د. شاخەوان عەبدوڵڵا: حیزبەکان بۆ ئەندام پەرلەمانانى کورد  داواى  ئەندامبوونیان لە هەر لیژنەیەک کردبێت دامناون دیمانە

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى دووەمى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق لە ديمانەيەكى تايبەتى نوچەنێت باس لە چەند بابەتێكى پەيوەنديدار بە پەرلەمان دەكات، لەوانە باس لەوە دەكات بەهۆى پێكنەهێنانى حكومەتەوە ڕۆڵى پەرلەمان لەرڕووى ياسادانان و چاوديێرييەوە كەمتر بووەتەوە. دواتر باس ناكۆكى نێوان سەرۆكى پەرلەمان و جێگرى يەكەم دەكات و پێیوايە بەهۆى بوونى دوو ياسايە

د. شاخەوان عەبدوڵڵا دووپاتيشى دەكاتەوە كە لەم خولەى پەرلەماندا كێشەى ئامادەنەبوونى پەرلەمانتاران چارەسەر كراوە.

نوچەنێت: ئایا پێکنەهێنانی حکومەت چەند کاریگەریی کردووەتە سەر کاری پەرلەمان لەڕووی چاودێری  و یاسا دانانەوە؟ چونکە ئەوە تەمەنى پەرلەمان بووە پێنج مانگ، وەک لە میدیاکان باس دەکرێت کە پەرلەمان نەیتوانیوە یەک یاسا دابنێت لەڕووی چاودێریشەوە بەهەمان شێوە؟

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: بێگومان دانانی حکومەت کاریگەری لەسەر پەرلەمان دەبێت، چونکە پەرلەمان بەتایبەت لەسەر دواین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی ئەو حکومەتە واتا پەرلەمان متمانەی پێنەداوە، دەسەڵاتی ئەوەشی نییە وەڵامی وەزیرەکانی بداتەوە، بۆیە ئەو مافە چاودێرییەی نزیکە کەم دەبێتەوە، ئەمە لەلایەک لەلایەکی تریشەوە کاری پەرلەمان لە یاسادانان بەگشتی ئەو کارانەیە کە لە حکومەتەوە دێت بۆ پەرلەمان، کە تۆ پڕۆژە یاسات بۆ نەهات، بۆ نموونە (بودجە) حکومەت بۆی نییە، کە حکومەتی کار بەڕێکەرە ناتوانێ ئەما کارە بکا، کە بودجە نەیەت، تۆ ناتوانی قسە بکەیت، ئەگەر بودجە بهاتایە بۆ ئێمە وەکو پەرلەمان گفتووگۆمان دەکرد و دەرمایشمان دەچواند، بۆیە بابەتەکە کەوتۆتەسەر حکومەت و کاریگەری گەورەشی لەسەر پەرلەمان بەجێهێشتووە.

لەم خولەدا (راکان جبوورى)یمان لە پەرلەمان دوورخستەوە

نوچەنێت: لەخولەکانی پێشووی پەرلەماندا کێشەی ئامادە نەبوونی پەرلەمانتاران هەبوو، تەنانەت تا خولەکەش کۆتایی هات ئاماددەی یەک دانیشتن نەبوون لەوانە( نوری مالیکی، راکان جبووری، چەندانی تر) تۆ وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان چەند هەوڵدەدەی ئەم دیاردەیە لەم خولە دووبارە نەبێتەوە؟

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: بۆ ئامادەبوونی پەرلەمانتاران ئەم خولە جیاوازی هەیە لەگەڵ خولەکانی تر، ئەم خولە یاساکە ناچاری کردووە، کە دەبێت ئەندام پەرلەمان لە رۆژی سوێند خواردنەوە لە ماوەی یەک مانگ دەستبەکار نەبێت، دوور دەخرێتەوە، بۆیە ئێمە لەم خولەدا هیچ ئەندام پەرلەمانێکى لەو جۆرەمان نییە، چونکە دەبێت لە رۆژی سوێند خواردنی پەرلەمان دانیشتنی یەکەم بۆ ماوەی یەک مانگ ئامادە نەبوو، دووردەخرێتەوە، هەر بۆیە راکان جبووریمان دوور خستەوە لە دوای مانگێک لەگەڵ پارێزگاری سەڵاحەدین، کە ئەندام پەرلەمان بوون، بەدیلەکانیان هاتن ئێستا بەدیلەکانیان دەوام دەکەن لە ناو پەرلەمان، هیچ ئەندام پەرلەمانێک نییە ئامادە نەبێت و نەتوانێت لە دانیشتنەکاندا بێت، تەنیا مقاطەعەی سیاسی هەیە بۆ سەرۆک کۆمار، ئەگینا بۆ دانیشتنەکان و دواین دانیشتنمان ئەو رۆژە بوو لەسەر یاسای خۆراک بوو، کە رێژەیەکی باش ئامادە بوون.

نوچەنێت: پێشتر باس لەوە کراوە کە ناکۆکییەک لە نێوان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەم هەیە، ئێمە دەمانەوێ بزانین ئایا راستە جێگری یەکەم زیاتر لەو دەسەڵاتەی پێی دراوە هەڵسوکەوت دەکات؟

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: دەربارەی سەرۆک و جێگرەکەی زیاتر لێک تێنەگەیشتنێکە و تا ئێستا نا روونییەک هەیە، دادگای فیدڕاڵی بەجۆرێکە، پەیڕەوی ناوخۆ لە یاسای پەرلەمان جۆرێکى ترە، بۆیە هەردوولا بە مافی خۆیان دەزانن، ئەو دەڵێت لە چەند بڕگەیەکدا ماف بە من دراوە کە وەکو دەسەتی سەرۆکایەتی مامەڵە بکەم، سەرۆکی پەرلەمانیش زیاتر پێی وایە کە ئەوە شایستە سوونەیە، ناکرێت خەڵک تێیدا شەریک بێت هەر وەکو چۆن بەیانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دادەنرێت دەبێت شیعەکان بۆخۆیان بەڕێوەی ببەن، ئەویش لەو روانگەیەوە سەیری دەکات دەڵێت نابێت دەستەی سەرۆکایەتی بێت کێشەکان بەو شێوە ماوەتەوە تا ئێستا، دواجار دادگای فیدڕاڵی یەکلای دەکاتەوە کە پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی یان سەرۆک و جێگری یەکەمی  سەرۆکە.

رێژەی ئافرەتان لە هەموو لیژنەکاندا لە رێژەی دیاری کراوی خۆیان زیاترە

نوچەنێت: سەبارەت بە لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان کورد چەند تێیدا بەشدارە؟ بەچ پێوەرێک بەشی کورد لەو لیژنانە دابین دەکرێت؟

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: لەم خولەدا کە من جێگری سەرۆکی پەرلەمانم، کورد چ ئەندام پەرلەمانێکی دەستنیشان کردبێت بۆ هەر لیژنەیەک دامانناوە لە هەر لیژنەیەک کوردی تێدایە، ئینجا سێیە یان چوار لیژنەیە، کوردی تێدایە، زیاتر داوای لەسەر ئارەزووی حزبەکان بووە چیان داوا کردووە بۆیانم کردووە، تەنانەت یەکگرتووی ئیسلامی چوار ئەندام پەرلەمانی هەبووە هەر چواریم لە لیژنەی سیادی داناوە، جا ئەوەی لە رێگای منەوە بووبێت یاخود خۆی راستەوخۆ چووبێت جیایە، بەڵام ئەم فراکسیۆنە کوردییانەی لە رێگەی منە هاتبێت چیان ویستووە لەوێ بۆم داناون یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، تەنانەت بۆ پارتیش ئەوەی هاتبێت بۆ لای من چی وستبێت بۆم کردوون، هەندێک جار ئەوانەمان لەجێی خۆیان داناوە هەندێک لە لیژنەکانی لاوەکییەکان ئەندامەکانیانمان داناوە، دیارە لەسەر بابەتی سەرۆکایەتی ئەوەی کە کراوە سەرۆک بەتەمەنە، واتا هێشتا رێکنکەوتووین لە ماوەکانی ئایندەدا چاوەڕێ دەکەین ئەگەر حکومەت پێکبهێندرێت، چونکە لیژنەکان دەبێت پێچەوانەی لیژنەکانی تر وپێچەوانەی وەزارەتەکان بێت و ئەگەر هەر نەبێت ئێمە لیژنەکان پێکدێن و ئەوەی کە هەیە کاتییە، بۆ ئەوەى ئیدارەکردنی لیژنەکان کارەکانیان نەوەستێت، هێشتا هیچ سەرۆک لیژنەیەک دا نەنراوە هەمیشە ئەوەی کە هەیە، کێ بە تەمەنترینە بۆتە سەرۆک، لە ناو کوردا هەیە بۆتە سەرۆک لیژنە لەبەر ئەوەی کە گەورەیە، هەیە کە دووەم گەورەیە بۆتە جێگری سەرۆک، بۆیە تا ئێستا هیچ لیژنەیەک دەستنیشان نەکراوە، لیژنە هەمیشەییەکان ئەوە تەنیا سەرۆک بە تەمەن ترینی پێ دەڵێن کەسمان دانەناوە جارێ، رێژەی ئافرەتیش لە هەموو لیژنەکاندا لە رێژەی دیاری کراوی خۆیان زیاترە کە وەکو ئەندامێتیان لە لیژنەکاندا، ئافرەتەکان خۆیان چیییان ویستبێ نەزاهەبێت، پەیوەندییەکان بێت، نمونە پارتی دیموکراتی کوردستان دەهێنمەوە لەسەرۆکایەتی فراکسیۆنەوە ئەوەی کە ئێستا دانراوە سەرۆک ئافرەتە بڕیاردەری سەرۆک ئافرەتە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی فراکسیۆنی پارتی ئافرەتە لە لیژنەکانیشدا لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە کە لیژنەیەکی زۆر گرنگە ئەویش هەر ئافرەتە لیژنەی نەزاهەی ئێمە هەر ئافرەتە لیژنەی ئەلیفیش هەر ئافرەتمان داناوە، ئافرەت لە هەموو لیژنەکاندا هەیە.

نوچەنێت: هەندێک زانیاری لەسەر سەرۆکایەتی ئافرەتان بۆ لیژنە هەمیشەییەکان بڵاو کراوەتەوە گوایە (8) ژن سەرۆکایەتی لیژنەکان  دەکەن، بەڵام وەک تێبینی دەکرێت تەنیا یەکیان کوردە بۆچی هەوڵ نەدرا ژنی کورد لەم لیژنانەدا دابنرێ؟

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: خۆی ناکرێت هەشت ئافرەت سەرۆکی لیژنە بێت خۆی (25) لیژنەیە، بەڵام رێژەیان دەبێت بەپێی بەرکەوتەی ئەو حزبەی خۆی کە دەیداتە ئەو ئافرەتە یاخود نایدات ئەوە لەوێ دەمێنێت، بەڵام هێشتا هیچ ئافرەتمان دانەناوە وەک سەرۆک، لە بنەڕەتدا کە ئافرەت بەری کەوتووە یاخود بەری نەکەوتووە، دووپاتی دەکەمەوە هیچ سەرۆکێک دانەنراوە ئەوەی بۆتە سەرۆک لیژنە بەتەمەنەکانن.

نوچەنێت: نووسراوێکت بڵاو کرایەوە، کە داوا دەکەی زمانی کوردی لە نوسراوی پەرلەمانتاران بەکار بهێندرێت لە پاڵ زمانی عەرەبی، ئایا ئەمە بۆ زیاتر بەکارهێنانی زمانی کوردییە؟ یاخود وەک دەگوترێ بۆ هەندێک پەرلەمانتارە کە زمانی عەرەبی نازانن؟ چونکە لەماوەکانی رابردوودا هەندێک نوسراوی پەرلەمانتاران عەرەبییەکانیان هەڵەبوو؟

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەو نووسراوەی من کار بەهیچ نووسراوێک ناکرێت لەسەرەتای خولی دووهەمەوە، کە دەکاتە مانگی حەوت بەو نووسراوانەی کە فۆڕمەکانیان چاک نەکردبێت، بۆیە پێشتر نووسراوێک دەرچوو کە لە نوسینگەی من کاری پێناکرێت، دواتر نوسراوێکمان کرد کە لە هەموو فەرمانگەکانی کاریان ناڕوا، باسی فۆڕمەکە دەکەین ئەو فۆڕمەی کە لەسەرەوەو بەکوردی و بە عەرەبی دەنووسرێت وەکو چۆن سەرۆکایەتی پەرلەمان فۆڕمەکەی هی من هی جێگرەکان هی بەڕێوەبەری داموودەزگاکان بە کوردی و بە عەرەبییە، پەرلەمانتارەکان پێشێلیان کردووە، بە ئینگلیزی نوسیوویانە بۆیە نووسراوێکمان کردووە کە پێچەوانەی ماددەی (4) لە دەستوور و یاسای حەوتی زمانەکانە، دەبێت فۆڕمەکان کوردی و عەرەبی بن لێی وەرناگیرێت ئەو بابەتەکە بابەتێکی یاساییە نەک بۆ نووسین، لە هەوڵی ئەوەشدام و دەگەڕێم لەناو هۆڵی پەرلەمانیش وەرگێڕی خێرا هەبێت، بۆ پەرلەمانتارەکان بۆ ئەوەی بە زمانی کوردی خۆیان قسە بکەن، ئەوەی لە دڵیانە دەری ببڕن و بیڵێت و پەرلەمانتارەکان لێیان تێبگەن و بەخێرایی وەربگێڕێتە سەر زمان.

یەکگرتووی ئیسلامی چوار ئەندام پەرلەمانی هەبووە هەر چواریم لە لیژنەی سیادی داناوە

نوچەنێت: بە بۆچوونی تۆ بەم نزیکانە پەرلەمان دەتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو بێت؟

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەوەندەی سیاسییە، ئەوە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، ئێمە وەکو پەرلەمان لە حەوتی شوبات بڕیار بوو پەرلەمان کاری خۆی بکات، هەر لەدوای دانیشتنی یەکەم دەستمان بە رێکارەکان کرد، بە پێی دەستوور کە دەیسەپێنێت بەسەر پەرلەماندا لەدوای دانیشتنی یەکەم بۆ ماوەی سێ رۆژ رێکارەکان دەستپێبکات بۆ ناوەکان، داوای بڵاو کردنەوەی یاسادانانمان کرد بۆ سەرۆکایەتی و ناردمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار، وەڵامیان دایەوەو ناوەکانیان گەڕایەوە دواجار خیلافی سیاسی دروست بوو، نەمانتوانی لەو ماوەدا هەڵبژاردن بکەین، پەرلەمان دەرگای خۆ کاندیدکردنی کردەوەو دادگای فیدڕاڵی خۆ هەڵبژار کردنەکەی بردە ناو پەرلەمان، لەناو پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، دووبارە لە مانگی سێ دوو دانیشتمان بۆ سەرۆکایەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار دەستنیشان کرد، بەڵام لەبەر بایکۆتێکی سیاسی کە نەهاتن دانیشتنەکەیان پەک خست، نەتوانرا ئەو رێژە یاساییەی کە بۆ سەرۆک کۆمار بەدەستی پێویست بوو، دانیشتنەکان نەکراوەو بە هەڵپەسێردراوی ماوە، بۆیە ئەگەر رێککەوتنی سیاسی ئەمڕۆ بکرێت سبەی دەتوانین دانیشین و ئەو پڕۆسەیە تەواو بکەین.

لە هەوڵی ئەوەداین لەناو هۆڵی پەرلەمان وەرگێڕی خێرا دابین بکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمانتارە کوردەکان بە زمانی خۆیان قسە بکەن

نوچەنێت: دادگای فیدڕاڵی  یاسای پاڵپشتی خۆراکی رەت کردەوە، کەچی دوو رۆژ دواتر لیژنەی دارایی پەرلەمان یاساکەی بە هەمان ناو پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردەوە، کە ئەمەش بە تەحەدی لێکدرایەوە، پێشبینی دەکەی لەم خولەی پەرلەماندا ململانێ لە نێوان دەسەلاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری دروست بێت؟ چونکە ئیمە بینیمان دەسەڵاتی یاسا دانان کە رەوتی سەدر تێیدا زاڵە بە ئاشکرا پەرلەمانتارانی هێرش دەکەنە سەر دەسەڵاتی دادوەری؟

د.شاخەوان عەبدوڵڵا: هەڵبەتە ئەو یاسایە زۆر گرنگە بە ئیعتیبار کۆمەڵێک بڕگە لەخۆ دەگرێت، ئەگەر ئەو یاسایە نەڕوات گەنم و پێداویستییەکان و بابەتی پسولەی خۆراک دەبێت بیکڕیت، کارەبا کە هەشت هەزار مێگەوات لە کۆی (28) هەزار مێگەوات لە ئێرانەوە دێت ئەم کارەبایە دەبڕێت ئەگەر نەیدەیت، بابەتی پەینی کیمیاوییە و هەندێک شتی تری گرنگە کە دەبێت بکڕدرێت دادگای فیدڕاڵی لێکدانەوەی بۆ ئەو ماددەیەی کردووە، کە دەسەڵاتی حکومەتی کار بەڕێکەر نییە، بتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە هاوشێوەکەی بنێرێت، بۆیە لەو روانگەیەوە رایان گرتووە، بەڵام پڕۆژە یاسا تەنیا حکومەت ناینێرێت، سێ رێگا هەیە لە رێگای سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران، و لە رێگای پەرلەمانەوە کۆکردنەوەی پەرلەمان دەینێرێت، ئەو پڕۆژەیە کە هاتە لای ئێمە رەزامەندیمان دا بۆ پڕۆژەیەکی تر لە رێگایەکی ترەوە کە ئەویش پەرلەمان خۆی ئەو پڕۆژەی تری ئامادە کردووە، ئەگەر حکومەت لە نێو پەرلەمان هەڵبژێردراوە، کە ئەو دەسەڵاتەی هەیە، بۆیە لەلای پەرلەمانەوە کاری بۆ دەکەین و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا هەوڵدەدەین پێش پشووی یاسادانان تێی بپەڕێنین.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەوەندەی سیاسییە، ئەوە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە

رەوتی سەدری، زۆرینە نییە هاوپەیمانی رزگاری یەکەم کە سەدرییەکان و سیادەو پارتین زۆرینەیان ئەگینا وەکو زۆرینە زۆرینە نین و رەوتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەوانەوە نزیکە، بەڵام ئەوەی کە هەبووە تێڕوانینی ئەوان بەرامبەر ئەو بڕیارەی دوای دادگای فیدڕاڵی سیاسییە فشارێکی لایەنێکی سیاسیان لەسەر بووە، لەو رووەوە تەنیا کورد رەخنەی لەو دادگایە هەبووە، ئێستا بەجۆرێک لە جۆرەکان هێزە عێراقییەکانیش رەخنەیان لەسەر ئەو بابەتە هەیە بۆیە پێم واییە لێکدانەوەی خراپی بۆ بکرێت لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین