابردووی زانا و ناودارانی بنەماڵەی ئیمامی عه‌لی جێگای خۆی بکاتەوە و پاڵپشت بۆخۆی دابین بکات، گەورەترین سەرمایەش مەزارگەی نەوەکانی ئیمامی عه‌لییە، کە کورد بتوانێت سودیان لێ ببینێت، بۆ مێژوو تۆماری بکەن لەسەرم، جه‌نابتان و ئەوانەی دوای حقیقەت دەکەون، ده‌توانن سەرچاوەکان بدۆزنەوە.
نوچه‌نێت: ئه‌گه‌ر بکرێت ڕوونتر مه‌به‌ستی ئه‌م بۆچوونه ڕوون بکه‌یته‌وه، ئایا مه‌به‌ستت چییه له‌وه‌ی ده‌ڵێیت: کورد گەر بیەوێت کیانی هەبێت تەنها دەتوانێ بە ڕابردوی زانا‌و ناودارانی بنەماڵەی ئیمامی عه‌لی پاڵپشت بۆخۆی دابین بکات، گەورەترین سەرمایەش مەزارگەی نەوەکانی ئیمامی علی یە کە کورد بتوانێ سودیان لێ ببینێت؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: دیارە بۆ ئێستا کەمێک قورسە كه لە وڵاتێکی عه‌لمانییدا، پێشنیار و بۆچونەکانت جێگای خۆیان بکه‌نەوە، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتێکی کوردی کە ڕوخاندنی یەزدەگوردی مەزنی کوردی درووستكرابێت و شۆرشێک بەرپا بووبێت، یان سەرکردەکەی سەیدی نەوەی ئیمامی عه‌لی بووه، یاخود راوێشکار و دەوروبەری لەو ڕه‌چەڵەکە بوون، یاخود سودیان لەو ڕێبازە بینیوە، کە ئیمامی عه‌لی و نەوەکانی بەرپایان کردووە، دوایش یەکەم کۆنترین شیعری مێژوی کورد، کە تەمەنی (1000) ساڵ زیاترە، کوردێکی لوڕستانی بە زوبانی کوردی ڕەسەن گوتوویه‌تی تاکە میراتی نەتەوەی کوردە وەک شیعر، بەڵێ گەورەترین میراتی گەلی کورد، مەزارگەکانی نەوەزادەکانی ئیمامی عه‌لی لە كوردستان بوونیان هەن، گەر حکومەتێکی ڕاست و دڵسۆزی كوردستان بێتە کایەوە، به بە کارهێنانی ئەو مه‌زارگه‌نە، لە 80% مەترسییه‌کانی سەر ئەم گەلە دەڕەوێنێتەوە، بۆ نموونە:
ئه‌گەر حەزرەتی سەیدە زەینەبی کچی فاتیمەی کچی موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ر لە دیمه‌شق نەبوایه، دڵنیابە ئێستا وڵاتێک ناوی سوریا نه‌ده‌بوو، بۆیە گەورەترین تاوانی بەعس و سه‌ددام دژ بە میللەتی کورد، لە دوای پاكتاوی ڕه‌گه‌زیی و خاپووركردنی كوردستان، له ناوبردنی كولتوور و مەزارگەکانی بوو، تا ئێستا کورد نەیتوانیوه لە (10%)ی تاوانەکانی بەعس بەیان کات و نەیتوانی شوێنەواری تاوانەکانی سه‌ددام چارەسەر بکات، بە پێچەوانەوە دوای سه‌ددام حوسێن، وەهابیەت شاڵاوی بەدناوی ئەنفالی فپکری تەواو کرد، بەگۆڕینی ئاینی کورد و شێواندنی كولتوور و نەریتی کوردەواریی، چونکە سه‌ددام کوردی لەڕەگ و ریشەوە دەرهاورد، وەهابیەتیش ئەمەی بەفرسەت زانی، بۆ گۆڕینی دیمۆفکری و كولتووری. خۆی خزاندە ناو ئەم میللەتە بەشمەینتەوە، بەناوی سوننەت و ئیسلامەوە، ئەوەی سه‌ددام پێی تەواو نەکرا وه‌هابییه‌كان کردییان.
ئه‌گه‌ر کورد ببێتە شیعە، نەک دەبێتە دەوڵەت، بەڵکو دەبێتە ئیمپراتۆریه‌ت
عه‌لمانییه‌کانیش به ناوی ئازادی و پێشكه‌وتنه‌وه، خەریکی داماڵێنی حەیاو حورمەتی ئەم میللەتە بێکەسە بوون جا ئەو میللەتەی کە پێش (40) ساڵ له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه دەمانناسی، ئەو میللەتە نیە و زۆر بەکەمی ماوە، ئەنفال ڕەگ و ڕیشەی دەرهاورد، بۆیە پێویستە کورد بگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی باوباپیرانی، ئەوکاتە شکۆی خۆی دەست دەکەوێتەوە، دەبێتەوە به میللەتەی وەک شاخ و داربەڕووه‌کانی، بە هیچ هێزو توانایه‌ک ناتوانرێت زیانی پێبگەیەنن.
نوچه‌نێت: لێره‌دا خاڵێك سه‌رنجی ڕاكێشام، گوتت ئه‌و مه‌زارگه‌ی سه‌یده زه‌ینه‌بی كشی فاتیمه‌ی كچی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له دیمه‌شق نه‌بووبا، ئێستا ده‌وڵه‌تێك به ناوی سوریاوه نه‌ده‌مایه‌وه، پرسیار ئه‌وه‌یه، ئه‌و مه‌زارگه‌یه له چ ڕوویه‌وه‌که‌وه سوریای پاراست، ئه‌گه‌ر ئه‌مه په‌یوه‌ست بكه‌ینه‌وه به مه‌زارگه‌ی سه‌یده‌كانی كوردستان، له چ ڕوویه‌كه‌وه ده‌توانن كوردستان بپارێزن، به‌رگری له چی ده‌که‌ن، کام مه‌ترسی ده‌ڕه‌وێننه‌وه؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: ئه‌گەر مەزارگەی زەینەبی کچەزای پێغه‌مبه‌ر لە دیمه‌شق نەبووبا، هەزاران کەسی خۆبەخش خۆیان نه‌ده‌کردە قوربانی، چونکە نیزامی بەشار، نیزامێکی عه‌لمانیە، هیچ کەسێک ئامادە نیە خۆیی بکاتە قەڵغان بۆی، بەڵام تەکفیرییه‌کان دەسیان بە خاپورکردنی مەزارگەی پیاوچاکان و سه‌حابەکان كرد، بۆیە گەنجانێکی زۆر ڕوویان کردە سوریا و دیمه‌شق و زۆربەی دەوروبەری دیمه‌شق گیرا، بەڵام تاکە هێزی نەکەوتنی دیمه‌شق و ورەی نیزامی بەشار ئەسەد، قوربانی ئەو گەنجە گیانفیدایانە بوو، کە دیمه‌شقی لە کەوتن رزگار کرد، ئەویش بە بۆنەی پاراستنی مەرقەدی کچەزای پێغه‌مبه‌ر بوو.
ڕاسته كوردستان هاوشێوه‌ی سوریا نییه، به‌ڵام بۆ داهاتوو ده‌توانرێت مه‌زارگه‌ی نه‌وه‌زاده‌كانی پێغه‌مبه‌ر وه‌ك پاڵپشتییه‌كی زیاتر بۆ په‌لكێشكردنی گه‌شتیاران سودییان لێوه‌ربگیردرێت، هه‌روه‌ها بۆ ئاشنابوونی گه‌لانی ناوچه‌كه به فه‌رهه‌نگ و كولتوور و سرووشتی كوردستان، هه‌روه‌ها کورد دەتوانێت بۆ ئاشنابوونی گەلانی ناوچەکە و ڕواندنەوەی درۆی شاخداری دوژمنان و گرنگیدان بە پێشوازیکردنی گەشتیاران و لە هەموو بوارەکان سودییان لێوه‌ربگرێت، تا له پاڵ بە هەند وەرگرتنی ئارامی كوردستان، ببێتە جێگای میوانی عێراق و ناوچەکە، ئەو کاتە لە دەستی هێرش و پەلاماری دوژمنان و بەتایبەتی تکفیری دەپارێزرێت، هه‌روه‌ها له ڕووی ئابوورییه‌وه وڵات پێشده‌كه‌وێت و له ڕووی فه‌رهه‌نگیشه‌وه دەگەڕێتەوە سەر ڕێچەکەی خۆی، كولتووری ڕەسنی کوردایەتی دێتەوە کایە، هەر رۆژێک فیکرێک و ئایدیۆلۆژیایەک کۆمەڵێک خەڵکی فریونا دات، هه‌روه‌ها ئاشنابونی گەلانی ناوچە کە بە پیرۆزی خاکی كوردستان وا دەکات. کە داگیرکەران نەتوانن بە ئاسانی پەلاماری كوردستان بدەن، چونکە پشتیوان و دڵسۆزانت زیاد دەکەن.
دوای ڕوخاندنی ئیمارەتی بابان، بڕوانە حەزرەتی سالم له ساڵی (1850)ی زاینی، چی وه‌ڵامی حەزرەتی نالی ده‌داته‌وه، له بڕگەیەك له شیعرەکەی دەڵێت: زستانی ئەوه‌ڵین بوو، دڕا بەرگی شێ هەباس، ڕۆمی(عوسمانی) ئەوندە شومە لەشەخسیش دەدەن زەرەر.
تاقە مەزارگەی ئیمارەتی بابان، دوای ڕوخاندنی میرنشینی بابان، لەدەستی داگیرکەری داعش ئاسا ڕزگاری نەبووە، بەڵام ئێستا دوژمنانی كوردستان، بە سڕینەوەی شوێنه‌واری كوردستان، لە فیکری گەلی کورد، گەورەترین داگیرکاری ئەنجام دەدەن، بۆیە من سوپاست دەکەم گەر بەئەمانەتەوە، وه‌ڵامەکانم بڵاو بکەیتەوە
نوچه‌نێت: بۆچوونێک هەیە پێیوایە، ئێران لە پشت ڕەوتی بە شیعەکردنی کوردستانەوەیە، بۆ ئەمەیش پشت بە سادات و ئەو حوسێنیانە دەبەستێت، کە لە کوردستان کردوونییەتییەوە و دەیانکاتەوە، بۆ ئەمەیش هێزێکی سیاسیی وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، یارمەتیدەرییانە؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: وه‌ڵا بەڕاشکاوی وه‌ڵامت دەدەم، سوێند بەخوا، سوێند بە هەموو پیرۆزییه‌کانی خاکی کوردستان، ئێران دژی بەشیعەکردنی كوردستانە و یارمەتی عه‌لمانی و وەهابییه‌کانی کوردستان دەدات، گەر ئێران یه‌ک لە هەزار یارمەتی هەوادارانی ئالوبەیتی بدایە، ئێستا چەند مەلایەکی شیعەمان دەبوو، تا ئێستا ئێران بەهیچ جۆرێک هیچ هاوکارییەکی کەسێکی نەکردووە، کە ئیدعای شیعە بکات، ئەو هیچ لای گرنگ نیە. تۆ شیعەی بیت یاخود سوننە. بە پێچه‌وانه‌وه تاکە ڕێگر لە شیعەبوونی كوردستان ئێرانە، بە بۆچوونی من، ئه‌گه‌ر کورد ببێتە شیعە، نەک دەبێتە دەوڵەت، بەڵکو دەبێتە ئیمپراتۆریه‌ت، وەک یەزدەگوردی مەزن گەورەترین ئیمپراتۆریه‌تی ناوچەکە درووست دەکات، چونکە شیعە نابنە بەکرێگیراوی هیچ کەس، جگە لە زانا و پیاوچاکان هیچ كه‌سێكی تر به گه‌وره‌ی خۆیان دانانێن، بۆ ئه‌وه‌یش كه ده‌ڵێن یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، یارمه‌تیده‌ری به شیعه بوونه، ئه‌وه بوهتانێکی گەورەیە.
نوچه‌نێت: به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی كونسوڵخانه‌ی ئێران له سلێمانی، له زۆربه‌ی چالاكییه‌كانتان به‌شداری ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌رپرسانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان خۆیان نایشارنه‌وه، كه به پاڵپشتی جه‌نابی مام جه‌لال حوسێنییه كراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها جەنابیشت لە ڕەوتی حیکمە بوویت و کاندیدیشییان بوویت، ئایا ئەمانە بەڵگە نین لەسەر پاڵپشتی ئێران و یەکێتیی و هێزە شیعەکانی عێراق، بۆ ئێوە و ئەو ڕەوتەی کە بە شیعەگەری ناو دەبرێن؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: یه‌كه‌م، بەشداری کاربەدەستانی کونسوڵخانەی ئێران لە بۆنە ئاینییه‌کاندا، بۆ نموونە کونسوڵی وڵاتە ئیسلامییه‌کان لە سعود ناچن بۆ نوێژی جومعە. یاخود بۆ حه‌ج و عومرە حتمه‌ن لە كوردستان کاربەدەستانی کونسوڵخانە بیانییه‌کان، بەشداری زۆر کار‌و چاکی هەرێمن و میدیای حزبی وحکومی بەدەسکەوتی ده‌زانن و شانازی پێوە دەکەن، هەروەها زۆربەی کاربەده‌ستانی کونسوڵخانە شیعە مه‌زهەبن، بە واجبی ئاینی دەزانن بەشداری عاشورا و بۆنه ئاینییه‌كان بکەن، پێیانخۆشە بەشداری مزگەوتی شافعیش بکەن و زۆرجاریش کردوویانە و چالاکی قورئانییان هەبووە، هه‌روه‌ها بە هاوکاری ئەوقاف سەردانی تەکییه و خانه‌قاکان دەکەن، ئه‌گەر بەراوردی بکەیت (10) جار دەچنە لای شافیعی و قادری و نه‌قشبەندی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆیان شیعه‌ن، كه‌چی یەک جار دێنە حوسەینییەکه.
زۆربەی کاربەده‌ستانی کونسوڵخانە شیعە مه‌زهەبن، بە واجبی ئاینی دەزانن بەشداری عاشورا و بۆنه ئاینییه‌کان بکەن
دووه‌م، كردنه‌وه‌ی حوسه‌ینییه له‌سه‌ر داوای كوردانی خانه‌قین بوو، كه شیعه‌ن و كوردبوونییان تێكه‌ڵاوه و قوربانی زۆرییان داوه، جه‌نابی مام جه‌لالیش وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك و وه‌فایه‌ك بۆ قوربانییانی كوردانی خانه‌قین و هه‌روه‌ها وه‌ك ڕێزێكیش بۆ ئایه‌توڵڵا سه‌ید موحسین حه‌كیم، داواكه‌ی قبوڵكردن، چونكه دوای ئه‌وه‌ی مه‌لا دینفرۆشه‌كانی ده‌سه‌ڵات، فه‌توای كوردكوشتنییان دا و كوردی‌یان به كافر له قه‌ڵه‌مدا و شه‌ڕكردنییان به غه‌زا ناوبردن، جه‌نابی ئایه‌توڵڵا سه‌ید موحسین حه‌كیم دژی به‌عس و حه‌ره‌س قه‌ومی و داگیركردنی كوردستان، فه‌توای دا كه كورد مسوڵمانن و كوشتن‌یان كوفره و شه‌ڕكردنییان حه‌رامه، جەنابی مام جه‌لال وەک وەفایەک بەناوی موحسی حه‌کیمه‌وە ناوی نا، تاکە حوسەینیشە لە كوردستان، بۆیه به بەراورد بە ڕێژەی شیعە تەنها حوسەینییه‌یەک، نیشانەی پشتگوێخستنی قوربانی شیعەکانی كوردستانە.
سێیه‌م، له باره‌ی ڕه‌وتی حیكمه‌یشه‌وه من ویستم ئه‌و ڕه‌وته بکەم بە ئامرازێك بۆ ئه‌وه‌ی به گوێره‌ی توانا، خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستان بكه‌م، بەڵام دوای هەڵبژاردنی (2018) له دزینی ده‌نگه‌كان زۆر نیگه‌ران بووم، هه‌روه‌ها ڕه‌وتی حیكمه له ئامانجه‌كانمان لایدا، بۆیه به فه‌رمی ده‌ستم له كاركێشایه‌وه، به‌ڵام ڕه‌وتی حیكمه له ئێرانه‌وه زۆر دووره، به تایبه‌ت كاتێك سه‌ید عه‌مار حه‌كیم ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیی به‌جێهێشت، بۆ هێزه شیعه عه‌قائیدییه‌كان، جێگه‌ی نیگه‌رانی بوو، ڕەوتی حیکمە هیچ پەیوەندیەکی دورو نزیک بە شیعەوە نیە، بۆیە وڵاتانی دژە ئێران پێشوازیان لێکرد.
نوچه‌نێت: دەگوترێت ڕاوێژکاری ئاینیی پێشووی مام جەلال، کە ئێستا ڕاوێژکاری ئاینی هاوسەرۆکانی یەکێتییە، بەڕێز سەید ئەحمەد بەرزنجی کە لە ساداتی بەرزنجەیە و لە ئێوەیە، لە نزیککردنەوەی ئێران لە بەرزنجە و لە شیعەکانی عێراقیش ڕۆڵی هه‌یه، هەروەها دەگوترێت تا حوسەینییە لە سلێمانی نەکرایەوە، لە هەموو کوردستان یادی عاشورا نەکراوەتەوە، ئەمانە تاچەند گرێدراوی یەکن و کاریگەرییان بەسەر پەیوەندی نێوان بەرزنجە و حوسەینییەی سلێمانی و ڕەوتی شیعەگەریی هەیە، کە ئێران پاڵپشتی دەکات؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: به‌ڕێز دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی شه‌هیدی زیندووه، هه‌موو گیانی پارچه‌تۆپی حكومه‌تی به‌عسه، برای شه‌هیدی سه‌ركرده حسێنه سووره، خۆی و هه‌موو براكانی پێشمه‌رگه‌ی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانن، خۆیشی هەر لە منداڵیەوە پێشمەگەیه، دەتوانم بڵێم پاکترین کاربەدەستی كوردستانە، لەوانه‌یه ئیجازەم نەبێت ئەم قسانە بکەم و لێشم عاجز ببێت دەیکەم، به‌ڵام دەزانی لەساڵی(1997) بریکاری وەزیری ئەوقافە و ئێستا کرێچیە، لەسەر ئەرکی خۆی نەشتەرگەری دەرهاوردنی پارچە تۆپەکانی سه‌ددامی ئەنجام داوە، دەزانی کاتێک (250) دینارى سویسری به نزینى هەبوو لە وەزارەت بەکاری نه‌ده‌هاورد، بەپارەی معاشەکەی بەنزینی دەکڕی، ئه‌گەر بمەوێت باس ئەو پێشمەرگە قارەمانەت بۆ بکەم، پێویستە چەندین کتێب پڕ بکەیتەوە لە پاکی و دڵسۆزی و قوربانی ئەو پیاوە نەجیبزادەیە، باوکیشی ئەو مامۆستا سەید موحه‌مه‌دە شۆڕشگێڕه‌یە، کە لە ساڵی (1963) حه‌رسی قەومی (30) فیشەکی کڵاشینکۆفی پێوە دەنێن، لە لای گۆڕستانی شێخ ئه‌حمه‌دی هیندی و خوا نایکوژێت و دەبێتە جێگای باس و خوازی کوردیی ناوچەکە، بەهەرحاڵ دکتۆر سەید ئه‌حمه‌د جێگای متمانەی جەنابی مام جه‌لال بووە، وەک یاریدەده‌ری ئازاد بووە، چونکە مام جه‌لال دڵنیابوو لە دڵسۆزی و کوردپەروەری سەید ئه‌حمه‌د، نەک لەگەڵ شیعە و ئێران، بۆ خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد، پێی باشە هەموو جیهان دۆستی کورد بێت، بەڵام پێویستە ئەم پرسیارە لە جەنابیان بکرێت، بەڵام پێش سەید ئه‌حمه‌د یەکێتیی و پارتی و حیزبە كوردستانییه‌کان، پەیوەندی ئاشکرا و ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئێران هەیە.
پێش دكتۆر سەید ئه‌حمه‌د، یەکێتیی و پارتی و حیزبە كوردستانییه‌کان، پەیوەندی ئاشکرا و ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئێران هەیە
کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی هەیە، بمانەوێت و نەمانەوێت ئێران دراوسێمانە، ئێمە کوردین و کوردیش بەشێکی زۆری کەوتۆتە وڵاتی ئێرانەوە، هەردولاشمان موسڵمانیین، دوایش ئێران نەبوایە کێ تاوانی هەڵه‌بجەی دەگایاندە جیهان، بۆتە پەڵەی ڕەش بەسەر بەعسەوە، ئێران لە کاتی شای ئێران کۆمەکی شۆڕشی کوردی کردووە، دوای ڕوخاندنی شای ئێران هاتنی ئیمام خومه‌ینی و درووستبوونی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، خودی ئیمام خومەینی کۆمەک و یارمەتی زۆری دۆزی ڕەوای كوردستانیدا، یارمەتیییەکی زۆری قەزافیش ڕێگەی پێدرا بگەینرێتە كوردستان، ئێران دەرگای بۆ ئاوارەی كوردستان کردەوە، ئێران تا شەڕی داعش‌یش یارمەتی و کۆمەکی گەیاندە كوردستان، ئێران بە نهێنی داوای کرد ڕێگەی پێ بدەن فریای کوردانی شەنگال بکەوێت.
ئەوەی بزانم پەیوەندی ئێران و هێزە کوردییه‌کان زۆر لە مێژە، خۆزگە دەخوازم پەیوەندی بە بەڕێزیانەوە بکەن، تا وه‌ڵامی ئەم پرسیارەتان بداتەوە، جەنابی مام جه‌لال لە ساڵی (1976) نامه‌ى ناردووه بۆ ئیمام خومه‌ینى، پێشبینی فه‌خامەتی مام جه‌لال لە ڕادەبەدەر بووە، خۆم سەرکردایەتی حیزبێکی دەسەڵاتداری كوردستان‌م بینی، لە پرسەی رەفسنجانی چۆن بە شان و باڵای کۆماری ئیسلامی‌یان هەڵدەدا، بەڵام یەکێتیی و قوتابخانەکەی مام جلال. چونکە نۆکەری بۆ کەس ناکەن، شتەکانییان ئاشکرایە و بە بەرچاوی میدیاکانەوەیه، بۆیە بەرزنجە و سلێمانی لە ساڵی (1850) له‌لایه‌ن عوسمانى داگیرکران و بابانى ڕوخینران، بڕوانە شیعرەکانی حەزرەتی نالی و سالم ئەوجا دەزانی چۆن نازی کورد و سلێمانی شێوێنراوە، بە هەرحاڵ دەتوانی لەخۆدی دکتۆر سەید ئه‌حمه‌د ئەم پرسیارە بکەیت، بەڵام ئەگەر هەموو کاربەدەستانی كوردستان وەک سەید ئه‌حمد داوێن پاک و دەس پاک و خزمه‌تکار و دڵسۆز بوونایە، ئێستا كوردستان وەک دوبەی خەڵکی هەموو جیهان روویان تێدە کرد، گەنجانی لە دەریای ئیجە ماسی نه‌یده‌خواردن، من ناتوانم وەسفی مەردایەتی و کوردایەتی دکتۆر سەید ئه‌حمه‌د بکەم.
بۆ یادی عاشورایش ساڵی (1995) له سلێمانی به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی مام جه‌لال و سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم گەورەترین یادی عاشورا بۆ كوردانی خانه‌قین و كه‌ركووكییه‌كان و ئه‌و هێزه سیاسییه عێراقییانه‌ی له سلێمانی بوون به‌ڕێوه‌چوو و له ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستانیش په‌خشكرا، له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانیش له هه‌ولێر و شه‌قڵاوه‌یش به‌ڕێوه‌چووه، به‌ڵام ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ئه‌وێ په‌خشییان نه‌كردووه.
دوایش بۆ مه‌علوماتی جەنابتان. شاعیرێك نیە شینی بۆ که‌ربه‌لا نەکردبێت، هه‌ر له پێرەمێرده‌وه تا حەزرەتی سالم و حەزرەتی مەولەوی و قانع و دەیان و سەدان کەسیتر، دواییش کورد مانگی موحه‌رم و سه‌فه‌ری بە مانگی پرسه ناوبردووە، ژن و ژنخوازی تیا نەکردووە، بڕۆ سەرژمێرییە بکە، زۆرترین ناوی کورد موحه‌مه‌د و عه‌لی و حه‌سه‌ن و حوسێنە، بۆیە پێش حوسەینییه و پێش سەدان ساڵ، کورد پرسه‌ی بۆ ئیمام حوسێن گرتووه، بڕوانە مەولانا خالیدی نه‌قشەبەندی، بڕوانە شێخ ئیسماعیلی ولیانی، بڕوانە شێخ مارفی نۆدێی، لە حەقی وەفاتی خاڵۆی شێخ ڕەزای دێلێژە. دەفەرموێت "من اصفیاء ال ا‌لحسین"، له ساڵی (1184) کۆچی سالم دەڵێت: گەرچی شیوەن چانیە ئەمما بۆ قەتلی حوسێن، لێبدەن یاران لەسینە چونکە بۆتان مەرهەمە.
نازانم چۆن بتوانم وه‌ڵامت بدەمەوە. بەراستی هەموو پرسیارێکت، کتابێک وه‌ڵامی دەوێت، تا کوردی دڵسۆز ئاشنای مێژووی نەمری خۆی بێت، شێخ مه‌حمود دەفەرموێت من لە نوتفەی حەیدەرم کوردم ئەبەدباکم نیە، هەوڵدەدەن بۆ میللەتی کورد بمخەنە زیندانەوە.
وەک باسم کرد یەک حوسەینیە هەیە، لە هەموو هەرێم ئەویش سلێمانییە، دوبارە دڵنیات دەکەمەوە، ئێران دژی بەشیعە کردنی كوردستانە، لە ئەوروپا و ئەمریکا شیعە ئازاد ترن و خەڵکی زۆر لەوێ دەبنە شیعە، لە چین خەڵک دەبنە شیعە، بەڵام لە كوردستان خەڵک بونەتە وەهابی.
نوچه‌نێت: خه‌ڵکی سوننه مه‌زهه‌بی کوردستان، چۆن پێشوازی له مه‌زهه‌بی شیعه ده‌که‌ن، ئایا که‌س هه‌یه په‌یوه‌ندی به ئێوه‌وه کردبێت و مه‌زهه‌بی خۆی گۆڕی بێت؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: سوننە و شیعە موسڵمانن، یەک خوا یەک پێغه‌مبه‌ر و یەک قیبلە که‌عبەتوڵڵای شه‌ریف، یەک مانگی ڕەمەزان ڕۆژوی فەرز(5)، نوێژی ڕۆژانە هەمو عه‌قیدەی شیعە و سوننە، ئیختیلافی تیانیە ئەمما لە فروع ئیختیلاف هەیە، ئەوەیش واردە لە نێوان مەزهەبەکاندا، ئیختیلاف هەیە تەنها وەهابی نەبێت، کە هەموو مەزاهیب و زۆر بەی ئومەتی ئیسلام بە لادەر و گومڕایان لەقەڵەم داون، ئەوانیش جگە لە خۆیان هەموو ئومەتی ئیسلام بە کافر و موشریک دەزانن، پێچەوانەکەشی ڕاستە، زانا و عالمی گەورە هەیە لە كوردستان سونەیە و شافعییە و قادری ڕێز‌و خۆشەویستی بۆ برا شیعەکان هەیە، به هەمان شێوە عولەمای شیعە سونە و کوردیش بە برا و نەفسی خۆیان دەزانن، هەردوو مسوڵمانن گرنگ ئەوەیە لە ئوسوڵا یەکن.
ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم، گەر فریای خۆیان نەکەون، ئەوەی بەعس و ئەنفال و ته‌عریب و کیماباران پێینەکرا وا وەهابی پێی دەکرێت و ڕەگ و ڕیشەی کورد دەردەهێنێت و ئاسەواری كوردستان دەکاتە بەشێک لە ژیانی بیابان كولتوور و نەریتی ئەم گەلە دەگۆڕێت
ئەگەر لە فروع ئیختلافیش هەبێت، كاریگه‌ری نیە و زۆر ئاساییە. وەک هەمو زانایان ڕاوبۆچونی خۆیان هەیە، بەڵام موسڵمانێک نیە بڵێ چوار فەرز هەیە، هەموومان دەڵێین پێنج فەرزە. هاوڕاین لە پیرۆزی قورئان ئالوبەیت، که‌عبە. مه‌دینە. سه‌وابتی ئیسلام، هەرکەسێ گەر مەزهەبی شافعی بێ. دوای قەناعەت بکا ببێتە شوێنکەوتوی ئالوبەیت، پێویست ناکات پەیوەندی نە بە ئێمە و بە کەسیترەوە بکات، خۆ ئێمە حزب نین تا كاری ڕێكخستن بکەین، وەک چۆن لەسەر مەزهەبی ئیمامی شافعی بووە، ئازادە بچێتەسەر هەر مەزهەبێکی تر، چونکە دین موڵکی خوایە دوایش خەڵک دینداری بۆ خوا دەکات، تا لێی ڕازی ببێت، چ پێویست دەکات پەیوەندی بە کەسی ترەوە بکات، ئەو پەیوەندی بە ئه‌ڵڵاوە هەیە، پێویستی بە کەسیتر نیە، دین نێوان خوا و بەندەکانە.
من چەنێك شیعەیەکم خۆشدەوێت ئەوه‌ندەیش شافعییەکم خۆشدەوێت، قادرییەک، نه‌قشبەندییەک، رفاعییەک، هەتا دوای... ئەوەی من دەیبینم زۆر خەڵکی بەشمەینەتی كوردستان، کە عاشقی ئاینن، وەهابیەت فێڵی لێکردوون و بە ناوی ئیسلام و سونەتەوە کردوونی بە وەهابی، ئەوان حیزب و گروپ و کەناڵ و لایەنگرییان هەن، بەردەوام خه‌ریكی لە خشتەبردنی تاکی کوردن، بۆیە ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم، گەر فریای خۆیان نەکەون، ئەوەی بەعس و ئەنفال و ته‌عریب و کیماباران پێینەکرا وا وەهابی پێی دەکرێت و ڕەگ و ڕیشەی کورد دەردەهێنێت و ئاسەواری كوردستان دەکاتە بەشێک لە ژیانی بیابان كولتوور و نەریتی ئەم گەلە دەگۆڕێت، بەشەکەی تریشی عه‌لمانی و مادییه‌کان تەواوی دەکەن.
بۆیه ژمارەی ناوێت گرنگ ئەوەیە هەموومان کوردین. هەر مەزهەبێکمان هەبێت. یەکیین جیاوازیمان نیە فقط تەنها نەبینە داعش و تیرۆرست و وەهابی، وەک کورد و کوردستانی بژین وەک برا، ژمارەی هەموو کورد له هه‌رێمی كوردستان شه‌ش ملیۆن كه‌سه، هه‌موویان بۆ ئێمه بران، مه‌گەر تیرۆرست بن تاک و تراک. توشی گومرایی هاتبن، ئه‌وه‌یش دوعای خێرییان بۆ دەکەین، ئێمە لە كوردستان ژمارەمان ژمارەی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە، شەهیدەکانی كوردستان جێگای شانازیمانن، ئه‌گەر مسوڵمان بن یاخود ئاینێکی تریان هەبێت، له لای ئه‌ڵڵا دوعای گەیشتن بە پلەی شەهادەتییان بۆ دەکەین، خۆشمان بە شانازییەوە بە كوردستانی دەزانین، گرنگ برایەتییە هەموو کەس ئازادە لە ئاین و مەزهەبی، پێویستە فرە ئاینی و مەزهەبی ببێتە مایەی بەختەورەی خەڵکی كوردستان. (ا‌لدین للە والوطن للجمیع).
نوچه‌نێت: بە خوێندنەوە و تێگەیشتنی جەنابت، لە داهاتوودا مەزهەبی شیعە، چ پێگە و مەکانەتێکی لە ناو کوردستان دەبێت؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: ئاوات لەگەڵ پێشبینی زۆریان جیاوازه، ئاواتم ئەوەیە خەڵکی كوردستان وەک خۆشەویستییان بۆ خانەوادەی ڕه‌سوله‌ڵڵا هه‌یه، ئاوهاش شوێنییان بکەون، سەرفرازی دونیا و دین بە دەست دێنن، چونکە فەرمانی ڕه‌سوله‌ڵڵایه، کە شوێن قورئان و ئالوبەیت بکەوین، تا توشی گومڕای نەبین، (انی ترکت فیکم الیقلین ماان تمسکتم بهما لن تڤلوا من بعدی ابداً کتاب الله وعترتی اهل بیتی) پێشبیینم نیە چونکە من غەیب نازانم، (لایعلم الغیب الا الله) ئاواتەخوازم کورد بە وردی دراسەی مەزهەبی ئالی موحه‌مه‌د بکان. ئەو کاتە بۆی ڕون دەبێته‌وه کە سونەتی ڕه‌سوله‌ڵڵا لای کێیە، ئێمە گەلی خۆمانمان خۆشدەوێت، بۆیە هیوادارین دراسەی مەزهەبی ئالی موحه‌مه‌د بکەن، تا قوناغی پایەی زانستی ببڕن. تا دەگەنە هەڵگرتنی ڕێبازی ئالوبەیت، کە ڕێگای سەرفرازییە بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەرڕوی زەمین (إنک لاتهدی من أحببت ولکن الله یهدی من یشا‌ء).
نوچه‌نێت: بۆ تاکێکی ئیمانداری ئیسلام، جیاوازی چییە لە نێوان مەزهەبی سوننە و مەزهەبی شیعە، کە بتوانرێت بە زەقی ببینرێت و بخرێتەڕوو؟
سه‌ید عیسا به‌رزنجی: بۆ تاکی مسوڵمان باشتر وایە جیاوازی مەزهەبی وه‌لا بنێت و بڕوانێتە موشته‌ره‌کات و هەوڵی برایەتی بدات، چونکە زەقکردنەوەی جیاوازییه‌کان دەبێتە هۆی دوور کەوتنەوەی مسوڵمانان، خودایش فەرمانی کردووە، ئێمە برابین، باشتروایە جیاوازییه‌کان پشتگوێ بخەین، چونکە گەر قەناعەت بە یەکتر نەکەین، ئەوا ڕۆژی قیامەت راستییه‌کان بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە، من پێمباشە موشته‌رەکات بەیان بکەین نەک جیاوازی، مەزهەبی شیعە زۆر فراوانە و میانڕەوی زیاد هەیە، بۆیە ناکرێت نوێژنەکەر بکوژرێ، زۆربەی ئەحکام لە غیابی ئیمامی معلوم کە ئیمامی مه‌هدییە جێبه‌جێ ناکرێت، هەندێك ئەحکامی شه‌رعی پێویستی بە ئیمامی معلومە ئەویش نیە.
پرۆفایل
- مامۆستا سەید عیسا بەرزنجی، لە بنەماڵەی شێخ ئیسماعیلی ولیانی و شێخانی کانیکەوەیه.
- لە ساڵی (1969) لە گوندی بنەی ناوشوان هاتۆتە دونیاوە، لە قوتابخانەی ئۆمەرەگەدەی قەرەحەسەن ساڵی (1975) چۆتە بەرخوێندن، لە ساڵی (1977) چونەتە چه‌مچه‌ماڵ.
- زیندانى سیاسى بووه، نزیکه‌ی سێ ساڵ لە حوکمیەی موخابه‌راتی عامەی به‌غداد و ئەبوغرێب زیندانی سیاسی بووە، بە ماددەی (185) قانونی عوقوباتی عێراقی، لە کۆتایدا به لێبوردنی سه‌ددام ئازاد کراوە.
- لە ساڵی (2004) به‌رپرسی کاروباری قورئانی دەزگای شەهیدی میحراب بووە، خزمەتێکی زۆری قورئان خوێنانی کردووە.
- ساڵی (2017) دامەزرێنەری رەوتی حیکمە بووە لە سلێمانئ، دوای هەڵبژاردنی (2018) ده‌ستی لەو ڕەوته كێشاوه‌ته‌وه و گەڕاوەتەوە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق.
- ئێستا نوێنەرەی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییه لە سلێمانی.
- ئەندامی دامەزرێنەری ئەنجومەنی باڵای ئاینەکانی عێراقە، بانگخوازێکی ئاینیە بڕوای بەپێکەوە ژیانی ئاین و ئاینزاکان هه‌یه.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment