ئيرەج مورادی: 250 جۆر گیا لە کوردستان به‌ كه‌ڵكى خواردن دێن دیمانە

لاڤین عومەر: نوچەنێت

چەندین رووەکی خۆڕسک لە جیهان هەیە، کە لەبواری جۆراوجۆردا بەکاردەهێنرێت و سودی خۆراک و دەرمانی لێوەردەگیرێت، ئیرەج مورادی کارناسی باڵای زانستی کشتوکاڵ، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت باس لە کێشەو جۆرەکانی ئەو سامانە سروشتەی کوردستان دەکات و دەڵێت: ئێمە سودێکی ئەوتۆمان لە ژینگەی خۆمان وەرنەگرتووە.

نوچەنێت: كاريگەرى و گرنگی رووەکە خۆڕسکەکان بۆ ژينگە و مرۆڤ چييە؟ 

ئیرەج مرادی: وەک دەزانین ئەو رووەکە خۆڕسکانە لە سەرەتاوە تا ئێستا،لە ژینگە و سروشتی ئێمەدا لە ئارادا بوون. بە دڵنیاییەوە رووەکێکی خۆڕسک دەتوانێت تەمەنی لە ئێمە زۆر زیاتر بێت. کەواتە لە کۆنەوە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا بووە و ئیستەش هەیە. گیایەکی خۆڕسک پێش ئێمە ژیاوە و لەسەر ئەو خاکەدا رەگی داكوتاوە. دەی پێکهاتەی بوونی ئێمەی مرۆڤیش بەشی زۆری مادەی خاکییە و پاشەڕۆ و کەڕەگەڵی گیایش هەر دەبێتەوە خاک. یان ئێمە ڕۆژانە تەواو پەیوەستین بە گیا و بەروبوومەکەیەوە. سوودی لێ دەبینی و دەیخۆین و بەکاری دێنین. کەواتە بە هیچ پێناسەیەکی مەنتقی و عەقڵی و فەلسەفی ناتوانین لە نێوان مرۆڤ و ژینگە بڕە و کەوشەنێ دابنێین بەتایبەت ئەو گیا خۆڕسکانە کە تەمەنیان لە ئێمە زیاترە یا هەیانە لەگەڵ ئێمەدا ڕسکاون. ئەگەر ئێمە وەک تێکدەرێک لە ئاستی ژینگەکەمان نەجووڵینەوە و دەوری ڕێخۆشکەریمان بێ، بەدڵنیاییەوە دواتریش جۆری دیکەی ڕوەک دەڕسکێن و دێنە دی. بۆ نموونە کاتێک نێرەومێی دروست دەبێ لەناو گیایەکاندا ئەگەری هەیە کە جۆرێکی تازە دروست ببێت. کەواتە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان مرۆڤ و ژینگەدا هەیە.

نوچەنێت: بەگوێرەى پسپۆڕى و ئەزموونى خۆت هەموو رووەکە خۆڕسکەکان بۆ خواردن دەشێن؟ 

ئیرەج موردای: نەخێر. ئەگەر ئێمە سەیرێکی ئامارە ژینگەییەکان بکەین و سەرژمێرییەک بۆ رووەکەکانی کوردستان بخەینە بەردەست، لەناو سەرجەم رووەکەکاندا بەشێکی کەم هەیە وا بۆ خواردن دەشێن. ئامارێک کە من لە کتێبەکەی خۆمدا (فەرهەنگی ڕوەکناسی کوردستان بە کوردی – فارسی – عەرەبی – ئینگلیزی - لاتین) بە دەستم هێناوە لە کوردستان (250) دانە گیا بۆ خواردن تۆمار کراون. پۆلێنبەندییەکم بۆ گیا هەیە: گیامان هەیە پەتی خۆراکییە وەکو (گەنم)، خۆراکی – خۆراکی و دەرمانە وەکوو (برینج)، خۆراکی و دەرمانە وەکو (جۆ)، دەرمانی خۆراکە وەکوو زۆربەی گیا دەرمانییە خۆراکییەکان، دەرمانی پەتییە وەکوو (مێکووک، جاترە)، دەرمانی – دەرمانی و ژەهراوییە وەکوو (بۆژانە، هەنگووژەی هەرجن)، دەرمانی و ژەهراوییە (خوشیلک، هەڵاڵەسوورە)، ژەهراوی و دەرمانە وەکوو (ژاڵە، بەری تاڵی هەرجن و تەنگس)، ژەهراوی – ژەهراوی و دەرمانە وەکوو (خەربەنگ و حەکیم­کوژە)، ژەهراوی پەتییە لەگەڵ هەندێ دەرمان وەکوو (ژەهری مار و دووپشک). ئەم پۆلێنبەندییە لە کتێبی دیکەم (پێشەکیەک لەسەر ڕوەکناسی و گیادەرمانی و پزیشکی میللی کوردەواری)دا هەیە، بەو پۆلێن بەندییەی کە هەمانە بێیتە خوارەوە، هیچ گیایەکى بێسوودمان لە ژینگەدا نييە. بەشێک لەو سوودانە دەبنە بەشێکی خۆراکی و دەرمان، جوانکاری، لەوەڕی ئاژەڵ، بەربەستی کشتوکاڵی و ... 

نوچەنێت: ئەگەر رووكێك هەبێت بۆ خوارد نەشێت ئەو پێوەرە چييە مرۆڤ پێى جيا دەكاتەوە؟ 

ئیرەج مورادی: تا ئێستا ئێمە وەک کۆمەڵگای کوردەواری بەپێی پێوەری ئەزموونی پێشینانمان خۆراکیبوونی گیاکانمان داناوە. ئەزموونی پێشینانی ئێمە کە بەهەزاران ساڵ هاتووە، رووەکیان دەستنیشان کردووە کە بۆ خواردن دەشێت یا ناشێ. ئەو ئەزموونە گەورەترین گەنجینە و هەنبانەی دەست­لێنەدراوی چاند و کەلتووری خۆراکی ئێمەیە. دەبێ بە ڕێز و حورمەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. پێویستە دیسانەوە گیاناسان و شارەزایانی ئەو بوارە مەیدانی لەو بارەوە بکۆڵنەوە و گیای خۆراکی زیاتر بدۆزنەوە و زانیاری زیاتر لە فەرهەنگی دەرمانی و کەلتووری نێوان مرۆڤی کورد و ژینگە بە دەست بهێنن. کوردستان وڵاتێکی پان و بەرینە و دێ­بەدێی لەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەدا جیاوازی تایبەت بە خۆی هەیە. دەکرێ ئەو جیاوازییانە لە پەڕگەیەک یەک بخەین و وەک فایلی کۆتایی بە ناوی کوردەوە بیخەینە ڕوو. من دڵنیام ئەگەر ئەو کارە بکرێ ژمارەی گیا خۆڕسکە خۆراکی و دەرمانیەکان لەوەی وا ئیستە تۆمار کراوە، زیاتر دەبن. لایەنێکی دیکەی گیای خۆڕسک، دەرمانی­بووبنیەتی. لە کۆنەوە کورد بە پێوەری لەوەڕی ئاژەڵ و باڵداران یا بەڕێکەوت خواردنی خۆی، ژەهراویبوونی گیاکانی بۆ سەلمێندراوە. دەبینین هەندێ لە گیاکان بە کوردەکوژە، فەقێ­کوژە، بزنکوژە، گاگلێنکە، کەرکوژە، و ... تا ئێستا ناویان ماوە. ئەوانە هەر کام لە ڕووی کارەساتێکەوە ناو نراون. 

پاڵپشتی کورد لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی، شاخ و کوێستانەکانیەتی. ئەو کێوانە بۆ کورد کۆگای خۆراک و دەرمانخانەی گیایی و کادێنی تفاق و هەموو بابەتێ بووە و هەیە. کورد لە ڕووی ئاژەڵەکانی دەوروبەرییەوە پەی بە سوودی هەندێ لە ڕوەکەکانی بردووە. جا یا بە شێوەی چایی، خواردنی تەڕوتازە، کوڵاوی، پیشاوی، هەڵم و سووتاوی بەکاری هێناوە و خواردوویە. بەشێکی بە شێوەی هەنوون و چەورکردن و تێگرتن و داپێچان و هەویر و داشۆردن بەکاری هێناوە. ئەوڕۆکە لە ناوەندە ئاکادمیکەکان لە ڕووی بوونی مادەی متابۆلیکی (تانین، ئاڵکالۆئید، ئانتی­ئۆکسیدان، ترپێن، هۆرموونات و ...) ناو گیاکە باری دەرمانی گیاکان دەستنیشان دەکەن، بەڵام ئەوسا بەگوێرەی پێوەری ئەزموونی سینەبەسینە خۆراکی و دەرمانیبوونی ئەو گیاخۆڕسکانە هەڵبژێردراوە. 

نوچەنێت: ئایا هەموو رووەکە خۆڕسکەکان دەبنە گیایی دەرمانى؟

ئیرەج مورادی: دەبێت ئێمە  بۆ هەموو ئەم پرسیارانە سەرژمێرییەک لەبەر دەستماندا بێت. ئەو سەرژمێرییەی وا من کردوومە، بەتایبەت بۆ فەرهەنگی رووەکناسی کوردستان، سوودم لە فلۆرای (ئێران، تورکیا، سووریا، عێراق) وەرگرتووە. ئەو بەشەی وا پەیوەست بوو بە کوردستان جیام کردووەتەوە و لە کتێبەکەدا دامناوە. جیا لە کتێبی فلۆرای ئەو چوار وڵاتە، دوو گۆڤاری رووەکناسی (ئێران و تورکیا ) کە ساڵانە توێژینەوە و تازەکانی گیاناسی ئەو دوو وڵاتە چاپ دەکەن، سوودم وەرگرتووە. لە سەرجەم ئەو رووەکانە (600) جۆر یانی سپیسێز (وەک جۆرەکانی بی: شۆڕەبی، شەکرەبی، سوورەبی، ڕەشەبی و بیکۆڵ. هەر کام بە یەک جۆر لەبەر چاو گیراوە. کە سەرجەم لە ژێر ناوی جنسی Salix دادەنرێن.) ئەو (600) جۆر گیایە دەڕۆنە فایلی خۆراکی و دەرمانی کە پێشینانی ئێمە بە میرات بۆ ئێمەیان بە جی هێشتووە. لە باقی ٢٠٠٠-٢٥٠٠ ڕوەکی­تر کە لە کوردستاندا هەیە، دەکەوێتە ناو بازنەی لەوەڕ، شیناوردی ژینگەیی، نەناسراو و ... ئێمە دەتوانین پاڵپشت بە پێوەری پێشینان و زانستی تاقیگە گیاناسی و خۆراکزانی و دەرمانسازییەکان لەو ژمارە زۆرەی پاشماوە، کەڵک وەربگرین تا ژمارەی گیا خۆڕسکە خۆراکی و دەرمانیەکان زیاد بکەین و بیخەینە ژێر ڕکێفی خۆمان. تەنیا سوودی خۆراکی و دەرمانی و لەوەڕ نابێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ڕوەکانە. بەڵکوو بنەمای پیشەسازی، جوانکاری، بیناسازی، ژینگەپارێزی، پاڵاوتنی هەوا و ... دەتوانێ سەرژمێرییەکە زیاد بکات. 

نوچەنێت: پێويستە چ رێگەيەك بگيرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەى كاريگەرى تەكنەلۆژياى نوێ لەسەر ژينگە كە راستەوخۆ پەيوەست دەبێتەوە بە رووەکە خۆڕسكەكان؟

ئیرەج مورادی: بۆ نموونە سەیارە، فرۆکە، مووشەک و هێلی کۆپتەر  کاتێ دەبرێتە ناو سروشت بەڕاستی کاریگەی زۆر خراپ دادەنن لەسەر ژینگە. یاخود ئاو ئامێرە میکانیکیانەی کە دڕۆن بۆ دەرهێنانی کانزاکان، کانە بەردینەکان، کاری کشتوکاڵی و بیناسازی و کارخانە. ئەوانیش بە هەمان شێوە ژینگە تێک ئەدەن و زنجیرەی خۆراکی نێوان گیا و ئاژەڵ دەشێوێنن. دەبێ یاسایەکی پاک و چاک بۆ ئەوانە هەبێ و هەموو سەرپێچیکارێ بدرێتە دادگا. کاتێ ماشینێ بۆ مەبەستێ دەڕواتە کێو و دەشتێ، دەبێ یاسا وای دانابێ جیا لە شوێن­پێ و خەتی ڕۆیشتنی، هەرچی ڕوو بدات سنووربەزاندنە و سەرپێچیکارییە. دەبێ بەوپەڕی ڕێوشوێنی یاسایی و تەندروستی و بازرگانی و کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتییەوە شوێنی کارگەکان لە ناودڵی ژینگەدا دیاری بکرێت. تا ئەو جێگەی بوار هەیە لە کەنار و شوێنە پەرێزە و دیاریکراوەکان، یا لە شوێنی بیابانی و ڕووت و بێ­کەڵک سوودی بیناسازی و کارگەدانان ببینرێت لە ژینگە. با ئەوەش بزانین کاتێ سروشتێک بەهۆی کارە تێکدەرانەکانی ئێمەوە زنجیرە پتەوەکانی شلک و نەرمۆڵ و هەستیار بوونەوە، زۆر بە ئاسانی مەیدان بۆ گیا خۆڕسکە خۆراکی و دەرمانی و لەوەڕەکان ناخۆش دەبێ و گیای ئاست نزم و کەم سوود و بژاری ئازاردەر جێیان دەگرێنەوە. ئەمە زۆر بە ئاسانی لە دوای ئاگرکەوتنەوەکانی ناو ژینگە هەستی پێ دەکرێ کە کاتێ لەوەڕگای دەسووتێ، ساڵی دواتر زیاتر چەقڵ و بژاری ئازاردەر شین دەبێ و گیای بەسوود و خۆراکی و دەرمانی کە بەژنێکی هەستیاریان هەیە، کەم دەبنەوە یا لەناو دەچن. 

نوچەنێت: تا چەند رووەکە خۆڕسکەکان دەشێن بۆ بوارى تەندروستی و بەکار دەهێندرێن؟

ئیرەج مورادی: هەر ئەو سەرژمێرییەی کە ووتم کە نزیک بە (600) گیا تا ئێستا تۆمار کراوە وەکوو گیایی پزیشکی بەکار دەهێندرێت، بەڵام لەو (600) گیایە ئێمە ناتوانین بڵێین هەمووی بۆ پزیشکی بەکار دێت. چاو لێ بکە لە ناو چوار جاترە (هەزبێ)، دەبینی یەکیان مادەی چالاکییان زۆرترە. کەواتە هەتا سوودی ناوەکی گیاکان زۆرتر بێ زیاتر دەکەوێتە بەر مەبەستی خۆراکی و دەرمانییەوە. دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگری بۆ هەموو گیایەکی دەرمانی ناتوانی کاری بازرگانی لەسەر بکرێت. ئەو گیا خۆڕسکانەی کە لە کوردستاندا هەن هەموویان دەرمان نین. لەو رێژەیەی کە گوتم بۆ دەرمان دەبن بەشێکیان پلە بە پلەیە، ئەگەر ئێمە پلانێکمان هەبوو بۆ گیای دەرمانی دەبێت جارێک لە ناو ئەو (600) گیایەدا بێت. 

نوچەنێت: بە گشتی کوردسـتان خاوەنی چ رووەکێکی دەگمەنە کە لە وڵاتانی تر ئەو رووەکە نەبێت؟

ئیرەج مورادی: لە وڵاتی  ئێران نزیکەی (8300) گیا تۆمار کراوە. لە ناو ئەو ژمارە (200 تا 300) گیا تەنیا تایبەت بە ناو سنووری ئێرانە کە بە جۆری (ئیندەمیک) دەناسرێ. وڵاتی تورکیا ئەویش دەوری (9000) گیای هەیە و (300 تا 400) گیای ئیندەمیکە. بەگشتی من تا ئێستا ئامارێکی وام کۆ نەکردۆتەوە کە لە چوار پارچەی کوردستان چەند جۆر ئیندەمیک هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمەش بەشێکی بەرچاوی گیای ئیندەمیکی کوردستانمان هەیە، وەکوو: مەرزەی کێوی (Satureja avromanica)، قاشمۆک (Heracleum kurdistanicum)، سێپەڕە (Trifolium kurdistanicum)، گوڵە شلێرە (Fritillaria avromanica)، میژوەرد (Vicia kurdica)، گۆگەم (Verbascum kurdistanicum)، گوڵە ڕێویلکە (Stachys semsurensis)، هەڵاڵە (Scilla hakkariensis) و ...

نوچەنێت: تا چەند توانراوە لە رووی ئابوورییەوە سوود لەو رووەکانە ببینرێ؟

ئیرەج مورادی: ئەگەر مەبەستت کوردستان بێت لە راستیدا ئێمە سوودێکی وامان نەبینیوە لە ژینگەکەمان. ئەگەر هەشبێت ئەوە خەڵک بێ­پەرسانە چوونەتە گیانی رووەکە خۆڕسکەکان و بەوپەڕی بێ­بەزەییانە گیاکان هەڵدەکەنن و لە ڕەگ و ڕەتەوەی دەردێنن. دەبێت ئەوە بزانین ئەگەر گیایەک لە سروشتدا هەبێت رێژەیەکی سنوورداری هەیە. کەوابوو دەبێت پەی بەو سنووردارییە ببەین و تەنیا بەشی خواردنی خۆمان بهێنینەوە. کاتێ بە مەبەستی فرۆش ڕوو لە کوێستانێ دەکەین، یا دەبێ بەشدار بین لە ڕوانەوە و شینکردنی ڕێژەیەک بۆ ساڵەکانی داهاتوو یا ئەوەیکە ڕێگە خۆش بکەین ئەوەی ماوە وەک خۆی بمێنێ و نەفەوتێ. ئەگینا لە تاوان و گوناحی فەوتانی ئەو گیایە لەو کوێستانە ئێمەش تاوانبارین و نفرینی ڕۆڵەکانی داهاتوو بەرمان دەکەوێ کە بەشێکمان بۆ ئەوان بە جێ نەهێشتووە. 

نوچەنێت: كام پارچەى كوردستان بە رووەكى جۆراوجۆر دەوڵمەندە؟

ئیرەج موردی: ئەو سەرژمێرییەی کە کردوومە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بە (2500)، لە باکور (2700 تا 3000)، باشوور نزیکەی (1400 بە 1500) و رۆژئاوای کوردستانیش تا (700 تا 800) جۆر ڕوەکی تێدایە. دەبێت ئەوەش بزانین زۆرترین گیا لە خاکی تورکیادا هەیە، بەڵام ئەو بەشەی کە پێی دەڵێن باکووری کوردستان زۆرترین گیایی کۆنی تێدایە. ئەو گیا کشتوکاڵییانەی وەکوو گەنم و جۆ نەژادی باپیرەگەورەیان لە فلۆرای باکووری کوردستاندا هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین