بڵند ئیسماعیل: پشودرێژی نێچیرڤان بارزانی لە سیاسەت هەمیشە ئەنجامی هەبووە دیمانە

چنار خۆشناو: نوچەنێت

بڕیارە رۆژی  "پێنج شەممە  2022-6-9  " لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی لایەنەسیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکی هەرێم و بەشداری جنین پلاسخارت سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەبچێت.

 لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دۆخێکی سیاسی ئاڵۆز لە هەرێمی کوردستان و عێراق هاتە ئاراوە، تا رۆژی 22ی ئایاری 2022، نێچیرڤان بارزانی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کرد، دوای ئەوە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوونەوە، لەم هەفتەیەشدا بڕیارە کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنەسیاسییەکان ئەنجام بدرێت.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیمانەیەکی نوچەنێت دەڵێت: پشودرێژی نێچیرڤان بارزانی لە سیاسەت وادەکات کە ئەنجامی گرنگ و باشی سەردانەکەی ببینین.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی رۆژی 9ی حوزەیران بڵند ئیسماعیل گوتی"ئەم کۆبونەوەیەوە لەسەر داوای جنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانە لە عێراق، ئامانج لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە گرنگی بە هەرێمی کوردستان بدرێت و دەیەوێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان،  زیاتر لێک نزیک بکاتەوەو بەتایبەت لە بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەوان وەکو un گرنگی بەم بابەتە دەدەن".

کاک نێچیرڤان وەکو سەرۆکی هەرێم مامەڵە لەگەڵ پارتی و سەرجەم لایەنەکانی دیکە دەکات

لە بارەی دەستپێشخەریی و کاریگەری سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە سیاسییەکان ئەم بەرپرسەی پارتی دەڵێت" بێگومان کاریگەری زۆر باشی هەبووە. بەدڵنیایەوە لە دوای سەردانی بەڕێزیان بۆ شاری سلێمانی زۆر گرێکوێرە کرایەوە. پێموایە ئەم  هەفتەیە ئەم دانیشتنانە دەست پێ دەکەنەوە و هەوڵدەدرێت بەلای کەمی ئەگەر لەسەر بابەتی سەرۆککۆماریش  کێشەهەبێت لە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لێکتێگەیشتن هەبێت، چونکە ئەو کێشانەی کە پەیوەندیان بە هەرێم هەیە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەولەویەتی پارتییە".

لە ئەگەری نەبوونی بۆچونی هاوبەش لەو کۆبوونەوانەی کە بڕیارە لە داهاتودا لە نێوان یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت، دۆخەکە بەرەوکوێ دەچێت؟ بڵند ئیسماعیل لەوەڵامی ئەپرسیارە رایوایە" کاک نێچیرڤان بارزانی پشودرێژە و لە هەلومەرجی سیاسی هەرێمی کوردستان، زۆرباش تێدەگات و دەشزانێت دۆخی یەکێتی و پارتی و جیاوازییە سییاسیەکانیش چۆنە، بەڵام بەڕێزیان وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاردەکات، بۆیە پێموایە هەوڵەکانی بێ ئامانج نابن، ئەگەر بابەتەکە درێژەش بکێشێ پێموایە کاک نێچیرڤان لەوە ماندونابێت و بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان".

سەرجەم لایەنەن سیاسییەکان هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بەرز دەنرخێنن

دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، کۆمەڵێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و میدیاکار و رۆشنبیران، هەوڵەکانیان بەرز نرخاند.

ئایا سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەم گرنگییەوە لە دەستپێشخەرییەی جەنابییان دەڕوانن؟ بڵند ئیسماعیل جەخت لەوەدەکاتەوە" بە دڵنیاییەوە هەموان بەگرنگییەوە لە هەوڵەکان و پێگەی جەنابیان دەڕوانن، پێشتریش زۆر کێشە هەبووە لە نێوان پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تر کاک نێچیرڤان، توانیویەتی چارەسەری بکات.هەتا ئەگەر ناکۆکییەک پارتیشی تێدانەبێت و لە بەینی حزبەکانی تردابێت ئەوا ئەو رۆڵی بنەڕەتی تێدا دەبینێت و- وەک سەرۆکی هەرێم مامەڵە لەگەڵ پارتی و یەکێتی و سەرجەم حزبەکانی دیکە دەکات، هەربۆیەش سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانی بەڕێزیان بەرزدەنرخێنن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین