گولیزار ڕەشید: بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى بەنزین پێوستە بازاڕ ئازاد بکرێ دیمانە

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

لەسەر گرانى نرخى بەنزین و پێنەدانى ئەو بەنزینەى بە (690) دینار دەفرۆشرێ بە هەموو بەنزیخانەیەک،  جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانى کوردستان، لە دیمانەیەکدا بۆ نوچەنێت ئاشکراى دەکات، بە نووسراو داوایان لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان کردووە ڕوونکردنەوەیان پێبدات.

گولیزار ڕەشید جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانى کوردستان لە درێژەى قسەکانیدا دەشڵێت، ناعەدالەتى هەیە لە دابەشکردنى بەنزین بەسەر پارێزگاکاندا، دهۆک پێویستی بە ملیۆنێک و شەسەد هەزار لیتر بەنزین هەیە، بەڵام ڕۆژانە تەنها (216) هەزار لیتر بەنزینى بۆ دەنێردرێت.

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ گولیزار ڕەشید جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانى کوردستان:

نوچەنێت: تا ئێستا باس لە تەنگژەی قەیرانی بەنزین ناکرێت جگە لەو چارەسەرانەی کە کراوە ئایا هیچى تر کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەى بەنزین؟

گولیزار ڕەشید: بەنزین هەر وەکو خۆیەتی، خەڵکی بۆ بەنزین نۆرەى  گرتووە، بەتایبەت خەڵکی دهۆک.

نوچەنێت: پێشتر پڕۆژەیەکتان هەبوو کە بەرهەمهێنانی بەنزین بە نیشتیمانی بکرێت لە پاڵاوگەکانی خۆمان ئەو پڕۆژەیە چێ لێهاتەوە؟

گولیزار ڕەشید: ئێمە وەکو لیژنەی سامانە سروشتییەکان گوتمان کە پرۆژەکە بە نیشتیمانی بکرێت، بەڵام دەبوایە ئەو بڕە بەنزینەی دەدرێت بەو پاڵاوگانە بڕەکەی زیاد بکەن، چونکە ئەوەندە بەس نییە بۆ ناوخۆی هەرێم، لە ناو شار و ناحیە و قەزاکانی هەرێم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت ناتوانین زیادی بکەین،  کەواتە دەبێت لە دوای چارەسەرێکی تر بگەڕێین، چارەسەرەکەش ئەوەیە کە بازاڕ ئازاد بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بتوانن بەنزین هاوردە بکەن، دەرفەتیان بدرێتێ هەندێک ئاسانکارییان بۆ بکرێت، چونکە بە پێی خواست و دەرخستنە، وەک دەزانرێت خواست و دەرخستن کەم دەکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێستا بەنزین کەمە و خواستی لەسەر زۆرە، وەکو لیژنە لەگەڵ ئەوەین کە بەرهەمی ناوخۆی زیاد بکرێ، یەکێک لەو بابەتانە بەرهەم هێنانی بەنزین شتێکی باشە، چونکە ئێمە بەپێی ئەوە دەتوانین مامەڵە بە کوالێتییەکەش بکەین، زۆرجار گلەیی ئەوەمان هەبوو ئەوانەی دەیان هێنا لە دەرەوە کوالێتییەکەی خراپ بوو، گوتمان ئەگەر لەناوخۆ بەرهەم بهێندرێت بێگومان بە کوالێتییەکی باشتر بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بڕەی کە دەدرێتە پاڵاوگەکان کەمە، دەبێت بڕەکە زیاد بکرێت هەتا بتوانین ئەو کێشە چارەسەر بکەین، وەک دەبینن کۆمپانیاى کار و قەیوان رۆژانە بەنزین بەرهەمدێنن، بەڵام بەس نییە، چونکە سەڕەی بەنزین هەیە و  هاووڵاتیان دەوەستن تەنیا توانیویانە بیدەن بە هەندێک بەنزینخانە کە رۆژانە پێیان بدرێت، بەو نرخەی کە هاوڵاتیان دەتوانن بیکرن، بەنزینی (موحەسەن و سوپەرو نۆرماڵ)مان هەیە، لیتری بەنزین گەشتۆتە هەزار دینار، ئەوە زۆرە بۆ هاووڵاتیان، ئێمە دەمانەوێت کوالێتییەکەی و نرخەکەشی باش بێت بۆ خەڵکی.

جیاوازى له‌ نێوان كوالیتى به‌نزیى كار هه‌یه‌ گومان ده‌كرێت به‌نزینى كار تێكه‌ڵ به‌ به‌نزینى خراپ بكرێت

نوچەنێت: رەخنەیەکی زۆر هەبوو لەسەر کوالێتی ئەو بەنزینەی کە دەدرێت بەناوی کار ئایا ئێوە هیچ بەدواداچوونێکتان کردووە بۆ کوالێتییەکەی؟

گولیزار ڕەشید: ئەوبەشەی کە دابەش دەکرێت، ئێمەش گلەییمان لەسەر هەبوو وەکو لیژنە بەدواداچوونمان بۆ کردووە، کە هەندێک لە پاڵاوگاکان دەیدەن بە هەندێک لەو کۆمپانیان و بەنزینخانانە کە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، گرفت بۆ هەندێک بەنزیخانەی تر دروست بووە، کە بەو نرخەی دەدرێت بەو بەنزینخانانە بە هەمان نرخیش بدرێت بە بەنزینخانەکانی تریش، هەتا هاووڵاتیان سوودی لێوەربگرن وای لێنەیەت لەسەڕە بوەستن بۆ ئەو بەنزینەى لیترى بە (690) دینارە، وامانکرد  کە یەک نرخ بێت، بەڵام یەک نرخیش نییە ئێمە دەزانین کە نرخی سوپەر زۆرە بەڵام نۆرماڵ ئاساییە، جەختمان کردەوە لە وەزارەت کە بتوانێت ئەو نرخەی لە نۆڕماڵە و لە کارە بەیەک نرخ بدرێت، هاو ئاهەنگیمان کرد لەگەڵ وەزارەت، ئەگەر بتوانن لە هەموو بەنزینخانەکان بەنرخێک کە بتوانرێت هاوڵاتی بیکرێت و دابەش بکرێت، بە دادپەروەری بەسەر هەموو بەنزینخانەکان هەرچەندە ناشکرێت هەموو رۆژێک بەسەر هەموو بەنزینخانەکان دابەش بکرێت، 

بەڵام رۆژانە هەر بەنزینخانەیەک پشکی خۆی وەربگرێت هەتا بتوانێت ئەو باجەی لەسەریەتی بیدات، لەگەڵ ئەوەی دەبێت هەموو بەنزینخانەیەک باج بدات، دەبێت بە بارگرانی بەسەر بەنزینخانەکانی تر کە بەنزینی کاریان نییە نا دادپەروەری دروست دەبێت لەناو بەنزینخانەکان، ئەمەش کێشەیەک بوو دەمانویست وەزارەت چارەسەری بکات، لەگەڵ ئەوەی لەمێژە دەڵێن ئەو بابەتە ئێمە چارەسەری دەکەین، بەڵام ئێستا تۆزێک باشترە، بۆ نموونە لە هەولێر نۆرەگرتنى بەنزین کەمترە، بەڵام لە دهۆک من گلەیی زۆرم هەیە، بێگومان کە من دەڵێم دهۆک لێرەدا مەبەستم (زاخۆ و ئاکرێ و شێخان)ـە ئەمانە هەمووی قەزان سەر بە دهۆکن، ئەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی کاریان بۆ دێت، خەڵکێکی زۆر لە نۆرەى بەنزین دەوەستێت بۆ بەنزینی کار، کە نرخەکەی (690) دینارە، ئەو بەشەی بۆ دهۆک دێت زۆر کەمە، بەپێی ئەو بەدواداچوونەی من کردوومە بە هی حکومەتی عێراقیش هەمووی دەگاتە شەش تانکەر، ئەو بڕە بەس نییە بۆ دهۆک، دهۆک رۆژانە پێویستی بە ملیۆنێک و شەسەد هەزار لیتر بەنزینە ئەوەی ئێستا بۆ شاری دهۆک دێت (216) هەزار لیتر بەنزینە، واتا شەش تانکەر، لە کاتێکدا دهۆک پێویستی بە ملیۆنێک و شەسەد هەزار لیترە زۆر کەموکووری هەیە، ئەو رێژە کەمە وای لێکردووە کە نۆرەى بەنزین زۆرە خەڵکی خواستێکی زۆری لەسەر بەنزین هەیە سڕرەیەکی زۆر دووروودرێژی هەیە دهۆک ئەو گرفتەی هەیە.

بەڵام هەولێر باشترە واتا لێرەدا نا دادپەروەرییەک هەیە کە دەبێت ئەو بڕەی بە هەولێر دەدەن بڕێکی زیاتریش بدرێت بە دهۆک، خەڵکی دهۆک باری ئابووری لە هەموو پارێزگاکانی تر لاوازترە، هاووڵاتیان ناتوانن هەموویان بەنزینی موحەسەن بکڕن، ناچارن بەنزین بە نرخێکی کەمتر بکڕن، ئەویش بەنزینى کارە، دەبێت نۆرەیەکى زۆر دووروو درێژ بگرن ئەوەش گرفتی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە.

 نازانین به‌ چ میكانیزمێك به‌نزینى كار دابه‌ش ده‌كرێت

نوچەنێت: دەتوانین بڵێن بەنزین بە میزاج دابەش دەکات؟

گولیزار ڕەشید: کار بە میزاج دابەشی ناکات من دوو رۆژ بەر لە ئەمڕۆ کتابێکم ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد رێنمایی کەن بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، نامەوێت ناوچەگەری بکەم، بەڵام دەمەوێت بزانم ئایا بە چ میکانزمێک دابەشکردنی رێژەی بەنزین دەدرێت بە دهۆک، ئایا بە پێی دانیشتوانە یاخود بە پێی خواستە بە چ میکانزمێکە؟ ئەو بڕە بەنزینەی بۆ دهۆک دەینێرن خەڵک لێى ناڕازییە و گلەیی هەیە بۆ نۆرەگرتنى بەنزین زۆر ڕادەوەستن، دەڵێن لە هەولێر ئەو نۆرەگرتنە نییە بۆچی لە دهۆک هەیە ئەوە مانای نادادپەروەری هەیە دەبێت وەزارەت چارەسەری بکات.

نوچەنێت: بەلای تۆوە میکانیزمێک دیار نییە؟

گولیزار ڕەشید: میکانیزمەکە بۆ ئێمە دیار نییە، دەبێت وەزارەت وەڵامی ئەو کتابەم بداتەوە بەچ میکانیزمێک ئەو بڕە بەنزینەی بۆ دهۆک دانراوەو دەینێرن لەسەر چ بنەمایەکە، ئایا بە پێی ژمارەی دانیشتووانە یاخود بە پێی خواستە، من دەڵێم رۆژانە (216) هەزار لیتر  بەنزین کەمە، چونکە ئێمە ڕۆژانە پێویستمان بە ملیۆنێک و شەسەد هەزار لیترە، ئەگەر وابێت ئەوە کێشەیە، دەبێت وەزارەت روونکردنەوە بدات بەکامە میکانیزم ئەو بەنزینە دابەش دەکرێت.

نوچەنێت: ئەی کوالێتی بەنزینی کار چۆنە چونکە زۆرێک لە هاوڵاتیان دەڵێن بەنزینەکە زوو تەواو دەبێت و دەسووتێت؟

گولیزار ڕەشید: بەنزینی خراپ زۆرە بەڵام بە پێی ئەوەی من بەدواداچوونم کردووە لە دهۆک بەڕێوەبەرایەتی دهۆک ئەوان رۆژانە دەڕۆن و بەدواداچوون دەکەن و دەڵێن هیچ گرفتێکی کوالێتی بەنزین لای ئێمە نییە بەنزینی دهۆک کوالێتی باشە، بەڵام لە هەولێر گرفتی کوالێتی زیاترە، ئایا ئەو بەنزینەی وەریدەگرن لەگەڵ ئاو تێکەڵی دەکەن یاخود لەگەڵ بەنزینی خراپ من ئەوەیان نازانم.

 له‌ پێدانى به‌نزین سته‌م له‌ دهۆك ده‌كرێت

نوچەنێت: یەک شوێن بەنزین بەرهەم دەهێنێت بۆ چی جیاوازە کوالێتییەکە؟

گولیزار ڕەشید: دەبێت قایمقامیەت و وەزارەتی گشتی نەوت و کانزاکان لە هەولێر خۆیان بەدواداچوون بکەن و ئەو گرفتە چارەسەر بکەن دیارە ئەو بەنزینەی لە کار وەردەگیرێت تێکەڵاو دەکرێت لەگەڵ بەنزینی خراپ، بێگومان هەر ئەوەیە چونکە کوالێتیەکەی لە هەندێک شوێن باشە و لە هەندێک شوێن خراپە کەواتە گرفت لە شوێنێکە، ناکرێت ئەو بەنزینەی لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت لە کۆگاکان تێکەڵاو بکرێت و بە بەنزینێکی خراپ بدرێتە بەنزینخانەکان ئەوانە ئیشی قائمقامیەت و وەزارەتی گشتی نەوت و کانزاکانە تا هیچ گرفت دروست نەبێت بۆ هاوڵاتیان.

نوچەنێت: بۆ ئەمە بەڵگە هەیە یاخود تەنیا گومانە؟

گولیزار ڕەشید: بەڵگە ئەوەیە خەڵکی گلەیی دەکات بەڵام تا ئێستاش کەس نەهاتووە قسە لەگەڵ لیژنەکەمان بکات یاخود بەڵگە بدات بە لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین