ئینتیفاز قەنبەر: سیاسییەکان وەک بوکەڵە یاری بە دادگای فیدراڵی دەکەن دیمانە

لاڤین عومەر: نوچەنێت

ئینتیفاز قەنبەر، سەرۆکی پارتی ئایندەی دەستوری عیراق، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دەڵێت: سیاسییەکان وەک بوکەڵە یاری بە دادگای فیدراڵی دەکەن،  بڕیاری دوور خستنەوەی هوشیار زێباری بڕیاری ئێرانە. لەم ماوەیەدا ئێران سێ بڕیاری لە عیراق دەرکرد

نوچەنێت: وەک دەردەکەوێت تۆ لە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی ناڕازی و رەخنەت لێ گرتوون، لە تویتێکدا دادگای فیدڕاڵی بە قەرەقۆز وەسف دەکەی؟ سەرەتا دەمانەوێت لە روون کردنەوەی ئەو وشەیە دەست پێبکەین؟

ئینتیفاز قەنبەر: مەبەستم لە قەرەقۆز ئەوەیە کە وەک قەرەقۆز یان وەک بوکەڵە یاری بە دادگا دەکرێت، لەلایەن سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆک و ئێران ئەویش بەپێی خواست و بەرژەوەندییە سیاسییەکانە لەبەر ئەوە زاراوەی قەرەقۆز بۆ شتی کۆنتڕۆڵکراو گاڵتەجاری بەکاردێت، ئەمەش رەنگدانەوەیەکی تاڵە لەسەر زاڵبوونی ئێران و سیاسەت بەسەر ئەو دادگایە وبڕیارەکانی.

نوچەنێت: پێتوایە دادگای فیدراڵی سەربەخۆیە ئەگەر وانییە کێ بەسەریدا زاڵە؟

ئینتیفاز قەنبەر: بێگومان پێموانییە ئەو دادگایە سەربەخۆ بێت چونکە لەسەر بنەمای هەندێک ئەجێندای شاراوە بڕیار دەدات، ئەوە زانراوە کە سەرۆکی دادگا یەکێکە لەو کەسانەی سەر بە رێکخراوی بەدرە بۆیە ئەو سەربەخۆ نییە، ئەمە پڕوپاگەندە نییە بەڵکو بەڵگە لەسەر ئەوە دەبینین بڕیارەکانی دادگا لایەنگرانەی پێوە دیارە دادپەروەری تێدا نییە، لە راگرتنی یەکسانی لە نێو عێراقییەکاندا لەوانە رێگە گرتن لە کاندید بوونی هوشیار زێباری هەروەها لەقەڵەمدانی یاسای نەوت و غاز بە نادەستوری، هەروەها هێشتنەوەی سەرۆکی ئێستا هەموو ئەمانە بەڵگەن دادپەروەری لەو دادگایە نییە.

دادگای فیدراڵی سەربەخۆنییە

نوچەنێت: لەتویتێکدا دەڵێی عێراق رووبەرووی مەترسیدارترین کودەتا دەبێتەوە کە بەسەر دیموکراسییە ساواکەیدا دەکرێت، ئایا مەبەستت ئەوەیە بۆ بارودۆخی2003 دەگەڕێینەوە؟

ئینتیفاز قەنبەر: کە گوتوومە کودەتایەکە بەسەر سیستەمی تازە پێگەشتووی دیموکراسی بەڵێ هەروایە. دیموکراسی لە عێراق پێنەگەشتووە بەر لە (2003)دیموکراسییەت بە هیچ شێوەیەک لە عێراقدا نەبوو، بەڵام لە دوای ساڵی (2003)وە هەڵبژاردن دەکرێت دەستورێکی باشیش هەیە ئەوەی ئێستا روودادەت کودەتایە بەسەر دیموکراسییە ساواکەدا چونکە ئێستا تەمەنی دیموکراسی لە عێراق نزیکەی (20)ساڵە ئەمەش بە تەمەنێکی درێژ دانانرێت لە تەمەنی دیموکراسییەکانی جیهاندا وەک ئەوەی لە ئەمەریکاو ئەوروپادا هەیە، بۆیە دەڵێین دیموکراسی عێراق هێشتا ساوایە.

بینیومانە دیموکراسی لە بەریتانیا و ئەمەریکا بەئاسانی تێپەڕ بووە بەر لە دیموکراسی لەم وڵاتانەی جەنگی ناوخۆیی روویداوە کێشەی زۆر روویانداوە، زۆر ململانێش روویداوە تا دەستوری ئەمەریکا نوسراوەتەوە بۆیە بە بەراورد بەوانە دیموکراسی عێراق هێشتا پێنەگەیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە ئێستا هەوڵی لەناوبردنی و ناشتنی دەدرێت لە میانەی بڕیارە ستەمکارەکانی دادگاوە.

کودەتا بەسەر دیموکراسی عیراقدا دەکرێت

  نوچەنێت:  ئایا ئێران رۆڵی لە دوورخستنەوەی هوشیار زێباری و هێشتنەوەی بەرهەم ساڵح هەبوو؟ بۆچی؟

ئینتیفاز قەنبەر: بێگومان ئێران رۆڵی هەبوو لە دوورخستنەوەی هوشیار زێباری، ئێران دەیەوێت بەرهەم ساڵح سەرۆکی ئێستای عێراق لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، چونکە زێباری دەتوانێت سەرۆکێکی بەهێز و باشبێت هەروەها سەربەخۆ بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە زێباری دژی ئێران نییە و دەڵیت، ئێمە دژایەتی ئێران ناکەین بەڵکو دەمانەوێت دۆستایەتی لەگەڵ دروست بکەین پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ ئێران هەبێت بەڵام بەداخەوە دادگای فیدڕاڵی بەخراپ بەکارهێنانی بۆ دوورخستەنەوەی زێباری رێگرن لێی سەرۆکی داهاتووی عێراق بێت.

نوچەنێت: بینیمان موقتەدا سەدر یەکەم کەس بوو کە گومانی خستە سەر هوشیار زێباری لە کاتێکدا هاوپەیمانە لەگەڵ پارتی؟ دەگوترێت سەلیقەی سیاسی موقتەدا سەدر ناجێگیرە لەو بارودۆخەدا چەند دەکرێت متمانەی پێبکرێت؟

ئینتیفاز قەنبەر: سێ بڕیار لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراق دراوە، یەکەمیان، هێشتنەوەی بەرهەم ساڵح، دووەمین، دوورخستنەوەی زێباری، سێیەمیان،بە نادەستوری دانانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانە هەرسێ بڕیارەکە لە کاتێکدا دراون کە بۆشایی دەستور هەیە، لە قۆناغی گواستنەوەدا تێدەپەڕێن بۆیە  بڕیارەکە لەکاتی خۆیاندا نەدراون بەتایبەتی بڕیارەی یاسای نەوت و غازە کە بۆ ناچارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە تا بەو ئەجێندایانە رازی بێت کە ئەوان دەیانەوێت بیسەپێنن هەڵبەتە ئەجێنداکانیش پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە.

لەم ماوەیەدا ئێران سێ بڕیاری لە عیراق دەرکرد

نوچەنێت: بە چ ئامانجێک لە ماوەیەکی زۆر کورتدا سێ بڕیار لەلایەن دادگای فیدڕاڵی دەرچوو؟ ئایا ئەمە تەنیا لە بەرژەوەندی ئێران بوو؟

ئینتیفاز قەنبەر: موقتەدا سەدر کەوتووەتە ژێر فشارێکی گەورەی ئێرانەوە، ئەمە بەرگری نییە لێی، بەڵام بارودۆخی ئەو ئاسان نییە. ئەو دەیەوێت حکومەتێک پێکبهێنیت سەربەخۆ بێت لە هاوپەیمانییەکانی تری شیعە کە سەر بە ئێرانە، ئەو دژی ئێران نییە، بەڵام پێویستی بە ئێران نییە لە سەرکەوتندا، جارێکی کە دووبارەی دەکەمەوە من بەو قسانە بەرگری لە سەدر ناکەم، بەڵام بارودۆخی ئەو دژوارەو ناتوانێ لەیەک کاتدا لە چەند بەرەیەکی جەنگدا بێت، لەوانە ململانێی کورد- کورد ململانێیەکی سەخت و ئاڵۆزە بۆیە دەبینین موقتەدا سەدر رێگایەکی ئاسانی هەڵبژارد، کە سەلامەتریشە بۆ دوورخستنەوەی کاریگەری ئێران لەسەر خۆی  بۆیە هەوڵیدا خۆی دووربخاتەوە لە پشتگیری کردنی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبەر ئەوەی نەی دەتوانی یاریکەرێکی بەهێزبێت ئاستەنگێک بێت لەبەردەم ئێران بەتایبەتی، کە دەیزانی ئێران لە عێراق بەهێزەو لایەنگرانیشی لەدژی ئەون تەنانەت بەدوای هەوڵێکدا دەگەڕێن تا زەبرێک لە سەدر بدەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین