ئارى هەرسين: بایکۆت زەنگێکە بۆ ئاگادارکردنەوەی حوکمڕانان دیمانە

سیهام میران-نوچەنێت

ئارى هەرسين، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لە ديمانەيەكى نوچەنێت وەڵامى چەند پرسيارێك دەداتەوە و سەبارەت بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە لایەن هاوڵاتییانەوە دەڵێت: دەبێ بایکۆت ببێتە هۆی ئەوەی حوکمڕانان بە خۆیاندا بچنەوە.

نوچەنێت: رۆژگارێک رۆژنامەنوسێکی چالاک بووی، ئایا بەهۆی سیاسەتەوە دابراوی؟ 

ئاری هەرسین: من هەرگیز ڕۆژنامەنوسێکی چالاک نەبووم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیشی وەرگێڕانم دەکرد لە خولەکانی ڕۆژنامەوانیدا، لەگەڵ وەرگێڕانەکەدا فێری بنەماکانی ڕۆژنامەگەری بووم. دەتوانم بڵێم شتێکی لێ دەزانم.

نوچەنێت: وێڕای جیاوازی بیرورای سیاسی، پەیوەندییەکی زۆرت لەگەڵ بنەماڵەی هەردی هەیە. ئەم پەیوەندییە لەچیەوە سەرچاوەی گرتووە؟ 

ئاری هەرسین: ئەو پەیوەندییە بۆ هاوڕێیەتی مامۆستا هەردی و کاک شێخ محەمەد هەرسین دەگەڕێتەوە، کە دواتر گوازرایەوە بۆ منداڵەکانیان، بەتایبەتی من.

نوچەنێت: دۆخی پارتی لە سلێمانی چۆنە؟

ئاری هەرسین: لە رووی مەعنەوییەوە دۆخی پارتی باشە، ئیرهابی فکری دامرکاوەتەوە، پارتی بوون لە سلێمانی شتێکی ئاساییە. خەڵکی سلێمانی وردن لە بەدوادا چون و بە سەلیقەن لە بڕیاردان. سلێمانی و پارتی باش لێک تێدەگەن. سلێمانی پێویستی بە پارتییە و پارتیش پێویستی بە سلێمانییە.

نوچەنێت: دەنگۆی هەبوونی گۆڕانکاری پارتی لە پۆستە باڵاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی هەیە، راستە؟ گۆرانکاری لای تۆ چییە؟ 

ئاری هەرسین: گۆڕانکاری بریتییە لە ڕیفۆرم لە شێوازی ئیشکردن و هەندێک جار بیرکردنەوەدا. گۆڕانکاری دەبێت مۆدێل و شێوازی نوێی بەڕێوەبردن بێنێتە کایەوە، ئەگینا بەتەنیا گۆڕینی کەسەکان ناتوانێت موعجیزە بخوڵقێنێت. بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پۆستەحزبییەکان زانیاریم نییە و نازانم.

نوچەنێت: یەکێتی گرفتاری گرفتە ناوخۆییەکانی خۆیەتی، پێتوایە لە سود یان زیانی سلێمانی و پارتییە؟

ئاری هەرسین: تێکچوونی دۆخی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پێش هەموو کەس لە بەرژەوەندی پارتی نییە، چونکە ئەگەر ئاڵۆزی لەناو یەکێتی دروست بێت، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لەق دەبێت، ئەمەش لە قازانجی ئێمەی پارتی و خەڵکی کوردستانیش نییە. بێگومان زەرەرێکی زۆر بەر سلێمانی دەکەوێت چونکە سەنتەری ئاگردانەکەیە. هەتا ئێستا ئەو زیانانە بەجۆرێک بەرجەستە نەبون کە مرۆڤ نیگەران بکات. دواجار سەرکردایەتی یەکێتی ڕێبازی ڕیفۆرمێکیان هەڵبژاردوەو  خەریکن پیادەی دەکەن، ئێمەش ئەوەی لەسەرمانە بڵێین سەرکەوتوبن. 

نوچەنێت: دەگوترێ هۆکاری گەشەنەکردنی پارتی لە سلێمانی ئێرانە، ئەوە تا چەند راستە؟

ئاری هەرسین: ئێران وڵاتێکی باڵادەستە لە زۆر شوێن. ئێمەی پارتی و کۆماری ئیسلامی ئێران دوو دۆستی زۆر نزیکین. تۆ بڵێی دۆستەکەت حەز نەکات گەشە بکەیت؟ نەخێر ئەوە ڕاست نییە.

نوچەنێت: لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بزوتنەوەی گۆران دەنگیان نەهێنا، پێتوایە جارێکی تر ئەم حزبە ببوژێتەوە؟

ئاری هەرسین: هیچ حیزبێک لە یەک قەبارەدا نامێنێتەوە. حیزبەکان گۆڕانکاری بەسەر قەبارەو هەژمونیاندا دێت، بۆ بزوتنەوەی گۆڕانیش وایە. هەندێک جار دابەزین، یان کەوتن، شتێکی باشە، چونکە ناچارت دەکات هەڵوەستە لەسەر شێوازی کار و بیرکردنەوەی خۆی بکات. 

نوچەنێت: رات لەسەر میدیای پارتی چییە؟

ئاری هەرسین:  باشە، بەڵام هێشتا لە ئاست تموحی ئێمەدا نییە. دەمانەوێت باشتر سود لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەربگرین، ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی کلتوری ناوزڕاندن و زمانی زبر بۆ ناو دام و دەزگاکانی حزب بکەین. 

نوچەنێت: رات لە سەر بایکۆتی هاووڵاتیان بۆ هەڵبژاردن چییە؟

ئاری هەرسین: زەنگی ئاگادار کردنەوەیە بۆ ئێمەی حوکمڕان و دەبێت بەردەوام بین لە بەخۆدا چوونەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین