د. بەختیار تاڵەبانى: ڕاگەیاندنەکان گەنجانى کورد بەرەو ڕەشبینی و بێ ئومێدی دەبەن دیمانە

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ نوچەنێت، د. بەختیار تاڵەبانى، پزیشک و شارەزاى بوارى گەشەپێدانى مرۆیى، هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى ڕێژەى خۆکوشتن لە نێو گەنجان لە هەرێمى کوردستان دەخاتەڕوو، هەروەها ڕێگاکانى گرنگى پێدان بە گەنجان لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان دەخاتەڕوو.

د. بەختیار تاڵەبانى، لە بەشێکى ترى دیمانەکەدا ئاماژە بەوەدەکات، پشتگوێخستنى گەنج و بڵاوکردنەوەى بێ هیوایى لە ڕاگەیاندنەکان، دەبێتە هۆى دروستبوونى فشارى دەروونى لەسەر گەنجان، ئەمەیش دەرهاوێشتەى خراپى دەبێت، پەنابردن بۆ خۆکوشتن یەکێکە لە دەرهاوێشتەکان.

دەقى دیمانەى د. بەختیار تاڵەبانى لەگەڵ نوچەنێت:

نوچەنێت: هۆکاری خۆکوشتنی گەنج چییە، بۆچى پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات؟ 

د.بەختیاربەختیارتاڵەبانی:  گەنج قۆناغێکی دیاری کراوی هەیە کە کتێبە زانستییەکان دەڵێن، ئەم قۆناغە زۆرترین وزەو توانای تێدا هەیە، بەڵام ئەم وزەیە چۆن بەکاردەهێنێت بۆ خۆی و چواردەوری، بۆ کۆمەڵگا، ئەم وزەیە ئەگەر وەڵام دانەوەییەکی تەندروست نەبێت، بێگومان ئەم گەنجە بێزارو بێتاقەت و نارەحەت دەبێت، بۆیە لەم بارودۆخە نەخوازراوانەی کە دەبینین لە کوردستان ڕودەدات، لە لایەک وەک پێویست گرنگی بە حەزو خولیاکانی نادرێت، لە لاییەکیش ڕەنگە ئەمەلێکی زۆری نەبێت کە بخوێنێت دوای خوێندن ئەنجامی هەبێت،  لەلایەک ڕەنگە بۆ ڕەگەزی بەرامبەر حەزی هەبێت نەتوانێ زەواج بکات، لەلایەکیتر دەبینی کە دەرچووی زانکۆیە یاخود پەیمانگا ناتوانێ دابمەزرێت یان کارێکی دەستکەوێت، ئەمانە دەبنە هۆی فشارى دەروونی و کۆمەڵایەتی، لە ئەنجامی ئەم هۆکارانە دەبێتە هۆی بیرکردنەوەیەکی نا تەندروست بۆ سەر ئەم گەنجە، بۆیە پەنا بۆ تۆڵە کردنەوە دەبات، تۆڵە لە چواردەوری دەکاتەوە، سەبرو ئارامی نامێنێ، بڕیاری ناتەندروست دەدات یان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات یان بۆ خەڵک کوشتن،  لە ئەنجامی ئەم فشارە دەروونییە و کۆمەڵایەتییەکەی خۆکشتن ڕوودەدات.

نوچەنێت: هۆکاری ئەم فشارە دەروونییەی گەنج چییە؟ چی بکرێت تا ئەم فشارە کەم بکرێتەوە؟

د.بەختیارتاڵەبانی: قۆناغی گەنج یەکێکە لەو قۆناغانەی کە پێویستە گرنگى پێبدرێت،  گوێی لێ بگیرێت، لە ناو خێزان، گەڕەك، یاخود لە شارو هەر ووڵاتێك بێت، ئەگەر گوێی لێی نەگیرا ڕەنگە وەکو کەسێکیتر بیرنەکاتەوە، بیر دەکاتەوە کە پشت گوێ خرا، بیر لەوە  دەکاتەوە کە کەس ئەوی خۆش ناوێت، وا بیردەکاتەوە کە کەس گرنگی بە ئەو نادات، بۆیە کە کەس گوێی لێ نەگرت پشت گوێ خرا ئەویش بە هەڵەدا دەڕوات، بڕیارێکی هەڵە دەدات، بۆیە باشترین چارە بۆ گەنج ئەوەیە،  خێزان و خانەوادەکان بێنن ژمارەیەک توێژەری دەروونی و توێژەری کۆمەڵاییەتی، بۆ قوتابخانەکان، بۆ دامەزراوەکان زیاد بکرێن، ژمارەی ئەم کەسانە زیاد بکرێن بۆ یارمەتیدانی  ئەم گەنجانە، ئامۆژگاریان بکەن، حکومەت زیاتر گوێیان لێ بگرێت، وەزارەتەکان زیاتر گرنگیدانیان هەبێت، بە تایبەت وەزارەتی دارایی هاوکارى گەنجەکان بکات.

دەبێت تایبەتمەندى زیاتر بە گەنجان بدرێت، بۆ جێبەجێ کردنی یاسا لەسەر گەنجەکان، چونکە زۆر جار بەداخەوە گەنجەکان حیساب بۆ یاسا و ڕێساکانی  ووڵات ناکەن، ئەگەر بێت و   فشارێکی دەروونی کۆمەڵایەتیان لەسەر بیت،   بۆیە بە هەموولایەکەوە  لە ئەنجامی گوێ گرتن و لەئەنجامی گفتوگۆ کردن و مناقەشەکردن، وە لە ئەنجامی زۆرێک لە بەدەست هێنانی حەزوخولیا ئاواتەکانیان، ئەمە وای لێدێت گەنجەکان فشارە دەروونییەکانیان کەم دەبێتەوە.

 حکومەت باوکى میللەتە بۆیە دەبێ گرنگى زیاتر بە گەنجان بدات.

نوچەنێت: چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ گەنج، یاخود ڕێنمایت چیە بۆ ئەوەی توشی ئەم هەڵە دەرونیانە نەبێت پەنا نەباتە بەر خۆکوشتن؟ 

د. بەختیارتاڵەبانی: من لێرەوە ئامۆژگاریم بۆ ئەو گەنجانە ئەوەیە ئەوەندە گرنگی بەجەستە دەدرێت با گرنگی بە ڕۆح بدرێت، گرنگی بە خۆ ڕۆشنبیرکردن بدرێت  گرنگی بە خۆناسین و خەڵک ناسین بدرێت، گرنگی بەوە بدرێت کە ئەم گەنجە کاتێ سوکایەتی پێ دەکرێت خەڵکیش پێی ناخۆشە سوکاییەتی بە گەنج بکرێت، داوا دەکەین حکومەت بێتە سەرخەت لەڕوی دارایش ئاوڕ لەگەنج بدرێتەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشییەوە ئاوڕ لەم گەنجانە بدرێتەوە خەڵک هوشیار بکرێتەوە، دەبێت ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکی باشیان هەبێت بۆ هوشیارکردنەوەی گەنج، تەنها کوشتن و بڕین و ماڵ وێرانی نیشانی گەنج و خەڵک نەدرێت، ڕاگەیاندنەکان گرنگی زۆر بە بێ هیوایی و ڕەشبینیانە دەدەن، دەوری پەروەردەیی و هوشیارکردنەوە پەرەی پێ نادرێت، گەنجەکان بەرەو ڕەشبینی و بێ تاقەتی و بێ ئومێدی دەبەن، هیوا دەکەین بە هەموو لایەک، خێزان، پەروەردە، تەندروستی، ڕاگەیاندن، حکومەت،  چونکە حکومەت باوکی میللەتە دەبێت خەم لەو گەنجانە بخوات تا بێ ئومێد نەبن لە هیواو ئاواتەکانیان، بۆ هەموو تاکێک لە ناو کۆمەڵگادا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین