د.بەکر رەحمان: پێویستە هەموو کەس لە تەمەنی 13ساڵییەوە ژەمی سێیەم وەربگرێت دیمانە

نوچەنێت-تایبەت

دکتۆر بەکر رەحمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە گفتوگۆیەکی نوچە باس لە گرنگی وەرگرتنی ژەمەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکات و دەڵێت: ژەمی سێیەم لە گرنگترین ژەمەکانی ڤاکسینە و پێویستە هەموو کەس لە سەرووی 13 ساڵییەوە وەریبگرێت.

نوچەنێت: جیاوازی نێوان ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا لەگەڵ ژەمی دووەم و سێیەم چییە؟

دکتۆر بەکر : ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ بەرگریکردنی زیاترە بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاکو لەشی مرۆڤ زووتر ڤایرۆسەکە بناسێت و کاردانەوەی بە هێز نەبێت لەسەر نەخۆش، چونکە ژەمی یەکەم و دووەم تەنها بۆ ماوەی شەش مانگ کاریگەری لەناو لەشی مرۆڤدا دەمێنێت، لەبەر ئەوەی ژەمی سێیەم زۆر گرنگە وەربگیرێت.

نوچەنێت: ئەو کەسانە کە پێویستە ژەمی سێیەم وەربگرن کێن، بۆ چ تەمەنێک باشترە ئەو ژەمە وەربگرن؟

د. بەکر رەحمان: لە دوای تەمەنی 13 ساڵییەوە ئاساییە ژەمی سێیەم وەربگرن  بەڵام گرنگە ئەو کەسانەی لەسەرووی تەمەنی 50 ساڵی و 60 ساڵی دان زووتر ژەمی سێیەم وەربگرن، چونکە لەو تەمەنەدا لەشی مرۆڤ بەرگریی کەمترە بەرامبەر بە نەخۆشییەکان، هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەکو نەخۆشی شەکرە،  نەخۆشیەکانی دڵ، نەخۆشی فشاری خوێن و ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانی کیمیایی وەردەگرن بۆ نەخۆشی شێرپەنجە کە بەرگریی لەشی ئەوانە بەرامبەر بە نەخۆشییەکان کەمترە، بۆیە پێویستە ئەوانە زووتر ژەمی سێیەم وەربگرن.

نوچەنێت: کاتی نێوان لێدانی ژەمی دووەم و سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا چەندە؟

د. بەکر رەحمان: لە نێوان ژەمی یەکەم و دووەم دەتوانرێ تەنها دوو هەفتە نێوانیان هەبێ، بەڵام نێوان ژەمی دووەم و ژەمی سێیەم دەبێت سێ مانگ نێوانیان هەبێت. واتا بە تێپەڕ بوونی سێ مانگ لە وەرگرتنی ژەمی دووەم ژەمی سێیەم وەربگیرێت.

نوچەنێت: هەندێک کەس ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە لە دوایشدا تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لێرە کاریگەریی وەرگرتنی ئەو سێ ژەمە ڤاکسینە چی بووە؟

د. بەکر رەحمان: خۆی هەموو ڤاکسینەکانی تریش نەك تەنیا ڤاکسینی کۆرۆنا رەنگە توشی ڤایرۆسەکە هەر ببێ بەڵام بە شێوەیەکی سوکتر تێپەڕ دەبێت چونکە لەناو لەشی ئەو نەخۆشەدا ئەو ڤایرۆسە زوتر دەناسرێتەوە بێگومان ئەوەش بەهۆی وەرگرتنی ئەو ڤاکسینە بووە، بۆ نمونە ئێمە هەموومان دەرزی سەر شانمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی توشی نەخۆشی (سیل) نەبین  ئەگەر هاتوو توشیش ببین بەهۆی وەرگرتنی ئەو ڤاکسینە کە دژی نەخۆشی (سیل) وەریگرتووە لەشی مرۆڤ زوو دەیناسێتەوە کاریگەریی بەهێز دروست ناکات، ژیانی پارێزراوتر دەبێت.

نوچەنێت: رێژەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان ژەمی سێیەمیان وەرگرتووە گەیشتووەتە چەند، پێت وایە رێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ژەمی سێیەمیان وەرگرتبێت؟

د. بەکر رەحمان: لە راستیدا ئەو رێژەیی کە لە هەرێمی کوردستان، ژەمی سێیەمیان وەرگرتووە رێژەیەکەی کەمە رەنگە لەبەر کەمی هەبوونی ڤاکسینی پێویست بێت یانیش لەبەر ترس و دڵەراوکێی خەڵکەکە بێت، چونکە بۆ وەرگرتنی ژەمی یەکەم و دووەمیش خەڵک ترسی لەوەرگرتنی ڤاکسینەکە هەبوو، لەبەر ئەوەیە رێژەی ئەو کەسانەی کە ژەمی سێیەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە لە نێوان 5٪ بۆ 9٪ دەبێت.

نوچەنێت: ئایا ژنانی دووگیان و شیردەر دەتوانن ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، کاریگەریی لاوەکی دروست ناکات لەسەر تەندروستی دایک  و منداڵەکەی؟

د. بەکر رەحمان: وەک ئاماژەم پێکرد لە تەمەنی 13 ساڵ بەسەرەوە دەتوانن ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، بێگومان بۆ ژنانی دووگیان و شیردەر پێویستە ژەمەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، چونکە چەندین توێژینەوە ئەوەیان دەرخستوە کە هیچ کاریگەریێکی خراپ لەسەر دایک و کۆرپەلە دروست ناکات. بەڵکو بە پێچەوانەوە بەرگریی منداڵەکە زیاتر دەکات بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە.

نوچەنێت: پێتان وایە کەی ئەو پەتایە کۆتایی بێت؟ یانیش وەکو پەتایەکی وەرزی لێ دێت؟

د. بەکر رەحمان: ڤایرۆسی کۆرۆنا بەداخەوە وەکو ڤایرۆسێکی کوشندەیە و بەهەموو جیهاندا بڵاو بۆوە، لە ئێستادا خۆشبەختانە بە کاریگەریی ئەو ڤاکسینانە بەرەو ئەوە دەچین کە بڵێن وەکو پەتایەکی وەرزی لێدێت، بۆیە هۆشیاری تاکی کۆمەڵگە لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا زۆر پێویستە، هەروەها خۆپارێزی زۆر گرنگە بۆ هەموو لایەک، چونکە ئەو ڤایرۆسە بۆ چەند جارێک خۆیی گۆڕی و دووبارە نوێ بووەوە، یەکەمین جار کۆرۆنا، دوایی گۆڕا بۆ دەلتا کە ئەویش زۆر بەهێز بوو ، دواتر بۆ ئۆمیکرۆن، ئۆمیکرۆن وەک کۆرۆنا و دەلتا بەهێز نەبوو، هەرچەند خەڵکێکی زیاتر تووشی بوو بەڵام کاریگەریی خراپی وەکو کۆرۆنا و دەلتا نەبوو، ماکەکانی ئۆمیکرۆن ئەوەندە بەهێز نەبوون.

دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە تاکو ئێستا هیچ جۆرە دەرمانێک نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆسە بنبڕ بکات و لە ناوی ببات، ئەوەی هەیە تەنها وەرگرتنی ئەو ڤاکسینەیە تاکو بەرگریی لەش بەرامبەر ڤایرۆسەکە- کەمبێتەوە ماکەکانی کەمتر دەربکەون، لەبەر ئەوە زۆۆر پێویستە هەموو کەسێک ژەمەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین