ئازاد حه‌مه‌ده‌مین: تا ئێستا گواستنه‌وه‌ى خزمه‌تى رۆژنامه‌نووسان به‌ یاسا رێكنه‌خراوه‌ دیمانە

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئازاد حه‌مه‌ده‌مین نه‌قیبى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت باس له‌ هه‌ندێك بابه‌تى په‌یوه‌ست به‌ ئه‌ندامێتى له‌ سه‌ندیكاكه‌ و خزمه‌تى رۆژنامەنووسان ده‌كات. ئازاد حه‌مه‌ده‌مین له‌ دیمانه‌كه‌ى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ شتێك نییه‌ به‌ ناوى "خزمه‌تى رۆژنامه‌نووسى، به‌ڵكو خزمه‌تى ئه‌ندامێتى له‌ سه‌ندیكا هه‌یه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووس ده‌توانێ بۆ سه‌ر وه‌زیفه‌ى فه‌رمى بیگوازێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ تا ئێستا به‌ "یاسا"یه‌ك ناكرێت، به‌ڵكو به‌ رێنمایى ده‌كرێت.

نوچەنێت: مەرجی ئەندامبوون له‌ سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان چییە ؟

بە دڵنیایی سەندیکا بە یاسایەک رێکخراوە، کە یاسایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، ناوی یاسای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانه‌. ئەم یاسایە له‌ ساڵى ( 1998 ) دەرچووە و ساڵی ( 2004) هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌. بەپێی یاساکە دیار کراوە كه‌ كێ رۆژنامه‌نووسه‌ و ( 14 ) ناونیشان بۆ دانراوە. ئەوەی یەکێک لەم ناونیشانەی هەبێت پیشەی سەرەکی ڕۆژنامەنووسی بێت، دەبێتە ئەندام لە سەندیکا. واتە بیسەلمێنێ کە ئەم کەسە پیشەی سەرەکی رۆژنامەنووسییە. گرێبەستێکی دیاریکراوى هه‌بێت لەگەڵ دەزگایەک بۆی هەیە ببێت بە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان. ئەندامبوونیش سێ  جۆرە: ئەندامی کارا کە پیشەی سەرەکی کاری رۆژنامەنووسییە واتە هیچ پیشەیەکی تری نییە، ئەندامی بەشدار ئەو کەسانەن کە ناتوانن بەشداری لە دەنگدان بکه‌ن لە کۆنگرەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، ئەندامی پاڵێوراویش هەیە واتە ئەوەی لە دوو ساڵ ئەندامێتی کەمترە، دوای دوو ساڵ دەتوانێت ببێتە ئەندامی کارا لە سەندیکا.

هیچ رۆژنامه‌نووسێك له‌ كوردستان راسته‌وخۆ 
ئه‌ندامى فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى نییه‌
 

نوچەنێت: ئەو ئەندامانەی سەندیکا کە ناسنامه‌كانیان بەسەرچووبێت و ئابوونەیان نەدابێت مەرجتان چییە بۆ نوێكردنه‌وه‌ى ناسنامه‌كانیان؟ 

پەیوەندی نێوان سەندیکا وئەندامەکەی بریتییە لە ئابوونەدان، بەڵام بە داخەوە ژمارەییەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان بە تاییەبەتی ئەوانەی لەوانەیە دوورکەوتبنەوە لە کاری رۆژنامەنووسی ئابوونە نادەن، بەڵام ئێمە ئاسانکارییمان کردووە، بڕیارێکمان داوە لە سەندیکا ئەو کەسانەی لە ( سێ ) ساڵ زیاتر ئابوونەیان نەداوە پەیوەندیان دەبچڕێت بەڵام پێشەکی چەندین جار ئاگادارمان بڵاوکردووه‌تەوە بە زووترین کات شایستەی ئابوونەی خۆیان بدەن، بەڵام ئەو کەسەی ئابوونەی خۆی دابێت بێگومان هەموو هەقەکانی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە.

نوچەنێت: ئەو کەسانەی کە ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانن و ناسنامه‌كانیان بەسەرچووە، چۆن دەتوانن نوێی بکەنەوە ؟

کەس راسته‌وخۆ لە فیدراسیۆن ئه‌ندام نییه‌، ئەندامن لە سەندیکاى رۆژنامه‌نووسان، سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان خۆی ئەندامە لە فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی. چونکە زۆرجار وام بینیوە خەڵکێک کە ئێمه‌ ناسنامه‌مان بۆ کردووە نوسیوییەتی ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانى كوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیشم. لە راستیدا وا نییە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، بۆیە بووه‌تە ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی، چونکە سەندیکا خۆی ئەندامە هەر کەسێک ئەندامی کارا بێت بە تایبەتی ئەم ناسنامەی نێودەوڵەتی فیدڕاسیۆنەیە بیەوێت ئیشێک بکات یان راپۆرتێک بکات لە دەرەوه‌ی کوردستان، یان ناوەندێکی  نێودەوڵەتیی، ئەم ناسنامه‌یه‌ هاریکاری دەکات. هەموو ئەندامێکی کارا کە ئەو سیفەتانەی تێدابێت بێگومان بۆی هەیە داوای ناسنامه‌ى نێودەوڵەتی بکات بەپێی ئەو پێوەرانە. ئەمه‌ بێگومان ئابوونەکەی زیاترە لە ئابوونەی ئەندامی سەندیکا. سه‌باره‌ت به‌ نوێکردنەوەی ناسنامه‌ نێودەوڵەتییەکە، ماوەكه‌ی دوو ساڵە، بەڵام ناسنامه‌ى ئەندامی سەندیکاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان بۆ ماوەی یەک ساڵە بۆ ئەوەی کاتێ ناسنامه‌كه‌ى خۆی بەسەر دەچێت زۆر باش دیارە کە ئابوونەکەی خۆی نەداوە .

شتێک لە یاسا نییە ناوی خزمەتی رۆژنامەنووسی بێت

نوچەنێت: بەگوێرەی رێنماییەکی حکومەت کەسانی رۆژنامەنووس، دەتوانن خزمەتی رۆژنامەنووسی بۆ سەر راژەی خزمەتی شارستانی بگوازنەوە، ئەو رێوشوێنانە چین کە بۆ ئەو مەبەستە ده‌بێت ئه‌نجامى بده‌ن ؟

راستی شتێک لە یاسا نییە ناوی خزمەتی رۆژنامەنووسی بێت، بەڵام شتێک هەیە پێی دەڵێن خزمەتی ئەندامی سەندیکا، بەپێی یاسای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە مادەی ( 19 ) بڕگەی ( دوو ) هاتووه‌، ئەو کەسەی ئەندامی سەندیکایە، بۆ نموونه‌ سبەی دادەمەزرێ واتە  کارێکی فەرمی ده‌بێت و وەزیفه‌ی لە حکومەت ده‌بێت، بۆی هەیە ئەم ماوەی کە ئەندامی سەندیکایە ئەم ماوەییە بگوازێتەوە بە خزمەت بۆ پلە وەزیفییەکەی، ئەو کات بێگومان راستەوخۆ لە ئەندامی کارا دەبێتە بەشدار، چونکە خزمەتەکەی دەگوازێتەوە، بەڵام گێڕانەوەکەی پەیوەندی بەو کەسە هه‌یه‌ کە ئەندامی سەندیکا بێت، لە رۆژی بوونی بە ئەندام، بۆی هەیە داوای گواستنەوەی خزمەتەکەی بکات بۆ سەر پلە وەزیفییەکەی .

نوچەنێت : کاتێک ئەو خزمەتە گوێزرایەوە بۆ سەر راژەی فه‌رمى بۆچی بەکار دێت؟ ئایا بە تەنیا بۆ مەبەستی خانەنیشینییە یان بۆ هەموو مەبەستێکە وەک پلەبەرزکردنەوە و زیادبوونی مووچەیش؟

خزمەتی رۆژنامەنووسی چونکە بە یاسایە، دەبێت بە “یاسا” بکرێت. بە داخەوە  وەزارەتی دارایی بە رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کار دەکات، بەڵام بێگومان یاسا بەهێزترە لە رێنمایی بۆیە ئێمە داوامان کردووە ئەم خزمەتە بە شێوەیەکی ئاسۆيی بەکار بێت بۆ خانەنیشینی و بۆ پلە بەرزکردنەوە، واتە بەپێی یاسا ئەو کەسەی کە ئەندامی سەندیکایە و شایستەيە خزمەتی خۆی بگوازێتەوە، دەبێت وەزارەتی دارایی بۆ هەر سێ مەبەستەکە ئەم خزمەتەی بۆ حساب بکرێت دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت، سەندیکا یاسایەکی تری هەیە پێی دەڵێن، یاسای خانەنیشانی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پێوەرەکانی لە یاساکەدا هاتووە رۆژنامەنووس بۆی هەیە سەربەخۆ خانەنشین بێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین