مامۆستا عەبدولواحید: پێویستە هەموو لایەنەکان هەوڵی چارەسەرکردنی کەمووکوڕییەکانی مامۆستایان بدەن دیمانە

لاڤین عومەر: نوچەنێت

مامۆستا عەبدولواحیدسەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە دیمانەیەکی نوچەنێت باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم یەکێتی مامۆستایان دەکات و دەڵێت: حزبایەتی کاریگەری ئەوتۆی لەسەر ئیشوکاری ئێمە نەبووە. پێویستە بە هەموو لایەک هەوڵی باشکردنی دۆخی پەروەردە بدەین.

نوچەنێت: لە (60)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایان گرنگترین ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی یەکێتی یەکە دەبێتەوە چییە؟

مامۆستاعەبدولواحید:گرنگترین ئاستەنگ کە مامۆستایان دێتە بەردەمیان بریتییە لەو ئاستەنگانەی کە لە پڕۆسەی پەروەردەدا هەیە، لەبەردەم ژیان و گوزەرانی مامۆستایاندا هەیە، هەروەک دەزانرێت لە رابردوودا بەردەوام کێشەی بڕینی موچەو پاشەکەوتی موچە تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەو کەموکوڕیانەی کە هەبوون لە دامەزراندنی (میلاک، باڵەخانە، راهێنانی مامۆستایان) ئەوانە هەمووی گرفتی گەورە بوون لەبەردەم پڕۆسەی پەروەردە، بێگومان ئێمەش یەکێک لە ئامانجی هەرە سەرەکیمان پەروەردەیەکی باشە لەو روانگەیەوە هەموو گرفتەکانمان بە گرفتی خۆمان زانیوە، بۆیە ئێمە بەردەوام داکۆکیمان لەسەر ئەو بابەتانە کردووە و هەوڵی ئەوەمانداوە بەدەستی بهێنین.

نوچەنێت: حزبایەتی چەند کاریگەری بەسەر یەکێتی مامۆستایان هەبووە؟

مامۆستا عەبدولواحید: خۆی بە سروشت ئێمە کۆمەڵگایەکین توشی دابەشکاری سیاسی بووینەتەوە بەداخەوە، ئێمە کێشەی بۆ هەموو لایەکمان دروست کردووە کە باشتر وابوو یەکێتی مامۆستایان و مامۆستایان لە دووروو نزیک بابەتی سیاسی نەبێتە بابەتێکی سەرەکی، و کرۆکی مەبەستەکان،بنەمای  ئیشکردن، بەڵام ئەمە کێشەیەکە- کە دەبێت مرۆڤ دانی پێدابنێت بەقەدەر ئەوەش دەمەوێت بە رەهاییەوە ئەوە بڵێم کە کێشەی سیاسی هەبووە بەڵام زۆر کاریگەری لەسەر یەکێتی مامۆستایان نەکردووە لە رابردوودا، ئێمە هەموو دانیشتن و کۆبوونەوەو یاداشتەکان و- وانەکان ئاراستەکان، حکومەت و ئەو لایەنانەی کە بەرپرسن لە پڕۆسەی پەروەردەو ژیان و گوزەرانی مامۆستایان، ئێمە گفتوگۆکانمان هەمووی یەکگرتوو بووەو یەک دەست بووە، راستە دابەشکاری سیاسی هەیە بەڵام ئەوەندە کاریگەری لەسەر یەکێتی مامۆستایان نەبووە کە ئێمەو مانان لێی بەرپرس بین.

نوچەنێت: پێت وانییە حزبایەتی کاریگەری لەسەر هەڵوێستی مامۆستایان هەبووە؟ بۆ نمونە لە ساڵانی رابردوو کە چەندان قەیران رووی لە مامۆستایان کردبوو، هەڵوێستی جیاواز لە مامۆستایان دەکرا بۆنمونە لە سلێمانی جۆرێک هەڵسوکەوت دەکرا لە هەولێر جۆرێکی تر؟

مامۆستا عەبدولواحید: خۆی ئەگەر بابەتەکە ژیان و گوزەران  و کەموکورتییەکان بێت، دیارە هەموومان ناڕازی بووین پێم وانییە یەک مامۆستا هەبێت لەم وڵاتە رازی بووبێت لەم دۆخ و ئەو روداو پێشهاتە ئابوری و گرفت و ئالنگاریانەی کە لەبەردەم مامۆستا و پڕۆسەی پەروەردەدا هەبووە. هەموومان ناڕازی بووین کەسمان بەتایبەتی رازی نەبووین کەسمان بەو بارودۆخە شاگەشکە نەبووین، هەموومان پێمان وابووە گرفتی گەورەیە، راستە رەنگە هەڵسوکەوتەکان جیاواز بووبن، بەڵام ئێمە ئەو هەنگاوەشمان نەگرتۆوەتە بەر هەرگیز لەبەر دەسەڵات و حزبایەتی نەبووە بەڕاستی چەندین جار وامان گووتوە، هەمیشە لەبەر ئەوە بووە کە پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەکە کە پەیوەندی بە نەوەکانەوە هەیە پەیوەندی بەو منداڵە چاوگەشانەوە هەیە بۆ ئەوەی داهاتوویان وەک ئێمە وەکو ئێمە بکەوێتە بەر مەنگەی بێنەو نییە. توشی هەزار گرفت ببن، ئێمە پێمان وایە ئەوان  گوناهیان نییە هەرچی کەمووكوڕی هەیە دەکەوێتە سەر ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە ناکرێت حکومەت موچەی نەدات ئێمەش بڕۆین پڕۆسەی پەروەردە بوەستێنین، هەمووجار گوتومانە حکومەت باکی بەوە نییە پڕۆسەی پەروەردە بوەستێت یاخود نەوەستێت، لەبەر ئەوە نەوەستانەکەی باشتر بووە لە وەستاندنەکەی، لەگەڵ ئەندامان بەردەوام داکۆکیمان کردووە بۆ مافەکان و بەردەوام هەوڵیشمانداوە بەدەستی بهێنین.

نوچەنێت: هەست ناکەی  یەکێتی مامۆستایان پێویستی بە نوێ بوونەوە هەیە؟

م. عەبدولواحید: بێگومان پێویستی بە نوێ بونەوە هەیە، خۆم یەکێکم لەوکەسانەی کە هەتا سەر ئێسقان داکۆکی لەوە دەکەم کەوا یەکێتی مامۆستایان نوێ بکرێتەوە، نوێبکرێتەوە بەو مانایەی نا کە بەرگی خۆی دابماڵێ و بەرگێکی تر لەبەر بکات، بەو مانایایەی لە پڕۆگرامەکەی لە بەرنامەکەی لە یاساکەی لە پەیڕەوی ناوخۆی، کۆمەڵێک ئامانجیشە، چونکە (١٠) ساڵ بەر لەئێستا زۆر جیاوازی هەبووە لەگەڵ ئێستا و دووساڵ سێ ساڵی ئایندەش زۆر جیاوازی دەبێت، بۆیە گۆڕانکارییەکان و نوێکردنەوە بەردەوام شتێکی زۆر باشە، بەڵام نوێکردنەوەی کردارەکی نوێکردنەوەی رواڵەتی نەبێت.

نوچەنێت: سەبارەت بە کۆنفرانس و کۆنگرە چۆن دەبێت؟ ئایا کۆنگرە دەکەن یاخود نا؟ چەند کۆنگرە کراوە تا ئێستا؟

مامۆستا عەبدولواحید: من لێرەوە دەمەوێت بەهەموو مامۆستایان بڵێم، ئێمە دووجار لە ساڵانی رابردوو جارێکیان لە سەرەتای ساڵی(2016) هەموو ئامادەکارییەکمان کرد، خۆمان حازرکرد بۆ کۆنگرە، بەڵام گرفتی پارە و گرفتی سیاسی و تێکنەگەشتن هەموو ئەو بابەتانە بوونە بەربەست لەبەردەم راگرتنی پڕۆسەکە، جارێکی تریش لە کۆتایی ساڵی(2018) تەنانەت کارتی دەنگدان و کارتی هەڵبژاردن هەمووشتێکمان ئاماددە کرد، بەڵام بابەتی کۆڕۆناو بابەتی دارایی هاتە بەردەممان و جارێکی تر پڕۆسەکەی راگرت، وەکو پرەنسیپ ئێستا مەکتەبی جێبەجیکردن بڕیاری داوە کەوا ئەمساڵ ئامادەکاری تەواو بکات، پێم وابێت بۆ هەموو لایەکیشمان پاساومان نەماوە، لەهەمانکاتدا بۆ حکومەتیش پاساو نەماوە ئیمکانیاتی ماددی بۆ بەڕێوە چونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و کۆنگرە تەرخان نەکات، لەبەر ئەوە لەسەر حکومەتی هەرێـمی کوردستان و لەسەر هەموو لایەنەکان پێویستە هاوکار بن لەسەر سەرخستنی کۆنفڕانسی (13) ی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کە هەموو لایەکمان بەنیازین کەوا گرێی بدەین ئەو بابەتە گرنگانەی کە هەن جارێکی تر لە کۆنگرە بەرجەستەی بکەین و ئیشی لەسەر بکەین.

نوچەنێت: لە ئێستادا چەند کۆنگرەتان ئەنجامداوە؟

مامۆستا عەبدولواحید: تا ئێستا ئێمە (12) کۆنگرەمان کردووە، خولی دووەمی کۆنگرەشمان کردووە لە کۆتایی ساڵی (2013) کە تا ئێستا بەستبێتمان.

نوچەنێت: رەخنەی زۆر لە یەکێتی مامۆستایان دەگیرێت لەوەی ئێستا نەیتوانیوە بەتەواوی فشار لەسەر حکومەت و دەزگاکان دابنێ بۆ بەدەستهێنانی مافی مامۆستایان؟بۆنمونە ( موچە، دامەزراندن....) کە دەشزانرێت گەورەترین رێکخراوی پیشەییە؟

مامۆستا عەبدولواحید: رەخنەمان لە هەموو لایەک قبوڵە و رەخنەش لە هەموو ئەوکەسانە دەگیرێت کە لە گۆرەپانەکە هەن، یەکیتی مامۆستایان خەڵک چاوەڕیی ئەوەیان لێدەکات ئامانجەکانی بەدەستبێت، بۆیە بەڕاستی ئەوان رەخنەمان لێدەگرن ئێمە لەسەرچاوی دەدانێین و رەخنەیی ئەوانمان قبوڵە و بە سنگێکی فراوان وەری دەگرین، بەڵام ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین بێ بەشە لە کۆمەڵێک بابەت و ئـەگەرنا هەوڵی خۆمانداوە و بۆ مامۆستایانیش کەمتەرخەمیمان نەکردووە، ئەوەی کە بەرجەستەنەبووە یاخود دانەمەزراوە ئەوە بەهۆی دۆخەکەوە بووە، چونکە هەر پڕۆسەیەک کە دێتە پیشەوە دووفاکتەر هەیە کە کاریگەری دروست دەکات لەسەری یەکیان، خودی و بابەتییەدووەم، خودی خۆشمان ئێمە زۆر هەوڵمانداوە شەورۆژمان خستووەتە سەر یەک هیچ کاتێکیش نەماوە ئێمە نەیقۆزیینەوە و دواکاری خۆمان نەگەیاندبێتە جێگەیمەبەست، تەنانەت رێکخراوەکانی دەرەوەشمان راسپاردووە ئەوانەی کە ئێمە پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیاندا، بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەکان، بەڵام هۆکارە بابەتییەکان کە هەیە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بە پاساوی جۆراوجۆرو نەبوونی دارایی بەو جیاوازییە نەرێنییەی کە جارجارە لێرەو لەوێ روودەدات ئەو ئامانجانەی کە بەدەست نەهاتوون ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە سارد بینەوە سارد نابیینەوە بەردەوامین لەسەرداواکردنی ماف، مافەکانی مامۆستایان و هۆکارەکانی پڕۆسەی پەروەردەی باشیش خۆی ناگرێتەوە لە چەند خاڵێک بەردەوام لە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەردەوام خاڵی تازەو ئامانجی تازە دێتە پێشەوە بۆیە دەبێت مرۆڤ هەمیشە لەسەر خەتبێت هەوڵبدات و هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی بدات.

نوچەنێت: لە ئێستادا چەند ئەندامتان هەیە؟

مامۆستا عەبدولواحید: ئێمە دەستمان بە نوێکردنەوەی ئەندامێتی کردووە، تا ئێستا ئێمە ژمارەکە گەیشتووەتە (45) هەزار و بەردەوامیشە چونکە ئێمە خۆمان وتوومانە ئامادەکاری دەکەین، پڕۆسەکەش بەردەوامە.

نوچەنێت: بۆچی نەتوانراوە لە (60) ساڵی رابردوو یەکێتی مامۆستایانی کوردستان خۆی خاوەنی بزنسی خۆی بێت؟

م. عەبدولواحید: یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە رابردوودا رێکخراوێکی پیشەیی دیموکراتی هاو هەڵوێست بووە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کوردستانبیری لەوە نەکردووەتەوە کەوا بزنس بکات و دەستکەوتی ماددی هەبێت و دەست کەوێت ئەمە وابووە، بەڵام دەبوو ئەم رێکخراوە هەوڵی ئەوەی بدایە بەلای کەمی خۆژییەنی، خۆژییەنی بەو مانایەی کۆمەڵێک موڵکی هەیە کۆمەڵیک زەوی هەیە دەیتوانی بەکاری بهێنێت و سوودی ماددی لێوەربگرێت کەمووکورتی رێکخراوەکەش و مامۆستایانیش بەجێ بگەێنێت، هەرچەندە ئێمە لە رابردوودا هەوڵی زۆرمانداوە بەڵام نەکراوە، ئێمە لەمە بەدواوە بیرێکی جدی لەو بابەتە دەکەینەوە بۆ ئەوەی یەکێتی مامۆستایان خۆی ببێتە خاوەنی ئیمکانیاتی خۆی، خۆی بخاتە سەرپێ هەوڵی بەدەست هێنانی کۆمەڵێک دەستکەوت بکات بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی پێ بژیەنێت و بەشێک لە پێداویستییەکانی مامۆستایانیش دەستەبەر بکات.

لە کۆتایشدا ئەو دۆخەی کە هەستی پێدەکەین هەموومان تەنیا لەسەر ئەرکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان نییە، چونکە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەشێکە لەکۆی ئەو پڕۆسسەی ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات بۆیە دەبێت هەموو لایەکمان حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتەکان دامودەزگاکان رێکخراوەکان تەنانەت کۆمەڵانی خەڵک و دایک و باوکیش هەموو لایەنەکان دەبێت هەوڵبدەن کەمووکورتییەکانی پڕۆسەی پەروەردە چارەسەر بکەن و پڕۆسەی پەروەردە بەباشی بەڕێوە بڕوات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین