تاڤان ئەفەندى: هەندێ  لە پیاوان کاتێ خێزانەکەى دێتە هۆڵى وەرزشى خۆى ئاگادارى منداڵەکانى دەبێت دیمانە

تایبەت بە نوچەنێت

تاڤان ئەفەندی، ڕاهێنەرى لەشجوانى لە دیمانەیەکدا لەگەڵ نوچەنێت، باس لەوەدەکات، لە ئێستادا تێڕوانینى خەڵک گۆڕاوە و جگە لە پیاوان ئافرەتانیش بۆ لەشڕێکى و تەندروستى خۆیان ڕوو لە هۆڵەکانى وەرزشکردن دەکەن.

ئەو ڕاهێنەرە ئافرەتە کە ماوەى حەوت ساڵە وەک ڕاهێنەرى وەزرشى دەشڵێت، "داوا لە هەموو ژنێک دەکەم کە رۆژانە هیچ نەبێت یەک کاتژمێر بۆ خۆیان تەرخان بکەن بتوانن لە رێی وەرزشکردنەوە گرنگی بە لەش و لار و تەندروستی خۆیان بدەن."

 

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ تاڤان ئەفەندی، ڕاهێنەرى وەرزشى:

نوچەنێت: پێتان وایە لە ئێستادا ژنان بە رێژەیەکی باش بەشدار دەبن لە هۆڵەکانی وەرزش کردن؟

تاڤان ئەفەندی: بێگومان خۆشبەختانە لە ئێستادا تیروانینی خەڵک بۆ زۆر شت گۆراوە، ئەوەش هۆکارە بۆئەوەی ژنانیش بتوانن روو لە هۆڵەکانی وەرزشکردن بکەن، گرنگی بە وەرزش بدەن، بێ جیاوازی تەمەن و رۆژانە خەڵکێکی زۆر روو لە هۆڵەکانی وەرزش دەکەن و گرنگی بە تەندروستی خۆیان دەدەن، هەیانە دەیانەوێ کێش دابەزێنێت هەندێ کەسیش بۆ مەبەستی کێش زیاد کردن دێنە لای ئێمە، جگە لەمانەش لە دوای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، دەبینین هۆڵەکان زیاتر خەڵک روویان تێدەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەیە کە وەرزشکردن بەرگریی لەش زۆرتر دەکات بەرامبەر بە نەخۆشیییەکان، چونکە بە وەرگرتنی ئەو راهێنانە دڵ بە باشی کار دەکات، سییەکان بە باشی دەهێڵێتەوە کەواتە تۆ لەشێکی تەندروست و ئەکتیڤت دەبێت بە وەرگرتنی راهێنان وەرزشکردن رۆژانە.

نوچەنێت: بە پێی ئەوەی رۆژانە خەڵکانێک روو لە هۆڵەکان دەکەن لە ژن و پیاو، ئایا رێژەی بەشداری کردنی ژنان و پیاوان یەکسان بووە؟

تاڤان ئەفەندی: ناتوانم بڵێم رێژەی ژنان و پیاوان یەکسانن بەڵام ژنانیش بە ژمارەیەکی باش بەشدارن، چەندین هۆکار هەن کە دەبنە رێگر لەبەردەم هاتنی ژنان بۆ هۆڵەکان بۆ نموونە ژن ئەرکی ماڵەوەی  لەسەرە هەروەها پەروەردەکردنی منداڵ، پەیوەست بوونی ژن بە کۆمەڵێک شتی ترەوە رەنگە هۆکار بێت بۆ ئەوەی نەتوانێت وەکو پیاو دەستی بەتاڵ بێت، لەبەر ئەوەیە ژمارەی پیاوان زیاترە، حەز دەکەم ئاماژە بەوەش بکەم کە لە ئێستادا زۆرێک لە پیاوان کات بۆ ژنەکانیان تەرخان دەکەن رێیان پێ دەدەن بەوەی کە ئەو کاتژمێرەی خێزانەکەی دێت بۆ هۆڵی وەرزشکردن ئەو لە ماڵەوە ئاگاداری منداڵەکەی دەبێت، تا ئەو دەگەرێتەوە بۆیە دەتوانم بڵێم کە لە ٨٠٪ پیاوان هاوکارن بۆ ژنەکانیان . بەس لە هەمان کاتدا من داوا لە هەموو ژنێک دەکەم کە رۆژانە هیچ نەبێت یەک کاتژمێر بۆ خۆیان تەرخان بکەن بتوانن لە رێی وەرزشکردنەوە گرنگی بە لەش و لار و تەندروستی خۆیان بدەن. 

نوچەنێت: کاریگەرییەکانی وەرزشکردن لەسەر لەش و لاری ژنان چییە؟

تاڤان ئەفەندی: پێش هەموو شت هەموو کەسێک بە وەرزشکردن متمانەی بەخۆیی زیاتر دەبێت بەوەی کە کێش زیاد بکات یاخود کێش کەم بکاتەوە، هەروەها دەبێتە خاوەن لەشێکی ئەکتیڤ کە وەک باسمان کرد خوێن باشتر چالاک دەبێت، ئۆکسجین بە باشی دابەش دەبێت، لێدانی دڵ باش دەبێت،  سوری مانگانەت رێک دەخات کاریگەریی لەسەر چالاک بوونی هێلکەدان دەکات، کاریگەریی لەسەر پێست دەبێت، کەوایە تۆ هەم لە دەرەوە هەم لە ناوەوە خاوەن تەندروستیێکی باش بێ کێشە دەبیت.

نوچەنێت: ئەوانەی بەشدار دەبن زیاتر دەیانەوێت کێش دابەزێنن، ئایا کەسانێک هەن کە بۆ مەبەستی کێش زیادبوون بەشداری بکەن؟

تاڤان ئەفەندی: بەشێوەیەکی گشتی خەڵک بەمەبەستی کێش دابەزاند بەشداری دەکات، بەڵام هەندێ کەسیش بۆ کێش زیاد بوون بەشدار دەبن ئەوانەش لە تەمەنێکی دیاریکراو دان کە تەمەنی هەرزەکاری کە لە تەمەنی ١٨ ساڵی بەرەو خوارەیە هەندێ جاریش هەتا سەرووی  ٢٠ ساڵی هەمان بووە بۆ کێش زیاد کردن بەشدار بووە. 

نوچەنێت: هەندێ لە ژنان ئارەزووی ئەوە دەکەن لە رێی راهێنانی وەرزش قەبارەی لەشولاریان رێکبەخەن، بۆ ئەوە چەند کاتیان پێویستە هەتا دەگەنە ئەو لەشولارەی ئارەزووی دەکەن؟

تاڤان ئەفەندی: ئەوە لەسەر پێکهاتەی لەشی کەسەکە دەوەستێت کەسی باڵا بەرز گۆرانکارییەکانی تێدا زوتر دەردەکەوێت، کەسی باڵا نزم گۆرانکاریی تێدا یاخود کارییگەریی وەرزش کردنی تێدا درەنگتر دەردەکەوێت، رەنگە دوایی سێ مانگ هەتا شەش مانگ دەخایەنێت هەتا ئەو کاریگەرییەی لەسەر دیار ببێت، بەڵام دەمەوێ باس لەوە بکەم کە بچووک کردنەوەی هەندێ شوێنى جەستە بە راهێنانی وەرزشی شتێکی ئاسان نییە یاخود ئەنجامێکی تەواو نادات، چونکە لە پێکهاتەی هەندێ ئەندامى جەستە ماسولکە نییە، تەنها پێکهاتووە لە رژێنەرە شیرییەکان و چەوری، بۆیە بچووک کردنەوەی قورسە چەورییەکە رەنگە کەم ببێت لە رێگای وەرزشەوە، ئەوەی لە رێگای وەرزش کردنەوە کاریگەریی لەسەر سنگ بە دیار دەخات، تەنها ماسولکەکانی سەرەوی سنگە کە راستەو خۆ لەبن شانە ئەوە توند دەبێت ئەگەرنا کاریگەریەکی تەواو دروست ناکات. بەڵام هەندێ بەشى جەستەى ئافرەتیش هەیە بەشێوەیەکی بەرچاو گۆرانکارییەکانی بەسەر دادێت، لە رێگای راهێنانەوە.

نوچەنێت: کاریگەریی وەرزش کردن بۆ سەر ژنانی دووگیان چییە، لە چ قۆناغێکی دووگیانی دەتوانن ئاسایی راهێنان بکەن، ئایا وەرزشکردن دەبێتە هۆکارێک هەتا دایکەکە منداڵەکەی بە شێوەیەکی سروشتی ببێت؟

تاڤان ئەفەندی: هەموو ژنێکی دووگیان دەتوانێت لە مانگی سێیەمی دووگیانی دەست بە راهێنان بکات، بەو مەرجەی دووگیانیەکەی ئاسایی بێت، واتا خوێن نەبینێت یان دەرمان وەرنەگرێت بۆ وەستانی دووگیانییەکەی یاخود دەرچەی منداڵدانی فراوان نەبێت کە ئەوە هۆکارە بۆ منداڵ لەبارچوون، ئەگەرنا ژنان دەتوانن راهێنان بکەن و زۆریش بەسوودە بۆ دووگیانییەکەیان، بێگومان هەموو جۆرە راهێنانێک نابێت بکات، ئێمە خۆمان کۆمەڵێک راهێنانی تایبەت بەو جۆرە کەسانە دەکەین کە لە باری دووگیانی دان، ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی کاریگەریی دروست دەکات لەسەر لەشی ئەو دایکە، چونکە لەشی ئەو دایکە نەرم دەبێت و دەکرێتەوە ئەوەش  رێگا بۆ منداڵ بوونی سروشتی ئاسان دەکات، ئێمە ئافرەتمان لە لا هەبووە کە یەکەم منداڵی بە نەشتەرگەریی بووە، بەڵام بە هۆیی وەرگرتنی ئەو راهێنانە توانیویەتی منداڵی دووەمی بە سروشتی ببێت.

نوچەنێت: ئەوانەی دێن بۆ وەرزشکردن لە چ تەمەنێکن؟

تاڤان ئەفەندی: من لەو هۆڵەی کە راهێنان بە بەشداربووان دەکەم دەتوانم بڵێم لە تەمەنی هەژدە ساڵیەوە دەستپێدەکات هەتا تەمەنی حەفتا ساڵی واتا لە هەموو تەمەنێک هەیە، بەڵام ئەوەی زۆر ئەکتیڤە و ئارەزووی وەرزشکردن دەکات و یانیش رێژەیان زۆرترە ئەو لە نێوان تەمەنی بیست و پێنج ساڵی هەتا تەمەنی چل و پێنج ساڵییە، رێژەی بەشداربوونی ئەو تەمەنانە زیاترە.

نوچەنێت: ئایا ئێوە کەسانی نەخۆشتان وەرگرتووە ئەوانەی تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن لێرە ئێوە توانیوتانە یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی ئارامم بێت لە رێگای وەرزش کردنەوە، کە لە لایان پزیشکەوە بۆ لای ئێوە رەوانە کرا بێت بەمەستی چارەسەر وەرگرتن؟

تاڤان ئەفەندی: بەڵێ هەیە، کەسانێک هاتوون تووشی گۆشەگیریی بوونە ئێمە لێرە بە هەموو راهێنەرەکان لەگەڵی دەبین، کە دەبینین لە حاڵەتێکی باش نییە بێ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکەین پەنجەوانەمان کردیتە دەستەکانی یاری بۆکسینمان پێ کردوە هەتا هەموو ئەو توورەیی لە یارییەکە فرێ بدات بەوەش بێگومان ئارام بووە، نەخۆش هەبووە دکتۆر بۆ لای ئێمەی ناردوە ئەوانەی تووشی رووداوێک بوون لە ژیان کە رەنگە توانای بەرگە گرتنیان لاواز بووە، کاریگەریی لە سەر دەروونیان دروست کردوە، ئێمە توانیومانە لەگەڵی بین و هاوکاری بووینە و دواجار کە هۆڵەکەی جێ هێشتووە بووە بە کەسێکی تر جیاواز لەو کەسی پێشوو، بووە بە کەسێک کە متمانەی بە خۆی هەبووە تەواو گۆراوە لە رووی دەروونیەوە، بەداخەوە ژنان زیاتر تووشی ئەو حاڵەتە دەبن.

نوچەنێت: پێتان وایە وەرزشکردن بووە بە کلتور لە کۆمەڵگای ئێمە؟

تاڤان ئەفەندی: نەخێر هێشتان نەگەیشتووینە ئەو خاڵە، بەڵام دەستمان پێکردوە لە سەرەتا داین ئێمە لەو رووەوە تازەیەن، بەهیوام هەموو لایەک گرنگی بە وەرزش بدات بۆ ئەوەی دوور بێت لە نەخۆشی و بیر کردنەوەی نەرێنی چونکە وەرزش تاکە رێگایە بۆ دڵخۆشی لەشت ئەکتیڤ دەکات بەرگریت بەرامبەر نەخۆشی زیاتر دەکات ، پێویستە هەموو کەسێک رۆژانە تەنها یەک کاتژمێر بۆ وەرزشکردن تەرخان بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین