سەعدون یونس: بەڵێنم بە کاک نێچیرڤان بارزانى دا بەردەوام بم دیمانە

لاڤین عومەر: نوچەنێت

سەعدون یونس، هونەرمەندی دیاری کورد لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی، مێشکێکی فراوانی هەیە و هاوکاری زۆر هونەرمەندانی کردووە، باس لە گرفتەکانی هونەرمەندان لە دۆخی ئێستای کوردستان دەکات و دەڵێت: گرفتی تێکست-مان هەیە.

نوچەنێت: هونەری نواندن ئێستا و سەردەمی رەجەب جیاوازی چییە؟

سەعدون یونس: جیاوازی زۆرە، جیاوازی تەنیا لە نواندن نییە، لە ئاو هەواو لەخەڵکدا، لە هەست هەیە، کاتی خۆی کە شتێکت دەکرد بۆ کلتوری کوردی هیچ شتێکت نەبوو واهەستت دەکرد سیستەمەکە یا رژێمەکە یا کلتورەکانی تر دەیانویست کلتوری تۆ بشێوێنن، کە ئێمە رەجەبمان پێشکەشمان کرد لە فیستیڤاڵێکدا سێ رەجەب هەبوو لە ناسڕییە، لە بەغدا ئەوی تریش من بوم لەسەر تەختەی شانۆ، نوسەریش قاسم محمەد بوو کۆچی دوایی کرد لە شاریقە کە لەکاتی خۆیدا مامۆستاشم بووە، کە فیستیڤاڵەکە تەواو بوو هاتە سەر شانۆ و گوتی تاکە-کەس ئەو رەجەبەی کە لە رەجەبەکەی مێشکی منیش تێپەڕی کەمن نوسەریشم سەعدون یونسە، جیاوازییەکە ئەوەیە تۆ بە قوڵایی دەچویتە ناو بەرهەمێک رۆڵت دەگێڕا ئێستا رێزم بۆ برادەران هەیە،هەتا بەخۆشمەوە ئەو کارانەی کە کاتی خۆم کردوومن لە دوای رەجەب زۆربەشیان شانازی پێوە دەکرێت، بەڵام لای خۆشم هیچیان ناگاتە تامی رەجەب ئیتر قەت وون نابێت.

رەجەب قەت ون نابێت

نوچەنێت: ئەگەر ئێستا ستۆرییەکی وەک رەجەب بێتە پێشەوە دەتوانی هەمان رۆڵی رەجەب ببینی وەک جاران؟

سەعدون یونس: ئێستاش دەتوانم جوانتر ئەو رۆڵە بگێڕم، بەڵام ئایا ئەو تەمەنە لەگەڵ ئەو تەمەنەی ئەو دەبێت؟ ئەو تەمەنە لەگەڵ تەمەنی ئەو کات رێک ناکەوێت، بەڵام دوای رەجەب ئەوەندە بەرهەم کرا، کەسایەتییەکان نزیکبون لە رۆڵی رەجەب هەمووی لاساییان دەکردەوە، بەڵام رەجەب لاسایی ناکرێتەوە، وەکو خۆم ئەو توانایەم ماوە.

نوچەنێت: پێت وایە بەرهەمی رەجەب بۆچی ماوەتەوە کە چەندان نواندنی ترت کردووە؟

سەعدون یونس: لەبەر ئەوەی ئەوە بلۆکێکی زۆر گەورە بوو هەڵمدایە ناو گۆماوێکی سست راوەستابوو درامای کوردی نەبوو، ئیتر ئەو گۆماوە هەڵشڵەقاو دنیا هەمووی وێران بوو دەور و پشتی هەمووی شێواند، هەموو بەرهەمەکانی من (خاتوو کڵاو زەرد، شارەکەم، مەڕانە) هەموو ئەوانە نایاب بوون، زیاتر لە (100) بەرهەم هەیە بەڵام تۆ هەر دەبێت بڵێی رەجەب، چونکە تەواو ئەوە لەناو مێشکی خەڵک چەسپاوە. 

نوچەنێت: وێڕای پێشکەوتنی کامێراو رۆڵی ژن کە ئێستا هەموو هەیە، پێتوایە کاریگەری و رۆڵێکی باشیان هەیە؟ ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

سەعدون یونس: هەموو شتێک بە سادەییەوە جوانە، راستە تەکنەلۆژیا شتێکی پێشکەوتووە بەڵام لە زۆر شت پاشەکشە بە شتەکان دەکات، واتە ئەگەر تۆ خانویەک بە کامێرایەکی تەکنەلۆژیا وێنەی بگری دەبینی لە کامێراکە زۆر جوانترە لە راستیەکە کامێراکان وایان لێهاتووە، بەڵام من وەکو خودی خۆم هەموو بەرهەمەکانم بەیەک کامێرا کردووە لەدەرەوە، ئێستاش ئەو بەرهەمەی کە خەریکم بەتەماین بیکەین یەکەمجارە سێ کامێرا بەکاردەهێنم، پەیوەندی بە کامێراوە نییە، پەیوەندی بە کەش و هەوای کارکردنەکەوە هەیە، کەش و هەوای ئەوکاتەو پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئەوکات دووبارە نابێتەوە ئەوەیە هۆکارەکەیە.

نوچەنێت: ماوەیەک لەمەوبەر بەڕێزت جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانت بینی وێنەیەکت بڵاوکردەوە گوتت دەست بەکاری نوێ دەکەین ئایا هیچ پڕۆژەیەکی نوێت هەیە؟

سەعدون یونس: ئەگەر پڕۆژەی نوێم نەبوایە وام نەدەگوت، لێرەوە زۆر سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک (نێچیرڤان بارزانی) دەکەم کە رێزێکی تەواوی لێنام و رێزێکی زۆری گرتم و دڵخۆشی کردم و دەرگای کارکردنی بۆ ئێمە کردەوە، منیش دڵنیایمدا بەردەوا دەبین لەکارکردندا، بەڵام گەورەترین گرفتمان بابەتی تێکستە، ئێستا ئێمە تێکستێکمان لەگەڵ (م. فەیسەڵ محمەد ساڵح) رێکخستووە ماوەیەکی ویست، ئێمە تێکستمان نییە، تێکست گرفتێکی زۆر گەورەیە لە کاری هونەری کوردی.

نوچەنێت: ئەگەر ئاسایی بێت لە کۆبونەوەکەی سەرۆکی هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی هاوکاری پڕۆژە نوێیەکەت بکات؟ تێڕوانینی ئەو بۆ هونەرو هونەرمەندان چییە؟

ئەو کاتەى کاک نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی حکومەتیش بوو، پاڵپشتی دەکردم

سەعدون یونس: (کاک نێچیرڤان بارزانی) مێشکێکی فراوانی هەیە، زۆر بەجوانی لە شتەکان دەگات، هاوکاری زۆر کەسیشی کردووە لەڕووی کاری هونەرییەوە، بەڵام من دەتوانم تەنیا بۆ ئەوەی خۆم قسە بکەم کە بەرهەمی شارەکەم کاتی خۆی ئەو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو، هەر ئەو پاڵپشتی کردم، بەڵام ئێستا بەڵێ دەرگایەکی تەواو فراوان کراوەتەوە بۆ کارکردن لە بواری هونەریدا.

نوچەنێت: بەڕێزتان لە هەڵبژاردن خۆتان کاندید کرد بۆ پەرلەمانی کوردستان، وەک باس دەکرێت لە نێو هونەرمەندان و رۆشنبیران، دەڵێن تۆ بۆ کاری هونەری گونجاوتری نەک سیاسەت، بەڕێزت چیت هەیە بۆ ئەمە؟

سەعدون یونس: من یەکجار خۆم هەڵبژارد ئەوجارەش بە سیستەمی ئەڵمانیا تێگەشتم، لە سیستەمی ئەڵمانیا تۆ بۆت هەیە دوو دەنگی جیاواز بدەیت، واتە دەنگ بدەی بەلیست و دەنگ بدەی بە هەر کاندیدێک تۆ دەتەوێ من وا تێگەشتم، دواتر من هاوڕێیەکی خۆشەویستم هەبوو پێی خۆشبوو خۆم کاندید بکەم منی داناو ژمارە سێ پێدام، سیستەمەکەش جیاوازە دەبێت دەنگ بدەی بە لیستەکەو بە کاندیدی ناو لیستەکە، ئەوکاتە داوامکرد بکشێمەوە گوتم برا سیستەمی ئێرە جیاوازە چونکە ئەگەر وابێت تەنیا حزبە سەرەکییەکان دەنگ دەهێنن پێویست بە ئێمە ناکات خۆت بۆ ماندوو دەکەیت گوتی ئەگەر ئێستا تۆ بکشێتەوە کارەساتە منیش بایەخم پێ نەداو گوتم بابمێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ جۆرە جموجۆڵێکم نەکرد بۆ هەڵبژاردنەکە.

نوچەنێت: بۆ چی هونەرمەندانی ساڵی (80) کان لە کاری هونەری دوورکەوتوونەتەوە؟ (م. فەیسەڵ، خەلیل یابە، چەندانی تر) ئەو دوور کەوتنەوەیە هۆکارەکەی چییە؟ کە زۆرێکیان هاوڕێ و دۆستی بەڕێزتن؟

سەعدون یونس: لە هەموو شتێکدا ئەگەر سەرکردەت نەبێت تۆ ناتوانی هیچ بکەیت، بابەتی کشانەوەی ئەو برادەرانەش ئەوە بووە دەرهێنەرێک نەبووە کارێک بکات ئەوان بێن بیکەن، کاریان کردووە بەڵام ئەو کارە نەبووە کە جێی خۆی بکاتەوە، من ئاوا دەڵێم جا هەرکەس چی دەڵێت بابڵێت، لەبەر ئەوەی سەعدون لێرە نەبوو.

نوچەنێت: ئێوە بەشی دەرهێنەریتان تەواو کردووە بە پلەی ئیمتیاز، بەڵام زیاتر لە شانۆو نواندن دەردەکەون، کاری دەر‌هێنەریتان کردووە؟

سەعدون یونس: زیاتر لە (50) بەرهەم دەرهێنەر بووم (کەونە دەرگە، مام سمایل، ماڵی نوێ، شارەکەم، مەڕانە، محەمەد و سێوێ ئەکتەر و دەرهێنەر هەر خۆم بووم زۆربەری بەرهەمەکان دەرهێنەر و ئەکتەریش بووم.

نوچەنێت: ئایا هیچ رۆڵێکی تراژدیاتان بینیووە؟ چونکە زۆربەی رۆڵەکانتان کۆمیدین؟

سەعدون یونس: لە (مەڕانە، ماڵی نوێ، خاتوو کڵاو زێر، کەونە دەرگە) هەندێک کۆمیدی بوو بەڵام لە رەجەبیش دوو بەش بوو بەشێکی کۆمیدی بوو، بەشەکەی تری رەجەب دێتەوە سەرخۆی رۆڵێکی تراژیدیای هەبوو، بەڵام خەڵک هەر لەسەر ئەو ستایلە رۆیشت کە لەسەرەتاوە زاڵبوو بەسەر خەڵکدا، کاتێک کە رەجەب دێتەوە سەرخۆی بڕوابکە خەڵک بەردەوام نابێت، دەڵێت بەسە.

نوچەنێت: وەکو رۆژنامەنوس کۆمەڵێک وتارو لێکۆڵینەوەت پێشتر بڵاو کرایەوە، ئێستا بۆ نانوسیت هۆکارەکەی چییە؟

سەعدون یونس: بەرنامەیەکم کرد لە سۆشیال میدیا، (دیالۆگ لەگەڵ سەعدون یونس) لەگەڵ زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان کە قسەم کردووە چوار ملیۆن جار بیندرا خۆم چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد بەرنامەیەکی دیالۆگ بکەم و تەلەفۆن بۆ هەرکەسێک بکەم بڵێت نایەم، تەلەفۆنم بۆ هەرکەسێک دەکرد دەیگوت ئەو کاتەت باش مامۆستا سەعدون هیچ کەسێک نەبووە من نەناسێت، چوار ملیۆن جار بیندراوە ئەوە شتێکی خەیاڵیبووە بەردەوامم و لەبەرنامەشمدا هەیە دەستبکەمەوە بە بەرنامەکە بەشێوازێکی تر. 

نوچەنێت: بۆ ئێستا لەسەر شاشەی کوردی یاخود درامادا نابینرێیت، هۆکاری تایبەتیت هەیە یاخود چییە؟

سەعدون یونس: هۆکاری تایبەتیم نییە، هۆکاری من دەقە بۆ نمونە، کەس هەبووە پێی وتوم حەز دەکەم بەشداربیت لەبەرهەمەکەم پێی خۆشە ناوەکەت و جێگەو کەسایەتییەکەت بەکاربهێنێت، منیش پێم خۆشە چی تێدایە، ئیتر کە دەقەکەم دەخوێندەوە شتێکی وانییە، تا ئێستاش بەرهەمێکم نەدی کە خۆزگە بخوازم بڵێم من ئەکتەربم لەو بەرهەمە، ریکلامیش هونەرێکی گەورەیە، تۆ دەبێت بزانیت ریکلام لەجیهان هونەرێکی زۆر گەورەیە ئەوانەی بەناوبانگن زۆر بەشێوەیەکی باش لەگەڵ ریکلام هەڵسوکەوت دەکەن لەناو دراماکاندا، بەڵام لای ئێمە ریکلاممان نییە، لە کوردستان پارەیەکی زۆر خەیاڵیان پێشکەش کردم بۆ دوو دەقە، بەڵام لەبەری ئەوەی ریکلام نییە لای ئێمە و بەشێوەیەکی باش سەیر ناکرێت، گوتم ناتوانم بیکەم چونکە خەڵکی کوردستان بە چاوێکی جوان سەیری ریکلام ناکات، من خۆم بڕوام پێی هەیە، بەڵام دەبێت تۆ هەستی خەڵک بپارێزیت منیش نەمکرد.

هونەر و کولتوور هەرگیز تەواو نابێت تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە هەناسەت نامێنێت کە هەناسەت نەما ئیتر هیچ شتێک نامێنیت، بەڵام هەتا هەناسە هەیە ئێمەش بەردەوام دەبین لەکاری هونەری خۆمان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین