ڕۆستەم خامۆش: ئەو کەسەى شیعر بۆ منداڵان دەنووسێ، دەبێ منداڵناس بێ دیمانە

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

نووسەرى کتێبى (ئەدەب و هونەر منداڵان)، کە بە هاوبەشى لەگەڵ د. هاوژین سلێوە نووسراوە، لە دیمانەکى تایبەتدا لەگەڵ نوچەنێت، تیشک دەخاتەسەر گرنگى شیعر و نووسینى ئەدەب و هونەرى منداڵان.

ڕۆستەم خامۆش، کە خاوەنى حەوت کتێبى چاپکراوە لە بوارى شیعر و ئەدەبى منداڵان، سەبارەت بە نووسینى شیعر بۆ منداڵان دەڵێـت، "منداڵ جیهانێکی زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە ناسینی ئەو جیهانە هەیە کە تێیدا دەژی، بۆیە ئەو شاعیرەی کە بۆ منداڵان دەنووسێ، دەبێ شارەزایی هەبێ لە دەروونزانیی و گەشە و زمان و لایەنی پەروەردەیی منداڵ."

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ ڕۆستەم خامۆش، نووسەر و شاعیر:

نوچەنێت: مێژووى شيعرى منداڵان لە ناو كورد بۆ كەى دەگەڕێتەوە؟

ڕۆستەم خامۆش: پێم وایە باسکردن لە مێژووی دەستپێکی شیعری منداڵانی کورد، ئەوەندە ئاسان نەبێ، بەڵام بە شێوەی زارەکیی، مێژووەکەی زۆر کۆنە و ناتوانرێ کاتەکەی دەست نیشان بکرێ، یان ڕەنگە کاتێ منداڵان یارییان کردووە، پێدەچێ بۆخۆیان شیعریان گوتبێ و لەگەڵ یاری کردنەکەیان سترانیان چڕی بێ، یاخود دەتوانین بڵێین، دایکان بۆ خەواندنی منداڵەکانیان، یان لە کاتی گریانیان بە شیعر و گۆرانیی ژیریان کردبنەوە، هەر وەک شاعیری فەڕەنسی "لامارتین" دەڵێت: (جوانترین شیعر لە سەرانسەری جیهاندا، لایلایەی دایکانە). بۆیە مێژووی شیعری منداڵان لە ناو کورد و هەموو نەتەوەکانی دیکەش، سەرەتاکەی نادیارە و زۆر لەوە کۆنترە، کە کاتێکی وەک دەستپێک بۆ دیاریی بکرێ. بۆیە پێویستە شارەزایان و لێکۆڵەران، توێژینەوەی زۆرتر و زیاتر لە بارەی شیعر و ئەدەبی منداڵان بکەن، بەڵام ئەگەر شیعری نووسراوی کوردیی بۆ منداڵان، لە "ئەحمەدی خانی" (1650–1707)، دەست پێبکات و وەک یەکەم شاعیری کورد ئەژمار بکرێ، کە ئەویش فەرهەنگی «نووبهارا بچووکان»ـە و بەرهەمی ساڵی (1683)ی زایینیە و بە شیعر بۆ فەقێ و قوتابیانی نووسیوە و مەبەستی بووە فێری زمانی عەرەبییان بکات، کە بێگومان بۆ کاتی خۆی پێویست و گرنگ بووە، بەڵام ئایا (بە پێی پێوەر و پێناسەی ئەدەبی منداڵان، یان ئەو مەرج و تایبەتمەندییانەی تێدا بووە کە پێویستە لە ئەدەبی منداڵاندا هەبن)؟

دواتر "شێخ مارفی نۆدێ" (1753-1838) هەر لەسەر شێوازی (نووبهارا بچووکان)، لە ساڵی (1795) کتێبی (ئەحمەدی) داناوە، جیا لەوانەش کەسانی دیکەش هەبوون کە فەرهەنگیان نووسیوە، بۆیە توێژەران و ڕەخنەگران تا ئێستا ڕای جیاوازیان هەیە، کە ئایا ئەو فەرهەنگانە دەکرێ ببنە سەرەتای مێژووی نووسینی شیعری منداڵانی کورد؟

با چاوەڕێ بکەین، بەڵکو لە داهاتوودا، خەمخۆران و دڵسۆزانی ئەدەبی منداڵانی کورد، باشتر کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن و مێژووی شیعری منداڵان لەناو نەتەوەی کورد ساغ بکەنەوە. 

بە ڕای شارەزایان، کە ئاماژەیان پێکردووە و دەڵێن: تایبەتمەندییەکانی شیعری منداڵان، پێویستە ئەو تایبەتمەندییەیان تێدابێ، کە بریتین لە: 

١- شیعرەکە بە زمانێکی سادە و ساکار نووسرا بێت.

٢- ڕەگەزی خەیاڵی تێدا بەهێز بێت.

٣- نابێ وشەی قورس و ئاڵۆز و هێمای تێدا بێت.

٤- پێویستە دەقەکە لە دونیای منداڵەوە هەڵقوڵا بێت.

٥- منداڵ حەز و ئارەزووەکانی خۆی تێدا بدۆزێتەوە.

٦- شیعرەکە ئاسان و سەر بە فەرهەنگی منداڵ بێت.

٧- وشەکانی ناسک و جوان و مۆسیقی بن.

٨- ناوەڕۆکی شیعرەکە واتا و پەیامی تێدا بێت.

٩- شیعرەکە سوودبەخش بێ، یان منداڵ دڵخۆش بکات.

١٠- وا چاکە شیعری منداڵان، بڕگەکانی کورت بن. 

بۆیە پێویستە شارەزایان و دڵسۆزانی ئەدەبی منداڵانی کورد، زیاتر و زانستیانەتر کاری بۆ بکەن و ساغی بکەنەوە.

بەڵام ئەگەر باسی "زێوەر" (1875-1948)، بکەین، کە هەر لە سەرەتاوە شیعری بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕی لەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگە داوەتەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین نزیکەی یەک سەدەیە شیعری نووسراومان هەیە، کە بە زمانی منداڵ نووسرا بێ، لەگەڵ زێوەر و دوای ئەویش: (بێکەس و گۆران و کاکەی فەلاح و ع.ع. شەونم و فەرەیدون عەلی ئەمین و عوسمان محەمەد هەورامی و دایکی سۆلاڤ و مەدحەت بێخەو... هتد). کە لە باشووری کوردستان، لەسەر دەستی ئەوان و چەندین شاعیری دیکە، ئەوا ئەدەبی منداڵانی کورد دەچێتە قۆناغێکی باشتر، هەروەها لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، شاعیران شیعریان بۆ منداڵان نووسی و دەرکەوتن و خزمەتیان بە شیعر و ئەدەبی منداڵانی کورد کردووە. 

مێژووی شیعری منداڵانی کورد،  بەڵام بە شێوەی زارەکیی، مێژووەکەی زۆر کۆنە

نوچەنێت: هەندێ لە شاعيرانى کورد لە سەردەمی كلاسيک و نوێ،  تا دەگاتە قۆناغی شیعری ئازاد، لە زۆر بوار شيعريان نووسيوە و ئاوڕیان لە شیعری منداڵانیش داوەتەوە، بەڵام كام شاعير تەنها شيعرى بۆ منداڵان نووسيوە؟

ڕۆستەم خامۆش: بەڵێ ڕاستە هەندێ لە شاعیرانی کورد لە سەردەمی کلاسیک و دوای ئەوانیش، کە پێی دەگوترێ قۆناغی (نوێگەریی)، تا دەگاتە قۆناغی شیعری ئازاد، شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، بەڵام قەڵەمەکەیان تایبەت نەکردووە بۆ نووسینی شیعری منداڵان، لەگەڵ بەردەوام نووسینیان بۆ گەورەساڵان، تەنها ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان داوەتەوە و شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، بۆیە تا ئێستا پێم وایە شاعیرێکمان نییە کە خۆی یەکلا کردبێتەوە بۆ نووسینی شیعر و کار کردن لە ئەدەبی منداڵان، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا قەڵەمی جوان دەرکەوتوون لە بواری نووسینی شیعری منداڵان، بەڵام هەر ئەو قەڵەمانەن کە بۆ چەند بوارێکی دیکەش دەنووسن، جا بۆ بەرەو پێشچوونی ئەدەبی منداڵانی کورد، پێویستە شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگر و لێکۆڵەری تایبەت بەو بوارە هەبن، تا ئێمەی کوردیش بتوانین لە ئەدەبی منداڵان هەنگاوی باشتر بهاوین و بەرەو پێشتر بچین.

نوچەنێت: لە کەیەوە شیعر بۆ منداڵان دەنووسی، جگە لە شیعر نووسین، بابەتی دیکەت نووسیوە بۆ منداڵان، یاخود لە بارەی ئەدەبی منداڵانەوە نووسینتان هەیە؟

ڕۆستەم خامۆش: لە ساڵی (2000)وە شیعر بۆ منداڵان دەنووسم و تا ئێستاش هەر بەردەوامم لە شیعر نووسین و بڵاوکردنەوە، بەڵێ جگە لە شیعر نووسین چەند چیرۆکێکیشم بۆ منداڵان نووسیوە، چەند وتار و بابەتێکم لە بارەی ئەدەبی منداڵان نووسوە و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاو کراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین دیمانەم لەگەڵ شاعیران و نووسەران و شارەزایانی بواری ئەدەبی منداڵان ساز کردووە، کە ئەوانیش بڵاو کراونەتەوە لە هەندێ، لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان. 

نوچەنێت: دونياى منداڵ دونيايەكى تايبەتە، شاعير چۆن دەتوانێت هەستى خۆى دابەزێنێت بە جۆرێک دەقەكەى دابڕێژێت لە ئاستى منداڵ دا بێت؟

ڕۆستەم خامۆش: بێگومان زۆر ڕاستە، کە دونیای منداڵ، دونیایەکی تایبەتە و پڕە لە خەیاڵ و ناسکیی و جوانیی و ڕەنگاڵەیی، مێشکی منداڵ پڕە لە پرسیاری قووڵ و بیرکردنەوە و ڕامان و ورد بوونەوە،  لەگەڵ ئەوەشدا جیهانێکی زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە ناسینی ئەو جیهانە هەیە کە تێیدا دەژی، بۆیە ئەو شاعیرەی کە بۆ منداڵان دەنووسێ، دەبێ منداڵناس بێ و شارەزایی هەبێ لە دەروونزانیی و گەشە و زمان و لایەنی پەروەردەیی منداڵ.

باشترین جێگە و شوێن بۆ سوود وەرگرتن لە شیعری پەروەردەیی، قوتابخانەیە.

 نوچەنێت: ئەو شاعيرانەى شيعريان بۆ منداڵان نووسيوە، ڕەچاوى قۆناغەكانى منداڵييان كردووە؟

ڕۆستەم خامۆش: بەڵێ هەندێ لە شاعیران، زیرەک و شارەزایانە، توانیویانە دەقی جوان بۆ منداڵان بنووسن و ڕەچاوی تەمەن و قۆناغەکانی منداڵییان کردووە، بەڵام زۆر نین ئەو شاعیرانەی کە لێزانانە بە زمانی منداڵ دەنووسن. بۆ ئەوەی شاعیری بواری منداڵان سەرکەوتوو بێ لە نووسینەکانی، وا چاکە زۆر بخوێنێتەوە لە بوارەکانی (ئەدەب و دەروونزانیی و پەروەردەی منداڵ)، دەبێ خۆی ڕۆشنبیر بکات و شارەزاییەکی باش پەیدا بکات لە بارەی منداڵناسییەوە. 

نوچەنێت: تاچەند لە شيعرى منداڵان بايەخ بە لايەنى پەروەردەيى دراوە، هەوڵدراوە منداڵان لە بوارى پەروەرەدە و بنياتنانى خود سوود لەو شيعرانە وەربگرن؟ 

ڕۆستەم خامۆش: بە دڵنیاییەوە زۆرێک لە شاعیران بایەخ و گرنگییان داوە بە لایەنی پەروەردەیی لە شیعرەکانیان بۆ منداڵان، بەڵام باشترین جێگە و شوێن بۆ سوود وەرگرتن لە شیعری پەروەردەیی، قوتابخانەیە. بۆیە پێویستە ئەو شیعرانەی کە ناوەڕۆکەکانیان پەیامێکی پەروەردەییان لەخۆگرتووە، وا چاکە لەلایەن کەسانی شارەزاوە دەست نیشان بکرێن و دواجار بخرێنە نێو کتێبی خوێندنی قوتابخانە، بۆ ئەوەی قوتابیان سوودی لێببینن. 

نوچەنێت: وەک شاعيرێک كە ساڵانێكە لە بوارى منداڵان شيعر دەنووسى، بە چ ڕێگەيەک هەوڵ بدرێت منداڵان سوود لەو شيعرانە وەربگرن؟

ڕۆستەم خامۆش: لە ڕێگەی کتێب و گۆڤارەوە، باشترین ڕێگەیە کە منداڵان بتوانن سوودی لێ وەربگرن، بەڵام بە داخەوە کە وەک پێویست کتێبی منداڵان چاپ ناکرێ، گۆڤارەکانی تایبەت بە منداڵانیش، ئێستا زۆربەیان دەرناچن و ڕاگیراون، کە دەڵێین باشترین ڕێگە بۆ سوود گەیاندن بە منداڵان کتێب و گۆڤارن، چونکە هەموو نووسین و وێنەکان تایبەتن بە منداڵان و لە ئاست تێگەیشتنی خۆیانن. 

نوچەنێت: دونياى منداڵ دونياى وێنەيە، پێويستە چ وێنەيەک لە شيعرى منداڵان زەق بكرێتەوە؟

ڕۆستەم خامۆش: بێگومان وێنە کاریگەریەکی زۆری هەیە لای منداڵان، ئەگەر منداڵی بچووک، پێنووس، یان هەر شتێکی دیکەی بەدەستەوە بێ، ئەوا بە نیازە کە وێنەیەک دروست بکات، ئەو خۆی دەزانێ کە وێنەی کێیە و چییە، بەڵام لای ئێمەی گەورەساڵ ڕەنگە چەند هێڵێک ببینین و لامان وابێ کە شتێکی بێ مانایە، نەخێر وا نییە، ئەوە کەسانی گەورەساڵن، کە ناتوانن تێی بگەن، بەڵام لە شیعردا منداڵان حەز بە وێنەی باڵدار و ئاژەڵان دەکەن، چونکە منداڵان ئەوانیان خۆشدەوێ و بە هاوڕێی خۆیانیان دەزانن. 

نوچەنێت: هەموو ئەو شاعیرانەی کە شیعر بۆ منداڵان دەنووسن، ئایا توانیویانە بچنە نێو ناخی منداڵان و بە پێی حەز و ئارەزووی ئەوان بنووسن؟

ڕۆستەم خامۆش: نەخێر، هەموو ئەو شاعیرانەی کە دەستیان داوەتە قەڵەم و گوایە شیعر بۆ منداڵان دەنووسن، کە ڕەنگە پێیان وابێ کارێکی ئاسانە و ڕیزکردنی هەندێ وشەی سادە دەبێتە شیعری منداڵان، ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە کە نووسینی شیعر بۆ منداڵان، ئاسان نییە و زۆر زەحمەتترە لەوەی کە دەقێک بۆ گەورەساڵان بنووسی، لە بەر ئەوەی ناکرێ لە شیعری منداڵاندا، شاعیر بە ویستی خۆی بنووسێ و دونیای منداڵانی لە بیر بچێتەوە، نابێ شاعیر لە نووسینی شیعری منداڵاندا گەمە بە زمان بکات، دەبێ زۆر بە وریایی و لێزانیی وشە لە شوێنی خۆی دابنێ، بۆیە هەموو ئەو شاعیرانەی کە بۆ منداڵان دەنووسن، جگە لە چەند شاعێرێکی دڵسۆز و خامە ڕەنگین، زۆربەیان نەیان توانیوە سەرکەوتوو بن لە نووسینی شیعری منداڵاندا.

نوچەنێت: وەک شاعيرێكى بوارى منداڵان بە بۆچوونى تۆ كتێبخانەى كوردى بەراورد بە چيرۆک، تاچەند بايەخى بە شيعرى منداڵان داوە؟

ڕۆستەم خامۆش: بە گشتی کتێبخانەی کوردیی زۆر هەژارە لە بارەی کتێبی تایبەت بە منداڵان، کەمتر گرنگیی بەو بوارە دەدەن، ئەوەی ئێستا کە لە کتێبخانەی کوردیی دەبینرێ، کتێبی شیعرە، هەر چەندە ئەویش وەک پێویست نییە و دەکرێ زیاتر بێ، بەڵام لە ئاست خواستی منداڵان، چیرۆکنووسمان نییە و کتێبی چیرۆکی تایبەت بە منداڵان ئەوەندە بەر چاو ناکەون کە جێگەی دڵخۆشیی بێ، مەبەستم چیرۆکی جوان و باشە، یاخود بڵێین چیرۆکی پڕ لە ئافراندن و داهێنەرانە بە کەمیی دەبینرێ، بۆیە پێویستە ناوەندەکانی چاپ و بڵاو کردنەوە، زیاتر گرنگیی بە کتێبی منداڵان بدەن، تاکو کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند بێ لەو بوارەدا، دواتر ئەدەبی منداڵانیش بەرەو پێشتر دەچێ و دەبێتە جێگەی دڵخۆشیی هەموان.

نوچەنێت: تا ئێستا خاوەنی چەند بەرهەمی چاپکراوی؟

ڕۆستەم خامۆش: تا ئێستا (7)کتێبی چاپکراوم هەیە، کە بریتین لە:

١- داری هیوا، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2017، هه‌ولێر.

٢- گوڵی ئاوات، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2019، هه‌ولێر.

٣- ژینگەی کوردستان، شیعر بۆ منداڵان، کۆکردنەوە و ئامادەکردن، ساڵی 2020، هه‌ولێر.

٤- دۆستی ژینگه‌م، هۆنراوەی ژینگەیی بۆ منداڵان، ساڵی 2021، سلێمانی. دووجار چاپکراوە.

٥- باخی ئومێد، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2021، سلێمانی.

٦- هاوڕێی پێنووس، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2021، هه‌ولێر.

٧- ئەدەب و هونەری منداڵان، دیمانە و ئامادەکردن، ساڵی 2022، کۆیە، بە هاوبەشی لەگەڵ د. هاوژین سڵیوە. 

کتێبخانەی کوردیی زۆر هەژارە لە بارەی کتێبی تایبەت بە منداڵان.

نوچەنێت: كتێبى ئەدەب و هونەرى منداڵان، كە لەگەڵ د. هاوژين سڵیوە، پێكەوە ئامادەتان كردووە، ناوەڕۆکى ئەو كتێبە باس لە چی دەكات، كێن ئەوانەى زياتر سوود لەو كتێبە دەبينن؟

ڕۆستەم خامۆش: كتێبی (ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵان)‌بۆ هه‌موو كه‌سێک سوودبه‌خشه‌ و گرنگه‌ بیخوێنێتەوە، چونكه‌ به‌شی هه‌موو كه‌سێكی تێدایه‌ و بێگومان ده‌توانێ به‌شی خۆی لێ هه‌ڵبهێنجێ و كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرێ، به‌ڵام ئه‌و كتێبه‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌ و ده‌كرێ له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ زیاتر ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌ و باشتر به‌ خوێنه‌رانی ئازیز و خۆشه‌ویستی بناسێنین و ئاشنای بكه‌ین و بڵێین: خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ سوودبه‌خشه بۆ:

١- هه‌موو شاعیران و نووسه‌رانی بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، چ ئه‌وانه‌ی ساڵانێكه‌ بۆ منداڵان ده‌نووسن و یان ئه‌وانه‌ی‌ تازه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدانی ئه‌م بواره‌وه‌‌.

٢- ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ كاری مۆزیک و گۆرانی و شانۆ بۆ منداڵان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ كاری باشتر بكه‌ن.

٣- ئه‌وانه‌ی به‌رنامه‌ی منداڵان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا، یان كاری دۆبلاژی فیلم كارتۆنی منداڵان ده‌كه‌ن.

٤- ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ ئاگاداری ڕه‌وشی میدیای منداڵان بێ و ڕۆژنامه‌نووسی منداڵانی لا گرنگه‌.

٥- به‌ پێویست و گرنگی ده‌زانین كه‌ هه‌موو دایكان و باوكان، ئه‌م كتێبه‌ بخوێننه‌وه‌، تا زیاتر منداڵه‌كانیان بناسن و په‌روه‌رده‌یه‌كی جوان و باشیان بكه‌ن و له‌ گرنگی مافه‌كانیان‌ تێبگه‌ن و حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیان بۆ: (شیعر و چیرۆک و سروود و گۆرانی و شانۆ و فیلم كارتۆن و نیگاركێشان... هتد) به‌ هه‌ند وه‌ربگرن.

٦- وا چاکە مامۆستایان ئەو کتێبە بخوێننەوە، جا ئه‌و مامۆستایانە له‌هه‌ر ناوه‌ندێكی خوێندندا وانه‌ بڵێنه‌وه‌، چونكه‌ كاتێ مامۆستایان ئه‌و كتێبه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ و پاشان كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن، ده‌كرێ ئه‌وانیش دواتر خوێندكارانی لێ به‌هره‌مه‌ند بکەن.

٧- هه‌ر كه‌سێک منداڵی خۆشده‌وێ و به‌ گرنگی ده‌زانێ و ده‌یه‌وێ كاری بۆ بكات.

٨- ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ خه‌مخۆر و دڵسۆزی گه‌ل و نیشتمان ده‌زانن و كار بۆ به‌ره‌و پێشبردنی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن.

٩- ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێ منداڵناس بن و زانیارییان هه‌بێ له‌سه‌ر‌ بابه‌ته‌كانی: ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ده‌روونناسی و په‌روه‌رده‌ی منداڵ.

١٠- پێمان وایە کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان) دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی باش لێی بڕوانرێ بۆ تێگەیشتن لە ئەدەب و هونەری منداڵان، چونکە کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەند و کەسانی شارەزا لە چەندین شار و وڵات و ژینگە و شوێنی جیا، وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەیان داوەتەوە و دید و بۆچوون و هزری خۆیان خستۆتە ڕوو.

١١- دەکرێ بۆ توێژینەوە لەبارەی ئەدەبیاتی منداڵان، یان بۆ نامەی ماستەر و دکتۆرا لەو بارەوە، سوودی لێوەر بگیرێ.

١٢- وای دەبینین ئەو کتێبە، لە نێو کتێبخانەی کوردیی، کەم وێنەیە و لە هیچ کتێبێکی دیکە ناچێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین