د.ئازاد عوسمان: باران بارینى ئەم هەفتەیە ئاستى ئاوى ڕووبارەکان بەرزدەکاتەوە دیمانە

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

سەبارەت بە پێشبینییەکانى ئەگەرى بارینى بەفر و  باران لە هەرێمى کوستان د. ئازاد عوسمان توێژەرو مامۆستای زانکۆ، لە دیمانەیەکى کورتى تایبەت بە نوچەنێتدا دەڵێت، "ئەگەر بارانی زۆر و بەخۆڕ لە چەند کاتژمێرەکی داهاتوو، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوى رووبار و رێچکەکانی، پێشبینیەکە بۆ بەیانی هەینی ئەوەیە بڕی بارانبارینەکە زۆربێت لە هەندێک ناوچەی هەرێمى کوردستان".

د. ئازاد عوسمان دەشڵێت، "دەشێ پیسبوونی ژینگە کاریگەری لەسەر کەمى باران هەبێت بەوپێیەی مادە پیسکەرەکان رۆڵی دەنکۆڵەی خەسبوونەوە ببینن کە مەرجە بۆ باران بارین."

 

دەقى دیمانەى د. ئازاد عوسمان توێژەر و مامۆستاى زانکۆ:

نوچەنێت: ئەو پێشبینیە زانستیانە کەکراون ئەمجارە راست دەردەچێت، چونکە چەند هەفتەی رابردوو پێشبینی باران بارین کرا ، بەڵام نەباری بەو شێوە نەبوو؟

د.ئازاد عوسمان: کە دەڵێین پێشبینی واتە هەمو مۆدێلەکانی پێشبینی، کە ئەگەری هەڵەشیان هەیە. بەگشتی ئەو پایزە هاوکاتی دیاردەی لانینیا و کەمبارانی بوو لە ناوچەکەمان بەراوورد بە تێکڕایی سرووشتی خۆی راستە، ئەوەی هەفتەی رابردوو پێشبینیەکە کەمی دەرچوو، پارساڵێش وابوو، زۆرێک لە پێشبینیەکانی بارانبارین لە کاتی نزیکبوونەوەی پێشبینیەکە ئەگەری کەمدەبۆوە، بەڵام ئەمجارە بڕی بارانی پێشبینیکراو زیاترە، بەنموونە بارانی بەیانی هەینی بڕ و ئەگەری بارانەکەشی بەرزە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر رێژەیەکەشی هەڵە دەرچێت، ئومێدی ئەوجارە زیاترە بە پشتیوانی خوا.

 نوچەنێت:  کەشناسی وای بڵاو کردۆتەوە کە بارانی (ئەمڕۆ، هەینی، شەممە ) رێژەکەی ئەوەندە زۆرە ئەم بارانە هەمان رێژەی ساڵی پاری دەبێت کە مانگی( 12)باری، ئایا شتی وا هەیە؟

د.ئازاد عوسمان: پێشبینی بارانی ئەو سێ رۆژەی (ئەمرۆ، هەینی و شەممە) بەپێی شوێن دەگۆڕیت، لە نزیکەی (20) ملم لە دهۆک دەست پێدەکات تا دەگاتە نزیکەی ( 75) ملم لە قەلادزێ، لە ماوەی (10) رۆژی داهاتووش لە (50) ملم لە کەرکوک تا (135) ملم لە قەلادزێ بەرزدەبێتەوە، کەواتە ئەگەر نیوەی پێشبینیەکەش راست بێت، سوودی دەبێت بۆ کشتوکاڵ و شینبوونی دانەوێڵەی برا جووتیارەکان. ئەگەرچی پەڵەشی بدات، دەبێتە پەڵەدانێکی درەنگ وەخت.

نوچەنێت:  بەڕێزت باسی ئەوەت کردووە کە رێژەی ئاو بەرز دەبێتەوە، پێشبینی دەکەن چەند بێت ئەو رێژەیە؟

د.ئازاد عوسمان: ئەگەر بارانی زۆر و بەخۆڕ لە چەند کاتژمێرێک باری، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی رووبار و رێچکەکانی، پێشبینیەکە بۆ بەیانی هەینی ئەوەیە بڕی باران بارینەکە زۆربێت لە هەندێک ناوچەی هەرێم وەک سۆران بەنموونە، بەڵام بۆ ئاستی ئاوی ژێر زەوی، بارانى بەنمە و بەفر زیاتر سوودی هەیە و دەچێتە ژێر خاک و زیاتر دەمێنێتەوە.

 نوچەنێت:  تا چەند پیس بوونی ژینگە کاریگەری لەسەر کەمى بارانبارین هەیە؟

د.ئازاد عوسمان: دەشێ پیسبوونی ژینگە کاریگەری لەسەر باران هەبێت بەوپێیەی مادە پیسکەرەکان رۆڵی دەنکۆڵەی خەسبوونەوە ببینن کە مەرجە بۆ دابارین لە هەر ناوچەیەک ئەوە لە  روویەک، لە روویەکی تریشەوە،  پیسبوونی هەوا وادەکات باران کە ئاوی پاکە، لە رێگەی هاتنە خوارەوەی لە چینەکانی هەوا، بەو مادە پیسکەرانی هەوا کاریگەر بێت و ڕێژەک لە سازگاریەکەی لەدەست بدات، وەک ئەوەی پێی دەگوترێت ترشەڵۆکە باران.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە