ئامانج شاکەلى: ئەوەی ئێستە لە مێدیای کوردیدا دەگوزەرێ، بێسەروبەری و ناڕێکییەکی ترسناکە دیمانە

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

شارەزایانى زمان و نووسەران بەردەوام ڕەخنە دەگرن لە شێوازى ئەو زمانەى کە ئێستا لە نێو مێدیاى کوردیى بەکاردەهێندرێت، نووسەر ئامانج شاکەلى لە دیمانەیەکى تایبەت دا لەگەڵ نوچەنێت، تیشک دەخاتەسەر گرنگى زمان و پێیوایە کورد سیاسەتێکى فەرهەنگى نییە، هەروەک خۆى دەڵێت، "پشتگوێخراوی ئێمەی کورد، نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگییە. سیاسەتی فەرهەنگی پێش هەموو شت، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لەبەرچاو دەگرێت."

سەبارەت بە کارهێنانى ووشەى بیانى لە نێو زمانى کوردیى و  کاریگەربوونى بە زمانە بیانەکان ئەو نووسەر لە بەشێکى تر ئەو دیمانەیەدا ڕوونیدەکاتەوە، "هیچ زمانێکی زیندوو لە کاریگەریی زمانانی دیکە بە دەر نییە. بەڵام نابێ ئەو کاریگەرییە بگوڕێت بە زاڵبوون. خۆ ئەوەتا زمانی عەرەبی بە دەیان و سەدان وشەی سریانی و ئارامی و کورد تێدا هەن."

دەقى دیمانەکەى نووسەر ئامانج شاکەلی لەگەڵ نوچەنێت:

نوچەنێت: ئەو زمانەی لە مێدیای کوردیدا بەکار دەهێنرێت،  تا چەند کاریگەری لەسەر شێواندنی زمانی نەوەی داهاتوو دەبێت؟

ئامانج شاکەلی: ئێستە کە مێدیا لە ئەنجامی پێشکەوتن و هاسانیی تەکنۆلۆجیاوە دەگاتە هەموو کەس و هەموو جێگەیەک، هەر بەو هاسانییەش بە چاک یان بە خراپ، کار دەکاتە سەر نەک تەنها زمان، بەڵکو هزر و شێوازی هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانیش. وەک چۆن جلوبەرگ و مۆدێلی قژی مرۆڤەکان بە گوێرەی بانگەشەی بازرگانیی مێدیاکانەوە دەگۆڕین، زمانیش بە هەمان شێوە. 

هەر بۆ نموونە لەم ڕۆژگارەدا چەندی وشە و دەربڕینی سەیر و  سەقەت کەوتوونەتە سەر زمانی خەڵک؛ فڵانە گۆرانیبێژ هەڵدەسێ بە ئەنجامدانی ئاهەنگێک! ئازاد و شیرین هاوسەرگیرییان کرد! بارانبارین دەست پێ دەکات!! پێشتر، نەبیستراوە کورد بڵێت: هەڵدەسم بە ئەنجامدانی نوێژەکەم. دەیگوت نوێژ دەکەم ، باران دەبارێت، ژنم هێنا، شووم کرد.. هتد..

ئەمە جگە لە سەروگوێلاک شکاندنی زمان، کەلینێکی گەورەش لە نێوان نەوەی داهاتوو و میژووی کورددا دروست دەکات. نەوەیەک بەو زمانە وێرانەی ئەمڕۆ، چۆن دەتوانێ ڕشتەی مرواری بخوێنێتەوە؟ لە شیعری نالی و خانیی بگات؟!
وای دەبینم ئەگەر هەر لە ئێستەوە چاری ئەم وێرانکارییەی زمان نەکرێت، کارەساتێکی نەتەوایەتییی گەورە چاوەڕێی نەوەی داهاتووی کورد دەکات.

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە زۆرینەی مێدیاکارانی کوردی جگە لە زمانی گەڕەکەکەی خۆیان، ئەویش زۆر بە سەقەتی، ئیتر زمانێکی دیکە نازانن.

نوچەنێت: بۆچی کورد نەیتوانیوە لە مێدیاکانیدا کوردییەکی یەکگرتوو بەکار بهێنێت ؟ بۆ نموونە، لە بۆ هەواڵی بەپەلە، چەندین زاراوە بەکار دەهێنرێت وەک ، بەپەلە، بلەز ئێستا، هتد..؟

ئامانج شاکەلی: بە چاکی لەم پرسیارە نەگەیشتم، مەبەست لە "کورد" چییە؟ دەستەڵاتی کوردی یان ئەوەی پێی دەگوترێ ڕووناکبیری کورد یان خەڵکەکە؟! 

بە هەر حاڵ، هەوڵدەدەم بە شێوەیەکی گشتیی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە. کێشەی هەرە گەورە، بەڵام پشتگوێخراوی ئێمەی کورد، نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگییە. ئەوەی بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ cultural policy، سیاسەتێک کە ڕێوشوێن و ڕێسا و کارەکانی فەرهەنگ (کەڵتوور) دەسنیشان دەکات. ئەمە لەگەڵ سانسۆردا ئاسمان و ڕێسمانە.  سیاسەتی فەرهەنگی پێش هەموو شت، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لەبەرچاو دەگرێت. 

زمانی یەکگرتوو، چوارچێوەی کاری مێدیایی، ڕێنووسی یەکگرتوو و دەیان و سەدان وردەکاریی دیکە لەو سیاسەتەدا ڕەچاو

دەکرێت. ئەمە دەبێ ئەکادێمای زانست (کۆڕی زانیاری) دایبڕێژێت و وەزارەتەکانی پەروەردە و ڕووناکبیری جێبەجێی بکەن. 

ئیتر ئەو کاتە هەر دەستگەیەکی مێدیای ناتوانێ بە ئارەزووی خۆی دەستکاری زمان بکات، یان باشتر بڵێم زمانەکە وێران بکات.

نوچەنێت: بۆچی نەتوانراوە زمانی کوردی لەژێر کاریگەریی زمانی دەورووبەر دەربهێنرێت، واتا هەوڵبدرێت ئەو زمانە خۆماڵی بکرێت؟

ئامانج شاکەلی:  هیچ زمانێکی زیندوو لە کاریگەریی زمانانی دیکە بە دەر نییە. بەڵام نابێ ئەو کاریگەرییە بگوڕێت بە زاڵبوون. خۆ ئەوەتا زمانی عەرەبی بە دەیان و سەدان وشەی سریانی و ئارامی و کورد تێدا هەن.

بە هەمان شێوە زمانی ئینگلیزی وشەگەلی فەرەنسی و ئەڵمانی و تەنانەت عەرەبیشی تێدایە. بەڵام چونکە چوارچێوەکەی پاریزراوە، ئیدی مەترسی لەناوچوون و تواندنەوەی نییە. بە پێچەوانەوە زمانەکەی پێ دەوڵەمەند بووە.

نوچەنێت:  زمانی دەرەکی  تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر زمانی مێدیای کوردی هەیە؟
ئامانج شاکەلی:  ئایا مەبەستت زانینی زمانێکی دیکەیە، یان بەکارهێنانی هەندێ دەستەواژە و وشەی بیانییە لە لایەن مێدیاکارانەوە؟! ڕاستەکەی زانینی زمانی دیکە بۆ مێدیاکار تابڵێی پێویستە، چونکە چەند زمانی دیکە بزانێ، هێندەی دی ئاسۆی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی فراوانتر دەبێ. دەرگەی زۆرتری بە ڕووی جیهاندا بۆ دەکرێتەوە. خاڵی گرنگ کە دەبێ زۆر ئاگەداری بین ئەوەیە، نابێ و ناکرێ پێش فێربوون و دەمەزەرد کردنی زمانی دایکیی، مرۆڤ هەوڵی فێربوونی زمانی دیکە بدات. ئەمە کێشەیەکە تووشی زۆرینەی نووسەران و مێدیاکارانی کورد بووە. ئیدی نە دەکارن بە زمانی دایکیی خۆیان دوو دێڕی بێ هەڵە و پەڵە بنووسن، نە زمانە بیانییەکەشیان بە ئەندازەی پێویست ڕەوان دەبێت.

ئەوەی ئێستە لە مێدیای کوردیدا دەگوزەرێ، بێسەروبەری و ناڕێکییەکی ترسناکە. بە داخەوە ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە زۆرینەی مێدیاکارانی کوردی جگە لە زمانی گەڕەکەکەی خۆیان، ئەویش زۆر بە سەقەتی، ئیتر زمانێکی دیکە نازانن. جگە لەوەش لە بوارەکەی خۆشیاندا ناشارەزا و دەستوپێ سپین.

زمانی برا و خوشکانی ڕۆژهەڵات زۆر لەوەی ئێمەی باشووری کوردانەتر و ڕەوانتر و لەبەردڵانترە.

نوچەنێت: بەكارهێنانى  وشەی ئینگلیزی بەو شێوە بەربڵاوە لە زمانی دەستگە مێدیاییەکاندا چ مەترسییەکی بۆ سەر زمانی کوردی هەیە؟

ئامانج شاکەلی:  وەک لە وەڵامی پرسیاری پیشوو گوتوومە، کێشە بەکار هێنانی وشە و دەربڕینی بیانی نییە، بەڵکو کەی و چۆن بەکاریان بهێنین. تۆ کە وشەگەلی جوان، شۆخ، شەنگی کوردیت هەبێ، چ پێویست دەکا پەنا بۆ بیوتیفوڵی ئینگلیزی ببەیت؟ لە هەمانکاتدا پێویست ناکا هەوڵی ئەوە بدەیت هەموو وشەیەکی بیانی بکەی بە کوردی، ئەوەتا هەموو دنیا دەڵێن کۆمپیوتەر، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ. خۆ ئاسمان ناڕووخێت ئێمەی کوردیش هەروا بڵێین.

نوچەنێت: بۆچی زۆرجار، کە ڕەخنە دەگری تەنیا هەڵەکە دەخەیتە ڕوو، دەستەواژە ڕاستەکە ناخەیتە ڕوو؟ 

ئامانج شاکەلی:  پرسیارێکی زۆر گونجاوە، چونکە وا دەکا بتوانم ئەوەندی بمکرێ، پێناسەی (ڕەخنەگر) بۆ زۆرینەی مێدیاکاران و تەنانەت نووسەرانی کوردیش ڕاست بکەمەوە.

ڕەخنەگر دۆکتۆر نییە تا نەخۆشیی و دەرمانەکەش دەستنیشان بکات. کەسێک ئەگەر هیچ شارەزاییەکی لە ئاشپەزیدا نەبێ، هەر بە تامکردنی خۆراکێک دەزانێ سوێرە یان بێ خوێ. ترشە یان شیرین. 

تۆ کە لەگەڵ شۆفێرێکیدا سواری ئۆتۆمبیل بیت، دەزانی ئایا شۆفێرکە شارەزا و هۆشیارە یان ناشی و سەرچڵ. ئیتر لەوانەیە  بۆخۆت هەرگیز ئۆتۆمبیلت لێ نەخوڕیبێت. من کە دەبیستم و دەخوێنمەوە کاکی نووسەر یا ڕۆژنامەوان لە جیاتی سوور دەنووسێت سور و لە جیاتی کەشتیی  دوژمن دەنووسێت کەشتی دوژمن. هیچ بە پێویستی نازانم بۆی ڕاست بکەمەوە. ئاخر ئەگەر کابرای تایین، ئەوەندە کوردییەش نەزانێ، بۆ دەنووسێ؟!

دەیان و سەدان جار وشە و ڕستەم بۆ ئەو فەریکە نووسەر و ڕۆژنامەوانانە ڕاست کردۆتەوە، بەڵام کوا گوێیان داوەتێ؟! وەک ئەوەی هەر لە سەرەتاوە سوێندیان خواردبێ، ئەوەی ڕاست  بێ نەینووسن!

نوچەنێت: زمانى كوردى لە مێدیاکانی  ڕۆژهەڵاتى كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنى؟
ئامانج شاکەلی:  پیاو هەق بڵێ، زمانی برا و خوشکانی ڕۆژهەڵات زۆر لەوەی ئێمەی باشووری کوردانەتر و ڕەوانتر و لەبەردڵانترە. ئەوان هێشتا پشتیان نەکردۆتە زمانی گوندیی و شوانکارەکان. هێشتا زمانی پیرەژنان و  پیرەمێردانیان پشتگوێ نەخستووە. هێشتا قسەی بێتام و ڕەنگی فەیسبووک و نازانمچی جێگەی بە پەند و بەند و بالۆرەی کوردیی ڕەسەن لەق نەکردووە.

ئاخر ئەوان لە ماڵەوە، لە ڕێگەی داستان و قسەی ڕۆژانەی خەڵکەکەوە فێری کوردیی بوونە، نەک بەهۆی خوێندنی فێرگە و کتێبە پڕ لە هەڵە و پەڵەکانەوە. 

نوچەنێت: چەندین کتێب دەربارەی زمان و ڕێنووسی کوردی نووسراون، پێشنیاری خوێندنەوەی چ کامەیان دەکەیت بۆ خوێنەری کورد؟

ئامانج شاکەلی: خۆزگە دەمتوانی کتێبی توحفەی موززەفەرییەم لە بەرنامەی خوێندندا دادەنا. ئەو کتێبە گەنجینەیەکی لیپاولیپە لە گەوهەری زمانی کوردی، حەیفە لە هەموو ماڵێکی کورددا نەبێ. وەکی تر کتێبەکانی شکور مستەفا، مەسعوود محەمەد، فەرهاد شاکەلی، حەمەسەعید حەسەن، هەروا ئەو کتێبانەی دەستگەی ئاراس چاپی کردوون،  دیوانی شیعری نالی، گۆران، مەولەوی، خانی و جزیری، هێمن و هەژار و پەشێوم بە کوردییەکی ڕەوان و جوان نووسراون. ئەگەر دەمکرا،  هەموو مێدیاکار و سیاسەتمەدارانی کوردم ناچار دەکرد، هەموو ئەو کتێبانە بخوێننەوە، بۆ ئەوەی هەر نەبێ، بتوانن بە دوو ڕستەی جوانی کوردی ڕای خۆیان دەرببڕن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین