رائید کارزان سلێمان: كەسانى بیانى دەتوانن لە ماڵەوە داواى ئیقامە بکەن دیمانە

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

رائید کارزان سلێمان، بەڕێوەبەرى بەشى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى نشینگەى هەولێر لە دیمانەیەکى تایبەت بە نوچەنێت، باس لە زۆربوونى داواکارى وەرگرتنى ئیقامە دەکات و دەشڵێت، مەرجەکانى وەرگرتنى مۆڵەتى نیشتەجێبوون لە هەرێمى کوردستان قورس نییە و بریتین لە "لایەنی ئەمنییە کە پێشییەنەی هەموو شتێکە، دووەمیان پشکنینى تەندرووستی، سێیەمیان، دەبێت شوێنی کارکردنی یاخود کارەکەى دیاربێت."

 

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ رائید کارزان سلێمان، بەڕێوەبەرى بەشى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتی نشینگەى هەولێر:

نوچەنێت: کێن ئەوانەی ئیقامە وەردەگرن؟ ئایا زیاتر خێزاندارن یاخود سەڵتن؟

رائید کارزان سلێمان: ئەوانەی کە ئیقامە وەردەگرن کەسانی بیانین جگە لە پاسەپۆرتی عێراقی، ئێمە کوردی سێ پارچەی کوردستانمان هەیە، بۆ نموونە کوردی (سووریا، ئێران، تورکیان) ئەوانە کوردن بەڵام کە پاسەپۆرتیان هی وڵاتێکی ترە ئیقامە وەردەگرن لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا وەک ( هیند، بەنگەلادیش، نیپالی، غانا، ئەندەنوسیا، هتد...)، هەمانە خێزاندارە، بەتایبەت ئەوانەی کە کاری بازرگانی دەکەن لەکوردستان، بەردەوام لێرەن ئەوانە بەخێزانەوە دێنە ئێرە و هەمووشیان ئیقامە وەردەگرن.

نوچەنێت : چەند جۆر ئیقامە هەیە، داواکاری لەسەر کامە جۆری ئیقامە هەیە زیاتر؟

رائید کارزان سلێمان: ئیقامەی خێزانداریمان هەیە، لەگەڵ ئیقامەی تاکەکەسی، بەڵام زیاتری ئیقامەی کارە، واتا ئەوانەی کەلێرەن بەهۆی کاریگەری ئەو ئابوورییەی لەسەر وڵاتیان هەیە، بەتایبەت (ئێران، تورکیا سووریا) دێنە ئێرە بۆ کارکردن.

نوچەنێت: ئەو گیروگرفتانە چین کە رۆژانە رووبەڕوویان دەبنەوە؟

رائید کارزان سلێمان: کێشەی گەورەی ئێمە زیاتر لە دواکەوتنی ئیقامەیە، ئەوانەی ئیقامەیان هەیە، کە بەسەردەچێت  کەمتەرخەمی دەکەن لە نوێکردنەوەى، کە نوێی دەکاتەوە غەرامەی دەکەوێتە سەر، بڕی غەرامەکە زۆرە، بۆچی زۆرە؟ ئێمە ئەو بڕەیەمان داناوە بۆ ئەوەی پابەند بێت بەو رێنماییانەی کە دانراوە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو کارەی کە دەیکات کە کەمتەرخەمی دەکات تووشی غەرامە دەبێت و کێشە بۆ ئێمە دروست دەکات، ئەو کێشانەمان زۆر تووش دەبێت، لە پێدانی ئیقامە لە هەموو وڵاتێک حکومەت پارەت لێ وەردەگرێت بۆ رسوومات، ئێمەش لە هەر وڵاتێک داوای ئیقامە بکەین، هەر رسوومات دەدەین، خەڵکێک هەیە کە کوردی ئێرانە یاخود تورکیا یان سووریایە، دەڵێت: من کوردم بۆچی ئەو پارە بدەم؟ راستە ئەو کوردە، بەڵام ئەو پاسەپۆرتەی هەیەتی تورکییە یا ئێرانییە ئیتر ئەو جۆرە کێشانەن، کێشەی ترمان نییە دواتر بەڕێوەبەرایەتی پاسەپۆرتی هەولێر تاکە بەڕێوەبەرایەتییە لە هەموو دونیا  هەتا لەوڵاتانی ئەوروپیش ئەو شێوازە زۆر کەمە کە بەشێوەی ئۆنلاین کار دەکات، تۆ لەماڵەوەی دەتوانی داوای ئیقامە بکەی، ئەوە سیستەمێکی تازەیە و کاری پێدەکرێت زۆریش لە کاری ئێمەی کەمکردووەتەوە.

نوچەنێت: مەرجەکانی ئیقامە چین ؟

رائید کارزان سلێمان: مەرجەکانی ئیقامە زۆر قوورس نییە، یەکەمیان؛ لایەنی ئەمنییە کە پێشییەنەی هەمووشتێکە، دووەمیان؛ لایەنی تەندرووستییە کە دەبێت ئەو کەسە لە رووی تەندرووستییەوە نەخۆش نەبێت، دەبێت لێرە پشکنین بکات بۆ هەندێک نەخۆشی کە ئێمە تیشک دەخەینە سەری چونکە لێرە کار دەکات و دادەنیشێت، سێهەمینیان؛ دەبێت شوێنی کارکردنی دیار بێت چ کارێک دەکات یاخود چۆن دەژی لێرە.

نوچەنیت: تا ئێستا چەند ئیقامە دراوە؟

رائید کارزان سلێمان: رۆژانە ئێمە رێژەی ئیقامەمان هەیە وەکو رۆژ (300بۆ400)کارت کۆپی دەکرێت بەڵام نزیکەی (100بۆ200) نوێکردنەوەی ئیقامەیە، بەشی ترمان هەیە کە تەمدیدە کە ئیقامە نییە بۆ نمونە کەسێک دێتە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی یەک مانگ دەتوانێت لێرە بێت پێویست بەسەردانیکردنی ئیقامە ناکات، بۆ نمونە فرۆکەخانە بێت یاخود دەروازە سنوورییەکان، یا خاڵی پشکنینەکان خەتمێکی بۆ لێدەدرێت کە بۆ ماوەی یەک مانگە، هەیە ئیشوکارێکی وای هەیە بۆ ماوەی دوو مانگ یاخود سێ مانگ ئەوانە تەمدید دەکرێت، ئەو تەمدیدە کارت نییە ئێمە بیدەین کە لێرە کار بکات شتێکی کاتییە بۆ ئەو ماوە کورتە.

نوچەنێت: کێن ئەوانەی  روو لە هەولێر دەکەن؟

رائید کارزان سلێمان: وەکو هەرێمی کوردستان، هەولێر سەنتەرە بە حکومی ئەوەی زۆربەی دەزگاکان لێرەن و سەرچاوەی سەرەکی ئیش و کارە، ئەوانەی زیاتر رووی تێدەکەن ( بازرگانەکان، رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانن، ئەو رێکخراوانەی کە هاوکاری پەنابەران دەکەن، رێکخراوە خێرخوازییەکانیشە) لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش کە کێشەی هەلی کارییان هەیە زۆر سەردان دەکەن.

نوچەنێت: ئیقامە پێدان کاتییە، ماوەکەی چەندە؟ ئایا نوێکردنەوەکەشی بەهەمان شێوازی کۆن دەبێت؟

رائید کارزان سلێمان: نەخێر بەشێوازی کۆن نییە، هەرکەسێک کە ئیقامە دەردەهێنێت بۆ یەکەم جار جیاوازی هەیە لەگەڵ دووەم، چونکە لە جاری دووەم کەفیلەکەی دەگۆڕێت، یاخود سپۆنسەرەکەی دەگۆڕێت، ئەوکاتە رێکارییەکە جیاوازترە، دەبێت ئەوکەسەی کەفیلی بووە یاخود سپۆنسەری کردووە بێت هەڵی وەشێنیتەوە کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوکەسە نییە، بەڵام ئێستا لای سپۆنسەر کار ناکات لە شوێنێکی تر کار دەکات، یا ئەوەی کەفیلە کەفالەتی ناکاتەوە، ماوەی ئیقامەش ( شەش مانگمان هەیە لەگەڵ ساڵێك) لەو دووانە زیاترمان نییە.

نوچەنێت: زۆربەی ئەوانەی کار دەکەن دەبێت پشتگیری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیان پێبێت، ئێوە چۆن لەوە دڵنیا دەبنەوە کە ئەوانە لێرە کاردەکەن؟

رائید کارزان سلێمان: ئێمە لەدوای پشکنینی خوێن، نووسراوێک بۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵاتی دەکەین، ئەوانیش بەدواداچوونی بۆ دەکەن و وەڵامی نووسراوەکە دەدەنەوە، ئێمەش وەکو خۆمان بەشێکمان هەیە بەشی چاودێری کردنە، چاودێری ئەو شوێنانە دەکەین کە ئەوان کاری تێدا دەکەن، تا دڵنیا ببینەوە ئایا ئەوان بەدروستی کار لەو شوێنە دەکەن یاخود دوورە لەڕاستی، بەڵام زیاتر ئەوە ئەرکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین