شەفیقى حاجى خدر: وەرگێڕان لە جیهانی کتێبی کوردییدا لە قۆناغى هەوڵى تاکەکەسیدایە دیمانە

هەڵگورد مەسعود: تایبەت بە نوچەنێت

شەفیقى حاجى خدر، لەدیمانەیەکى تایبەت لەگەڵ نوچەنێت، ئەزموونى خۆى لەبوارى وەرگێران باس دەکات و دەڵێت، "وەرگێڕان لە جیهانی کتێبی کوردییدا هەوڵێکی تاکەکەسییە، لە سەر حیسابی کاتی تایبەتی و تەندروستی خۆیەتی، لەبەرانبەردا وەک کار، وەک پیشە هیچی وەهای لێبەرهەم ناهێنێ."

ژمارەى ئەو کتێبانەى تاوەکو ئێستا لە هەردوو زمانى ئینگلیزى و هۆڵەندییەوە شەفیقى حاجى خدر وەریگێڕاون بۆ سەر زمانى کورد گەیشتۆتە (22) بەرهەم، لەنێو ئەو ژمارەیەدا چەند بەرهەمێکى تایبەتە بە ئەزموونى سیاسى ئیسرائیل. سەبارەت بە کارکردنى لەسەر مێژووى ئەو وڵاتە گووتیشى، "بیرەوەریی سەرکردایەتی ئەوان، خوێندنەوە و تێڕامانی زۆر هەڵدەگرێ، هەر هیچ نەبێ، ئەگەر بەراوردی بکەی بە شۆڕش و بزووتنەوە چەکدارییەکانی کورد و سەرکردایەتییەکەی، زۆر شت بۆ خوێنەر دەردەکەوێ."

 

دەقى دیمانەکەى شەفیقى حاجى خدر لەگەڵ نوچەنێت:

نوچەنێت: دەرگاى پرسیارەکان بەم پرسیارە دەکەینەوە، ماوەیەک چەند بەرهەمێکى یەک بە دواى یەکدا بۆ سەر زمانى کوردى وەرگێڕا، بەڵام ئەم ماوەیەكە هەست دەکرێت تۆزێک لەسەر خۆتر کارى وەرگێڕان دەکەى و ساڵانە بە نزیکەیى یەک بەرهەمى چاپکراوت هەیە؟

شەفیقى حاجى خدر: تا ئێستا 22 کتێبیم لە هەردوو زمانی هۆڵەندی و ئینگلیزی وەرگێڕاون و بڵاوبوونەتەوە. خۆ ئەگەر سەیری ڕیزبەندی کاتەکەیان بکەی، دەکرێ پرسیارێکی هاوشێوەی ئێوەی لێهەڵبهێنجێندرێ، بۆ وەڵامیش، هەر دەکرێ بۆ کات و دەرفەت بگەڕێینەوە، بەوەی دەکرێ لە ساڵێکیاندا زیاتر لە دوو وەرگێرانم چاپکردبێ، کەچی لە ساڵی دیکەدا یەک بەرهەم، یان هیچم نەبووبێ. بێگومان بارودۆخی ژیان و گوزەرانی وەرگێڕ، پاشان کێشمەکێشی خودی دەستکەوتنی کتێبی شایستە و وەرگێڕان، ئینجا و لەدوای هەمووشیانەوە بگرەوبەردەی دۆزینەوەی دەزگای چاپ و سپۆنسەر، ئەمانە هەمووی بەسەریەکەوە هۆکاری کەمی و زۆری وەرگێڕانن. هەر بۆ نموونە، ساڵێک دەبوو کتێبی هێڵێک بە نێو لممدا وەرگێڕابوو، لێ دەرفەتی چاپبوون نەهاتبووە پێشەوە، تا دواتر کتێبدۆستی خۆشەویست د. تەها ڕەسوڵ ئەرکی لەچاپدانەکەی گرتە ئەستۆی خۆی، ئیدی جەمال عیرفان بە چاپێکی نایاب خرایە سەر ڕەفەی کتێبخانەی کوردی.

با لێرەوە، لەو پرسیارەی بەڕێزتانەوە، شتێک بڵێم، یان باشتر وایە خۆم پرسیارێک بکەم و وەڵامیشی بدەمەوە، ئایا لەو کتێبانەی وەرتگێڕاون لە هیچیان پەشیمانی؟ یان لە هیچیان پەلەت تێدا کردووە، کە دەتخواست بە شێوەیەکی دیکە بووبایە؟ بۆ بەرسڤەکە، کورت و پوخت دەڵێم، نەخێر لە هیچیان پەشیمان نیم، خۆزگە زووتر و دەستم پێکردبا، کە دەستیشم پێدەکرد، خۆزگە چڕتر و پڕتر بام، بەڵام دەکرێ بڵێم لە یەک شت پەشیمانم، ئەویش ئەوەیە، دەبووایە هەر وەرگێڕانێکم بەر لەچاپکردن، نیشانی زیاتر لە دۆستێک و خەمخۆرێک دابووایە، تا تووشی ئەو هەڵەی تایپ و ڕێنووس نەبووبایەم. 

هەر بەڕاستی پرسی هەڵەچنی، دەردێکی کوشندەیە، من پێی لێدەنێم، بە خۆم ناتوانم هەڵەکانی خۆم بگرم، لەوانەیە هەندێکیش کەمتەرخەم بووبم، لەوەی تائێستا وەرگێڕانەکانم، هەرهیچ نەبێ بەراییەکان، بە کەمترین فلتەری هەڵەچنیدا تێپەڕیون. لێ ئێستا خۆشبەختانە دەستەیەک لە خۆشەویستانم، کە لێزانن خۆبەخشانە بەسەر دەستنووسەکانمدا دەچنەوە، ئیدی چاکەی کەم هەڵەیی، بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە.

نوچەنێت: جەنابت چەند کتێبێکت لەسەر ئەزموونى ئیسرائیل وەرگێڕا، کە پێکهاتووبوو لە ژیانى سیاسى و بیرەوەریی چەند سەرکردەیەکى ئیسرائیل یاخود ئەوانەى دەستیان لە دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیلى هەبووە، لەوانە: داود بنگۆڕیۆن، گۆڵدا مایەر، میناحێم بێگن، کارکردنت لەسەر مێژوو و ئەزموونى ئیسرائیل کۆتایی هاتووە یان ئەگەر بۆت بگونجێ هێشتا کتێبى دیکە ماوە وەریبگێڕى؟

شەفیقى حاجى خدر: ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی زۆر دەکرێ، پرسیارێکی ڕەواشە. دەستپێکی وەرگێرانم کتێبێک بوو لەبارەی کار و چالاکییەکانی دەزگای مۆساد بەناوی (نهێنییەکانی مۆساد)، دوای ئەویش  کتێبەکەی بنگۆریۆن و گۆلدا مایەری بەدواداهات، هەرچی دوو کتێبە نازدارەکەی مناحیم بێگن بوون، چەند ساڵێک دوای ئەوان بوون. 

من بۆ خۆم سەرەتا وەک خوێنەرێکی تاسەمەند، بە ژیاننامە و ئەزموونی سەرکردایەتیکردن و شێوەی خەباتیان کارانگاز بووم. بەرلەوەی بێمە هۆڵەندا و زمانەکەیان فێرببم، کەم تا کورتێکم لەبارەی گەلی جوو و سەرکردەکانیان خوێندبووە و بیستبوو، بەڵام لە لاڕێوە، واتە لە ڕێی زمانی عەرەبییەوە، بێگومان ئەدەبیاتی عەرەبیش بە شێوازێکی بابەتیانە باسی ئەوان ناکا. کاتێکیش ڕاستەوخۆ لەزمانێکی دیکەی بابەتیانە باسی ئەوانم خوێندەوە، پێیان سەرسام بووم، پێموابوو ئەزموونی ئەوان دەهێنێ لای ئێمەش بخوێندرێتەوە، هەرهیچ نەبێ سیاسەتبازەکانمان بیبینن و سوود لە ئەزمونەکەیان وەربگرن، بۆ ئەوەی ببێتە دەرس و عیبرەت، لێ گەلۆ، کوا ئەوان ئەوەندە کتێب دەخوێننەوە تا بایەخی بزانن! 

بیرەوەریی سەرکردایەتی ئەوان، خوێندنەوە و تێڕامانی زۆر هەڵدەگرێ، هەر هیچ نەبێ، ئەگەر بەراوردی بکەی بە شۆڕش و بزووتنەوە چەکدارییەکانی کورد و سەرکردایەتییەکەی، زۆر شت بۆ خوێنەر دەردەکەوێ، شتگەلی وەک یەک ڕیزی، ستراتیژی نەتەوەیی، حەڕامکردنی شەڕی ناوخۆ، یەک ستراتیژی و فرە تاکتیکی، خۆنەویستی و حیکمەت، لێهاتووی و لێزانی سەرکردەکانیان و پێشبینییان بۆ ڕەوتی رووداوەکان، دڵسۆزییان بۆ نەتەوەکەیان و کۆمەڵێ خاسیەتی دیکە، کە بووە هۆی ئەوەی ئەوان لەماوەی 30 ساڵدا (لە جاڕنامەی بلفۆرەوە لە 1917 تا جاڕدانی دەوڵەت لە 1948) دەوڵەت ڕابگەیەنن، کەچی لای ئێمە ڕەوتی ئەو جووڵانەوە و شۆڕش و ڕاپەڕینانە وەک خولخلۆکێکی مێژوویی هەر بەدەوری خۆماندا دەسووڕێنەوە و ئەنجامیش هەر نوشست و نسکۆ وئینجا تێهەڵچوونەوە بووە... 

لە سەرێکی دیکەوە، چەمکی نەتەوە، توخمەکانی، ئامادەیی مادی و مەعنەوی بۆ دروستکردنی قەوارەی سیاسیی لەبۆتەی دەوڵەتدا، یەکانگیریی سەرکردایەتی و بنکردایەتی، چۆنیەتی و جۆری پەیوەندییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیان، ئاستی خوێندەواری و هۆشیاری تاک و سەرکردەیان، هەموو ئەمانە هی ئەون ئیرەییان پێبردرێ و خۆزگە بخوارزێ قەیرانی بەردەوامی سەرکردایەتی و کەلێنەکەی لە ئایندەدا پێ پڕ بکرێتەوە. وەرگێڕانی ئەم کتێبانە بۆ ئەوەبوو، بەڵکو لای خوێنەر پرسیار لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان مێژووی نزیک بوروژێنرێ، پرسیاری ڕەخنەرانە.

کاتێک من دەستم بە وەرگێڕانی کتێب لەبارەی ئیسرائیلەوە کرد، بۆ کتێبخانەی کوردی، لە باشوور شتێکی گرنگ بوو، چونکە دەستپێکێک بوو لە زمانێکی دیکەوە ڕاستەڕاست یاداشتەکانی سەرکردەکانیان بکرێنە کوردی، هەرزوو کاردانەوەی ئەرێیانەی لێکەوتەوە، ئەمە بۆ من مایەی خۆشحاڵی بوو. 

هێشتا شتی ئەوان زۆر ماون بکرێنە کوردی. بەداخەوە مەیدانی وەرگێڕانی کوردی، تاهڕەهەندی و تاکەکەسییە، بۆیە وەرگێڕێک هەرچەندە دەرفەتی هەبێ و کارامەش بێ، دەرەرقەت نایەتە بۆشاییە پێویستییەکە پڕ بکاتەوە. ئەم کارە دەزگای وەرگێڕانیکی ئاراستەکراوی تواناداری پێویستە. 

هەرچی دەربارەی هەوڵی تاکەکەسی خۆم هەیە، نیازم هەیە کار لەسەر کتێبی دیکەش بکەم، هەرهیچ نەبێ لە بارەی هۆلۆکۆستدا.

نوچەنێت: وەرگێڕانەکانت لە نێوان بیروەرى و لێکۆڵێنەوەى سیاسى و میژوویى، بیرەوەرییەکان دەخوڵێتەوە، کارکردنى شەفیقى حاجى خدر بەمشێوەیە بۆچى دەگەڕێتەوە؟

شەفیقى حاجى خدر: بەڵی، تەوەری وەرگێرانەکانم تائێستا وەک باستان کردووە دابەشبووەتە سەر مێژووی سیاسیی کورد، سیاسەت و بیرەوەری سەرکردەکانی جوو و دەزگا هەواڵگرییەکەی و ڕۆمان.

نازانم بڵێم چی، لێ هەڵبەت ژینگەی پێگەیشتنی من و پاشخانی خوێندەواری و سیاسیی و ئاواتەکانم، ڕۆڵی خۆیان لەوبارەدا گێراوە. 

لەپێشدا دەبێ ئەوە بڵێم، ئەز وەرگێڕێکی پیشەمەند(پرۆفیشیۆنال) نیم. بە ڕێکەوت بوومەتە وەرگێڕ. لەدوای دەرچوونم لە کوردستان، لەپاش کارەساتی ئابی ١٩٩٦ و گیرسانەوەم لە هۆڵەندا، بەناچاری فێری زمانی هۆڵەندی بووم، دوای فێربوونی زمانەکە، دەروویەک بۆ من لەسەر زانیاری لە ڕێی زمانە نوێیەکە بوویەوە. ئیدی لەوێوە یەکەمین هەوڵی وەرگێڕانم دا، پاشان دۆست و برادەرانم پەسەندیان کرد، لە ڕێی ئەوانەوە دنەدرام یەکەمین کارم وەک کتێب، کە پێشتر ئاماژەم بۆکرد، چاپ بکەم. دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەش، کاردانەوەیەکی باشی هەبوو، ئیدی خوێنەر وای لێکردم لەسەر کتێبی دیکەشی بەدوادابێ تا کار گەیشتە ئێرە.. دەنا پاشخانی زانکۆیی من شتێکی دیکە بوو (دەرچووی ساڵی ١٩٨٨ی کۆلێژی قانونم لەبەغدا)، هەرچەندە لە نێوەی دووەمی هەشتاکانەوە هەڵوەدای نووسینم کەوتبووەسەر، ئەوەبوو دوو سێ بابەتی دووردوردێژی قانونیم لە گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ بڵاوکردنەوە، هەروەها با ئەوەش بڵێم، کاتی خۆی وەک زۆربەی ئەوانەی لەبواری نووسین کاریان دەکرد، دەستم لە شیعریش وەردا، وا بزانم ١٩٨٧ بوو جارێکیان گۆڤاری بەیان یەک دوو پارچە هۆنراوەی بڵاوکردمەوە، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کەفوکوڵێکی هەرزاکارانە بوو، هەر نەبووم بە شاعیر!

نوچەنێت: بەو پێیەى بەردەوام چاودێرى هەواڵى وەرگێڕانەکانت دەکەم و هەندێ لە دیمانەکانیشت دەخوێنمەوە، هەست دەکرێ کێشەى زۆرت هەیە لە چاپکردنى کتێبەکانت، ئەوە ڕاستە؟

شەفیقى حاجى خدر: دەستتان خۆش بۆ ئەم پرسیارە، بەڵێ هەر بەڕاستیش وایە، زۆر جاران گوتوومە ئەگەر وەرگێڕان خۆی لۆلۆ بێ، بەڵام لێلێیەکی دورودردێژ و ناخۆشییشی هەیە، ئەویش بەزمی چاپکردن و ساغکردنەوەیەتی.

پێشتر ئاماژەیەکم پێدا، وەرگێڕان لە جیهانی کتێبی کوردییدا هەوڵێکی تاکەکەسییە، لە سەر حیسابی کاتی تایبەتی و تەندروستی خۆیەتی، لەبەرانبەردا وەک کار، وەک پیشە هیچی وەهای لێبەرهەم ناهێنێ. بۆیە کاتێک بابای وەرگێڕ دەقێکی پێ جوان و پەسەند دەبێ، دوای خۆخەریککردنێکی زۆر دەیکاتە کوردی، ئینجا کێشەی چاپکردن بەرۆکی پێدەگرێ. بەداخەوە دەزگای چاپ لە کوردستان گشتگر و توانادار و ئاراستەکراو نییە، کە وەک دەزگای نەتەوەیی، وەک دەزگایەکی فەرمی لەکاردا بێ، بۆیە بە ناچاری نووسەر یان وەرگێڕ دەبێ پەنا بباتە بەر توانستی ماددیانەی خۆی، کە ئەمەش زۆر دەگمەنە، ئیدی دەبێ هانا بباتە بەر کتێبفرۆشییەک یان دەزگایەک کە کتێب وەک بزنسێک چاپ بکا، لەمەشیاندا بەحوکمی ئەوەی خوێندنەوەی کتێب نەبووەتە کلتوور، بۆیە ساغکردنەوەی کتێب کێشەیە، ئیدی ئەم دۆخە تاڕاددەیەک بۆتە مۆتەکەیک و پەیوەندی نێوان دەزگای چاپ و وەرگێڕەکە لەبەری دەناڵێنێ. من لە ئەزموونی خۆمەوە قسەدەکەم، بۆیە دەڵێم چاپکردن ئیشێکی نەوەک هەر تاقەتپڕوکێنە بەڵکو هەندێک جار ئەگەر ئاگات لەخۆت نەبێ مایەی ساردکرنەوەشە.

بۆ مایەی خۆشبەخیتم، لەو چەند ساڵانەی دواییدا، تاڕاددەیەک کێشەی چاپم کەمتر بووە، چونکە کەسانێک هەن پاڵپشتی کتیبەکانیان کردووم ئەوسا کەسەکە دەزگای چاپی هەبێ یان نەیبی.

نوچەنێت: کامە بەرهەم زیاتر لە هەموو بەرهەمە چاپکراوەکانت هەستت کردووە لە لاى ڕۆشنبیران و بەتایبەتى خوێنەران گرنگى زۆرى پێدراوە؟

شەفیقى حاجى خدر:  لە پێشەوە لە شوێنێک کورتە ئاماژەیەکم بۆ پرسیارێکی هاوشێوە کردووە، بەوەی لە هیچ وەرگێڕانێکم پەشیمان نیم و هەموویانم خۆش دەوێن. بەڵام حوکمدانەکە زیاتر بۆ خوێنەر دەگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر تیراژی کتێب و گەڕی چاپ و نەمانی کتێبەکە لە کتێبخانەی کوردیدا بکەینە پێوەر، خۆشحاڵم بەوەی بەشێوەیەکی خاکەڕاییانە بڵێم چەند کتێبێکم چاپی دووەم و سێهەمیشیان کراوە، هەروەها چاپی دووەمی کتیبی دیکەم لە ڕێیە، بێجگە لەوەش هەندێ لە کتێبەکانم لە بازاڕی کتێبفرۆشییدا نەماون، نیازی چاپکردنەوەیانم هەیە، چاوەڕێی دەرفەتێک دەکەم. هەروەها ئەگەر لەسەر نووسین و پۆستی سۆشێال میدیاش بکەینە پێوەر، دیسان بە سوپاس و خاكەڕاییانە بۆم هەیە بڵێم، زۆر لە وەرگێرانەکانم شتی باش و زۆریان لەسەر نووسراوە، تەنانەت ڕۆمانەکانی خانووەکەی مزگەوتی، خەتی بزماری، زۆربای ئێرانی و کچانی دووکەڵ و ئاگر، هەریەکەیان زیاتر لە ٦٠ پۆستیان لەسەرکراوە. بە ڕانان و خوێندنەوە.

نوچەنێت: ئایا هیچ کتێبێکى نووسراوى خۆت هەیە؟

شەفیقى حاجى خدر: بەداخەوە تا ئێستا وەک نووسین کتێبی چاپکراوم نییە، تەنیا چەند نووسین و توێژینەوەیەکی قانونی سیاسی نەبێ، کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکراونەتەوە. بەتەمابووم کۆیانبکەمەوە و دەستکارییان بکەم و لێیان زیادبەکەم تا وەک کتێبێک چاپ ببێ، بەڵام بەداخەوە تەمبەڵی لە لایەک و وەرگێڕانەکان لە لایەکی دیکەوە، لێنرگەڕان. هیوادارم لەداهاتوودا ئەو کتێبەم کە لای خۆم ناوم لێناوە (دەوڵەتی قانون) لەپاڵ وەرگێرانەکان، ڕوناکیی چاپ ببینێ.

نوچەنێت: ماوەى چەند ساڵێکە، کتێبخانەى کوردى ژمارەیەکى زۆرى کتێبى وەرگێڕدراوى تێیدا دەبینرێت و ئێستا چەند کتێب دەنووسرێ لە هەرێمى کوردستان، ڕەنگە زێدەڕۆیى نەبێت ئەگەر بڵێم ئەوەندەش وەردەگێڕدرێتە سەر زمانى کوردى.  هەندێ وەرگێڕەکان گەنجن، ئێوە چۆن سەیرى ئەم کارە دەکەن و کامە وەرگێڕ لاى تۆ پەسندە یاخود توانیویەتى سەرکەوتوو بێت؟

شەفیقى حاجى خدر: ئەوە ڕاستە لەم یەک دوو دەیەی دواییدا لە ڕووی چەندایەتییەوە، کتێبی کوردی بە نووسین و وەرگێڕانەوە ژمارەیان بەرەو هەوراز ڕۆیشتووە. وەرگێڕانیش وەرچەرخانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا وەک پێویست نییە. کاتێک ئەم ڕەوشە لەگەڵ کتێبخانەی نەتەوە دراوسێکان بەراورد بکەین، ئەوسا دەبینین کتێبخانەی کوردی لەچاو ئەوان لەبارەی نووسین، بەتایبەتیش لەبارەی وەگێڕانەوە چەندە کڵۆڵە. لای ئێمە وەرگێڕان هەوڵی تاکەکەسییە، لای ئەوان دەزگای گەورە و خاوەن بودجەی قەبە بەکارەکە هەڵساون. ئەوان زۆر لەمێژە دەستیان پێکردووە و بەسەدە پێش ئێمە کەتوون. هەرچەندە هەڵکشانی ژمارەی وەرگێڕان لەم یەک دوو دەیەی دواییدا بەرچاوە، بەڵام هێشتاش لەئاستی چاوەڕوانی و پێویستی نییە. من لێرەوە دەستخۆشی لە گەنجەکانمان دەکەم، هیوادارم ئەوەی نەوەی پێش ئێمە و نەوەی ئێمە پێیان نەکرا، ئەوان بیکەن. لێ لێرەدا حەزم لێیە شتێک بڵێم، تا بکرێ خۆیان لە وەرگێڕانی دەستی دوو دووربخەنەوە، واتە لە زمانی  یەکەم و ماکەوە وەربگێڕن، نەوەک وەرگێڕانی وەرگێڕدراو.

نوچەنێت: دەکرێ دواین ئەو کتێبەى ئێستا کارى لەسەر دەکەین یاخود تازەترین پڕۆژەى وەرگێڕانت بۆ نوچەنێت ئاشکرا بکەى؟

شەفیقى حاجى خدر: بەڵێ، لەم رۆژانە وەرگێڕانێکی دیکەم بڵاودەبێتەوە، کتێبێکی مێژووی گرنگە بەناوی (شای ئێران؛ کوردی عێراق و شیعەی لوبنان لە ١٩٥٨-١٩٧٩). ئەم کتێبە باسی قۆناغێکی هەستیاری پڕ لێکەوتەی کارەساتبار دەکا. هەر بەندێکی ئەم کتێبە لە دوو نیوە پێکهاتووە، نیوەی یەکەم باسی خۆمان، باسی کورد دەکا، نیوی دووەم باسی شیعەی لوبنان دەکا. 

لە ئێران بە پلەی یەکەم بڕیار بەدەستی محەممەدڕەزاشای پەهلەوەییەوە بووە، ئیدی کتێبەکە بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە ئەوەمان بۆ دەخاتەڕوو، چۆن شای ئێران لە ڕێی دەزگای ساواکەوە و دوای ڕووداوەکانی گۆڕانکاریی سیاسی عێڕاق واتە شۆڕش/ کودەتای ١٤ی تەممموزی ١٩٥٨، ئێران بەدوای هەڵوێزنینی سەرەداوی سیاسەتێکی نادەوڵەتیانەی خۆی لە عێراق و ئێران دەکەوێ. لە عێراق بۆ ئەوەی هەوڵ بدا گۆڕانکارییەکانی عەبدولکەریم قاسم و ڕەوتی جڵەوبکا، هەلبەت شای ئێران لە ترسی ڕەوتی کۆمۆنیزم لە شوێنی خۆی هەستی بە مەترسی کردووە، لە کوردیش باشتری نەدۆزیەوە تا بتوانێ گوشار بخاتە سەر حکوومەتەکەی قاسم و پاشان حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەردوو عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حوسێن، لە ئەنجامیشدا چۆن لە ئازاری ١٩٧٥ شا تاکلایەنە و بێ پرسی هاوپەیمانەکانی بڕیاری ئاشتبوونەوە لەگەڵ عێراق دەدا، کورد بە سنوورە ئاویەکەی یەکاوی عەرەب(شطالعرب) دەفرۆشێ. 

ئەوەی شایانی باسە لەم قۆناغە مێژوویەدا نەوەک هەر شای ئێران و دەزگای ساواک دەکەونە گەڕ، بەڵکو مۆسادی ئیسڕائیلیش هاوکاریی جدییان دەکا، بەرژەوەندی ئیسڕائیلیش لەوەدا بووە دەستوپێی سوپای عێراق ببەستێتەوە، کەچی لە ئامانجی کۆتاییدا هەر شای ئێران بۆ ماوەیەکی کورت قازانجی لە فرۆشتنی کورد کرد. ساواک و مۆساد هەوڵی جدی دەدەن تا ئەمریکا و سی ئای ئی بێننەسەر خەت، دواجار شای ئێران لە ١٩٧٢ لەوەدا سەردەکەوێ سەرۆکی ئەمریکا بێنێتە ڕایێ تا یارمەتی کوردان لە ڕێی ئێرانەوە بدا. بەم جۆرە هەر سێ لایەن، بە سێکوچکەیی ساواک و مۆساد و سی ئای ئەی ئەو گەمەیە سیاسییانەیان کرد، کە بۆ کورد بە کارەسات شکایەوە.

لەهەمان کاتیشدا شای ئێران تەونی پەیوەندی لەگەڵ شیعەکانی لوبنان ڕادەچێنێ. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە، سەید موسا سەدر دەبێتە سەرکردەیەکی لێهاتوو، کارێکی وەها دەکا پێگەی شیعەکان بگۆڕێ. هەرچەندە لە ئەنجامدا لەسەر بانگهێشتی معەمەر قەزافی دەچێتە لیبیا، ئیدی گەشتێکی چوون و بێ هاتنەوە دەبێ، بەڵام شیعەکان لەو نێوەدا قازانج دەکەن و دەبنە سێکوچکەی حوکمڕان لە لوبنان.

هەر بڕگەیەکی ئەم کتێبە بە بەڵگەیەک (بە شێوەیەکی سەرەکی ڕاپۆرتەکانی ساواک) پاڵپشتە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە و ئەو ڕاو و بەرەنجامانەی باسکراوە، لەوانەیە نووسەر لە ڕێی بەڵگەنامەکانی ساواکیشەوە سەرچیخ چووبێ، کەچی دواجار خوێندنەوەی قۆناغەکە لە چاوی دەزگای هەواڵگیری ئێران بە ڕوونی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا دەردەکەوێ. بێگومان وەرگێڕ بەهیچ شێوەیەک لە ناوەڕۆکەکەی بەرپرسیار نییە. چونکە وەرگێڕ لە کارەکانیدا دەبێ بە پلەی یەکەم بۆ گەیاندنی پەیامی نووسەر، لایەنی دەستپاکی سەرمەشق بێ 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین