لەنجە عەبدوڵڵا: وارڤین لەبەرئەوەی حزبی نەبوو داخرا دیمانە

نوچەنێت-ئافرەتان

دۆخی ئێستای ژنان و رێکخراوەکانی ژنان و هەڵوێستی حکومەت بەرانبەر بە ژنان، ناڕەزایەتی بەشێک لە چالاکانی بواری ژنانی بە دوای خۆیدا هێناوە و لەنجە عەبدوڵڵا، چالاکوانێکی بواری ئافرەتان لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دەڵێت: سیستەمی پاراستنی ژن شکستی هێناوە و هەتا لە ناو دادگاکانیش حکومەت نەیتوانیوە زەمینەسازی بۆ ئەم سیستەمە بکات، لەو کاتەشدا وارڤین داخرا تەنیا لەبەرئەوەبوو کە حزبی نەبوو.

نوچەنێت: دەزگای وارڤین بۆچی داخرا؟ 

لەنجە عەبدوڵڵا: سەرەتای دامەزراندنی وارڤین، پێمانوابو سەرنجمان لەسەر میدیا بێت لەسەر پرسی جێندەر و ئەو پرسانەی کە پەیوەندی بە کۆمەڵگەوە هەیە، لەو کاتەدا هەستمان کرد کە بابەتی میدیا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین پرسی ژن لەناو کۆمەڵگە بوروژێنین، چونکە بابەتگەلی زۆر هەبوو لەوکاتەدا وەکو مەسەلەی توندوتیژی و مەسەلەی گێچەڵپێکردن و کوشتنی ژنان، مەلەفی زۆر گرنگ هەبوو کە رێکخراوەکانی ژنان نەیاندەتوانی وەکو قەزیەی رای گشتی بیوروژێنێت، ئەوەبوو پرۆژەکە پێشکەشی حکومەت کرا و سەرۆکی حکومەت رازیبوو. ئێمە و چەند رێکخراو و دەزگای تر هەبووین کە هاوکاریمان دەکرا.

 لە وەزارەتی دارایی بەشی رێکخراوەکان هەبوو کە تایبەت بوو بەو دامەزراوانە، لەوێ پڕۆپۆزەڵ پێشکەش دەکراو لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرا دواتر بڕیاری هاوکاری دەدرا، هەر لەوێوە چاودێری چۆنێتی خەرجییەکانیان دەکرد، شتێک نەبوو بڵێی خەڵک هەر لەخۆیەوە دەیتوانی پارە خەرج بکات.

سەرەتا ئێمە وەکو دەزگا ئامانجمان کاری فراوانتر بوو لە بواری توێژینەوە و دۆسیەی گۆڕینی یاسا،تموحی گەورەمان هەبوو، بەڵام گۆڤارەکە دەستپێک بوو. گۆڤارێک پانزە رۆژ جارێک ٦٨ لاپەڕەی زۆر جیاواز دەردەچوو، دۆسیەی هونەری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری هەبوو، ئەو کەسانەش کە لەو دەزگایە ئیشیان دەکرد، بەشێکی زۆریان رۆژنامەنوسی ژن بوون، تازە دەستێکی کارکردنیان بوو، یەکێک لە ئامانجەکانیشمان پەروەردە کردنی چەند رۆژنامەنوسێکی ئافرەت بوو، کە سەرنج بخاتە سەر بابەتە جددییەکانی پرسی ژن، چونکە لەو کاتەدا ئەو کچانەی کە لە میدیا کاریان دەکرد، تەنها وایان دەزانی دەبێ تەنیا بابەتی کۆمەڵایەتی وەربگرن یان کار لەسەر چێشتخانە و جوانکاری بکەن. 

بەشێکی زۆری ئەو کچانەی کە لە بواری میدیا دەیانخوێند دەهاتنە لای ئێمە راهێنانیان پێدەکرا، فری لانس کاریان دەکرد و نزیک ساڵ و نیوێک بەردەوام بوون و ئێستا لە دەزگای میدیایی ترن.

ئێمە لە مانگی ٧ی ٢٠٠٩ دەستمانپێکرد و لە مانگی ٣ی ٢٠١١، رایانگرت. ئەو کاتەی کابینەی حکومەت گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەرهەم ساڵح، کابینەکەی وەرگرت و یەکەم بڕیاری ئەوە بوو بە گوشاری خەڵکێکی زۆری دەورووبەری دەیانگوت دەبێ بودجەی ئەو رێکخراوانە ببڕێت، لەبەرئەوەی پێشتر ئەمانە بە بڕیاری سەرۆکوەزیران دامەزراون، بیانوویان ئەوە بوو کە بەهەدەردانی پارەیە و پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت، بێ ئەوەی هیچ سودێکی هەبێت.

هەرچەندە ئەمە قسەیەکی روکەش بوو، چونکە هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان نەکردبوو تا بزانن کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە چییە؟ یان چی لێ زیادە، بەتایبەتیش پرسی ژن چونکە لەو کاتەدا جێگرەوەی وارڤین نەبوو، بڕیارەکەش زۆر میزاجی و شەخسی بوو، لێدان بوو لە کابینەی پێشو لە خودی نێچیرڤان بارزانی، کە پاڵپشتی پرسی ژنی دەکرد. 

کاتێک کە رایانگرت بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک یان بەرپرسی دەزگاکان، کە رامان وەربگرن یان لە گەڵمان دابنیشن یان لێکۆڵێنەوەیەک بکەن، یەکسەر بڕیارەکەیان دەرکرد، هەندێکمان گۆڤارەکانمان لە چاپخانە بوو هەندێکمان ئەو پارانەشیان نەداینەوە کە خەرجمان کردبوو. کەوتینە حاڵەتێکی زۆر ئیحراجی و ناخۆش بەرامبەر بە خەڵک، بەشێکی فەرمانبەرەکان بێکار بوون.

نوچەنێت: دەزگای وارڤین بۆچی گرنگ بوو هەبێت؟

لەنجە عەبدوڵڵا: وارڤین لە بۆشاییەکی زۆر گەورەدا دروستبوو، پێویستبوو گۆڤارێک هەبێت بە دەنگێکی ژنانە و ئازایانە رووبەڕووی دابونەریت و نۆرمە کۆنەکان ببێتەوە. ئەوەی وارڤین دەیکرد گوزارشتی لە زەروریەتی ئەو قەزیەیە دەکرد. دەزگایەک بوو کە زۆر بابەتی گرنگی وروژاند، بەبێ ئەوەی کە هیچ ترسێکی هەبێ لەوەی کە ئەنجامەکەی چییە. ئێمە مەترسیمان لەسەربوو بەتایبەتیش لەلایەن گروپە ئیسلامییەکانەوە کە ئەو کاتە هەیمەنەیەکی زۆریان هەبوو لە کۆمەڵگەی کوردی، باسی هەر بابەتێکت لەبەرژەوەندی ژن دەکرد بە سەدان مەلا دەڕژایە سەر جادە، وارڤین لەو کاتەدا قسەی لەسەر بابەتی جێندەر و یاسای گێچەڵپێکردن دەکرد.

چەندین راپرسی گرنگمان کرد، لایەنی ئەرێنی زۆربوو، ئێستاش خەڵک باسی ئەو شتانە دەکات کە وارڤین وروژاندویەتی ، جێ دەستی زۆر دیاربوو. چاوەڕوان دەکرا گۆڕانکاری زۆر بکات، هەتا لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی و لەسەر بەڕێوەبەرەکان و چەندین مەلەفی گەندەڵی لە بواری ئاسایش وروژێنرا کە ئەو کچانەی لە رۆژهەڵاتەوە دەهاتن، بابەتی زۆر هەستیار بابەتی گێچەڵکردن بە ژنانی پەرلەمانتار و ژنانی دیار، هەڕەشەی زۆریشمان بۆ دەهات.

ئەو جورئەتەی ئەم دەزگایە هەیبوو هی بێلایەنی و باوەڕبوون بە قەزیەی ژنبوو، چونکە هیچ کاریگەرییەکی حزبی لەسەر نەبوو.

راستە وارڤین یارمەتی لە حکومەت وەردەگرت، ئەمەش زۆر ئاساییە من زۆر باوەڕم بەوەیە کە پێویستە فەندی لۆکاڵی هەبێت بۆئەوەی نەکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسەتی لایەنی ترەوە ئەوەندە پێویست ناکات بچێت یارمەتی ئەو- وڵاتانە وەربگرێت، کە هەریەکەی ئەجێندایەکی هەیە و دەیەوێت پرسی ژن لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت. بۆیە من زۆر پێم گونجاوبوو، چونکە هیچ کەسێک دەستوەردانی لە سیاسەتی وارڤین نەدەکرد، تا لە بەرژەوەندی لایەکدا قسە بکات، ئەوکاتە حکومەت فەندی دەکردین زۆرترین رەخنەمان لە حکومەت دەگرت، ئەوەش وایکرد کە ئەو پرسیارە زۆر دەکرا کە بەرهەم ساڵح خۆی گوتبوی بۆ فەندی گۆڤارێکی وا بکەین کە رەخنە لە حکومەت دەگرێت. 

ئەوەش پێمان دەڵێ، کە پیاوێکی وەک بەرهەم ساڵح چەند دوو فاقیانە سیاسەت دەکات و چەند لە رەخنە دەترسێ، چونکە دەبوایە پیاوێکی وەک بەرهەم ساڵح، زۆر پێی خۆش بێت کە دەزگایەکی وا هەبێت بابەتیانە ئیش بکات، لە کاتێکدا خۆی دامەزرێنەری ئەنجومەنی خانمانە و خۆی راوێژکاری ژنانی هەیە و یارمەتی زۆر رێکخراوی ژنانی کردووە و ئەو رێکخراوانەی کە ئەو یارمەتیان دەکات دەزانین کێ و کێن. دایکی خۆی گەورەترین دەزگای هەبوو بەبێ ئەوەی هیچ سەنگێک بۆ وارڤین دابنێت بە شێوازی تریش دژایەتی کرد، تەنانەت لە مەلەفێکی وەزارەتی رۆشنبیریدا زۆر بە زەقی بەرهەم ساڵح، داوایکرد وارڤین بدرێتە دادگا، چونکە لە مەلەفێکی گەندەڵی لە ٢٠٠٧ پەیویەندی بە فیلمێکەوە هەبوو. یەکێک لە رۆژنامەنوسەکان بە فری لانس ئەم راپۆرتەی کرد کە ئێمە تەنها ساڵەکەمان بیرچووبوو بینوسین، ئێمەیان بردە دادگا، نزیکەی دوو ساڵ هاتووچۆیان پێکردم، من خۆم دادگای کرام و بە پارەیەکی زۆر غەرامە کرام و بە ماددەی عقوبات سزایان دام.

ئەوەبوو بە غەرامە بەربووم دواتر داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکەمان کردەوە هەر ئەو بابەتەی، کە ئێمە بڵاومان کردەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکردین لە گۆڤارێکی دیکە بڵاوبووەوە کەس سکاڵای لەسەریان تۆمار نەکرد.

تەنیا لە بەرئەوەی ئێمە گۆڤارێکی ژنان بووین، دواتر بڕیاری پێداچوونەوە لە بەرژەوەندی وارڤین هاتەوە و من کەیسەکەم بردەوە، گوایە ئێمە کێشەی کەسیمان لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری هەبوو ئەمە نیشانەی ئەوەیە، کە وارڤین ئامانج بوو لە لایەن گروپەکەی بەرهەم ساڵحەوە، دژایەتی دەکراین.

کەواتە ئێمە کاریگەریمان هەبوو بۆیە ئەوانەی کە دژی مەسەلەی ژن بوون ئەوانەی نەیاندەهێشت بابەتی ژنان بوروژێنرێت ، وارڤین زۆر شتی دەوروژاند کە رەهەندی دینی هەبوو. ئێمە خەڵکێکمان لەگەڵ بوو، لەسەر تێرمی جێندەر کارمان دەکرد بۆ یەکەمجاربوو چوارسەد ژن کۆبێتەوە بڕواتە بەردەم پەرلەمان و رەخنە لە پیاوی ئاینی بگرێت.

بڕیارەکە زۆر سیاسی بوو، ئەوەی ئێمە دوو جار ئامانجی شەخسی تێدابوو، هەم وەکو ژن و هەم وەک دەزگایەک کە سەرۆکی پێشتری حکومەت بڕیاری دامەزراندنی دابوو، کە وەکو میدیاش نەماین ئێمە هەر کۆڵمان نەدا، وەکو دەزگا لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان ریجیستەرمان کردەوە، تا ساڵی ٢٠٢٠-یش وارڤین بە فەندی رێکخراوە بیانییەکان پڕۆژەی زۆر گەورەی جێبەجێکرد.

ئێمە ویستمان ئەوە بسەلمێنین، کە ئەوە دوکان نییە بە ویستی پیاوێکی سیاسی دابخرێت، بە پێچەوانەوە زیاد لە ٤٢ پڕۆژەی گەورەمان لە ماوەی سێ ساڵ لەسەر ئاستی عیراق جێبەجێ کرد، چەندین راپرسی گەورەمان کرد، ئەو بەردەوامییە خۆی لە خۆیدا شەڕ و تەحەدا بوو، کە توانیمان بەبێ هیچ هاوکارییەکی حکومەت بەردەوام بین. 

نوچەنێت: ئەوکات گوتیان بۆئەوە دادەخرێت، پێویستە ئەو پارانە لە بواری باشتردا خەرج بکرێت؟ ئایا دوای ئەوە هیچ پڕۆژەیەک هەبوو لە بەرژەوەندی گشتی کە ئەو پارانەی تێدا خەرج بکەن؟

لەنجە عەبدوڵڵا: من خۆم زۆر چاودێری ئەوەم کرد، ئەوکاتە لە بەیاننامەکەی حکومەتدا گوتیان نەزیفی ماددی و گەندەڵی هەیە، ئێمە بەیاننامەیەکمان دەرکرد راستەوخۆ ئاراستەی بەرهەممان کرد گوتمان ئێمە وەکو دەزگای وارڤین ئەگەر ئەوە لە پێناو چاکەی گشتییە، لە پێناو نەهێشتنی گەندەڵییە دەستخۆشی دەکەین، بەڵام ئێوە وەکو حکومەت میکانیزمەکانتان چییە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، بیر لەوە بکەنەوە، چونکە داخستنی دەزگا بڕیارێکی زۆر سیاسییە و زیانێکی گەورەیە لە کۆمەڵگەی دەدەن، بەڵام ئەگەر بێی ئەلتەرناتیڤی ئەوە،لیژنەیەک دابنێی و هەڵسەنگاندن بکەی با هەر لیژنەیەک بێت چاودێری خەرجکردنی پارە بکات. ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە، ئێمە خەرجکردنی پارەمان دیاربوو، بەڵام چوونکە بڕیارەکە سیاسی بوو بۆ زەربەدان بوو لە کابینەی پێشوو ئەوە نەکرا. 

حکومەتی بەرهەم ساڵح"
 دەستپێکی کردنەوەی دەرگابوو بۆ دروستبوونی داعش"

ئەو پارەیەش نەچووە هیچ بوارێکی ترەوە، دەبوایە وەکو دەزگایەکی رۆشنبیری هەمووی لەسەر وەزارەتی رۆشنبیری بێت، بەڵام زۆر پرۆژەی گرنگ لە وەزارەتی رۆشنبیری پارچەپارچەکرا بە بیانوی ئەوەی ئەوانە پارەی حکومەت بەهەدەر دەدەن، بۆ نمونە فەرهەنگخانەکان داخران، حکومەتی بەرهەم ساڵح دەستپێکی کردنەوەی دەرگابوو بۆ دروستبوونی داعش، من بەو پەڕی بەرپرسیارێتی ئەو قسەیە دەکەم، چونکە بڕیارەکانی ئەو کابینەیە بە تەواوەتی کۆمەڵگەی بردە ناوەوە هیچ چالاکییەکی رۆشنبیری و هونەری و هیچ چالاکییەکی گەنجان نەما، هیچ دەرگایەک نەما بۆ گەنج، کەواتە بەدیلی ئەوە هەموو ئەو کەناڵە ئیسلامییانەیە کە باسی مەرگ بۆ کۆمەڵگە دەکەن. باسی بێهیوایی دەکەن، ئەگەر قسەکەی من راست نییە فەرمون پێمان بڵێن کامە پڕۆژە بەدیلی ئەم پڕۆژانەبوو کە دایانخست.

نوچەنێت: لەو کاتەدا هیچ دەزگا و دامەزراوەی دیکەی ژنان هەبوو؟

لەنجە عەبدوڵڵا: لەم کاتەدا بەس وارڤین بوو کە هەفتانە ئیشی لەسەر مەلەفەکان دەکرد، هیچ دەزگایەک ئەو تواناییەی نەبوو. 

نوچەنێت: کاریگەری نەمانی وارڤین چیبوو؟

لەنجە عەبدوڵڵا: مەسەلەی ژن ئیرادەی سیاسی و ئیشی زۆر گەورەتر و جددی دەوێ و کاری بەکۆمەڵی پێویستە. وەکو میدیا کارکردنی لەسەر پرسی ژن زۆر گرنگ بوو، ئەگەر بمایە رەنگە کاریگەری زۆر ئەرێنی هەبوایە، چونکە میدیا گرنگە، لە سەدەی21 پێویستت بە ئامرازێکە بۆ رای گشتی، دەیتوانی زیاتر شت بوروژێنێت و خەڵک بێنێتە سەرخەت.

وارڤین دەیویست هزری فیمینیستی دروستبکات. قسە لەسەر هۆشیاری و دنیابینی ژن بکات بۆ ئەم قەزیەیە، ژن لە کوێی پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدایە. بابەتی زۆر گرنگ هەبوو کە پەیوەندیدارە بە پێگەی ژنەوە، کە لە کۆمەڵگەدا هەتا لەناو پرۆسەکەدا شوێن دەستی دیارنییە و کاریگەرییەکی وای نییە. 

نوچەنێت: کارەکانی لەسەر بابەتی توندوتیژی چیبوون؟

لەنجە عەبدوڵڵا: ئێستا ئێمە لە قۆناغێکداین باسی ٢٠١١ دەکەین، میدیا جێی هەموو شتێکی گرتووەتەوە. ئەگەر وارڤین ئەم ئامرازەی بەکاربهێنایە زۆرباشتر دەبوو. 

لە هەرێمی کوردستان ئەوە یەکێک لە کێشەکانی بزووتنەوەی ژنانە، کە مینبەری نییە. هەرچی گروپە قسە دەکات بەس ژنان بێدەنگن.

رێکخراوە حزبییەکان"
 لە یاسا نازانن"

نوچەنێت: لەم رۆژانە سەرۆکی پەرلەمان گوتی، بۆ هەمواری یاسای تووندوتیژی داوامان لە رێکخراوەکان و چالاکانی ئەم بوارە کردووە کەسیان هیچ تێبینی و داواکارییەکیان نەهێناوە، ئەمە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

لەنجە عەبدوڵڵا: سەرۆکی پەرلەمان بەس بە رێکخراوە حزبییەکانی خۆیانی گوتووە، ئەوانیش لە یاسا نازانن، یاسا هەموارکردنەوە و گۆڕین و لێکۆڵینەوە و بەدواداچون و لیژنەی پسپۆڕی پێویستە. کاتێک دەتەوێ چاکی بکەی بەدیلی چییە؟ رەنگە پرۆژەیەک بێتە پێشەوە، ئەم یاسایە لای نەدات، کێشە لە جێبەجێکردنی یاساکە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بانگهێشت نەکراوین.

لەم کابینەیە کەس گوێ لە ژنی چالاکوان ناگرێت، غروریان لەوە تێپەڕێوە گوێ لە ئێمە بگرن، ئەگەر حزبی نەبی هەر گوێت لێناگیرێ. ئەمە واقیعی ئەم کابینەیەیە، کە بە حەساسیەت مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێک دەکەن. لە ئەنجومەنی خانمانەوە تا کۆتایی. 

نوچەنێت: رۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی خێزانی چۆن دەبینی؟

لەنجە عەبدوڵڵا: ئەو دەزگایە یاسا جێبەجێ دەکات، دەبێ ئەو ژنە بچێت سکاڵا بنوسێ، ئەمان رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر، بەڵام ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەوان چین؟

ئەو ژنەی تازە کوژرا مانگی ٤-ی پار لە شەڵتەر بووە، ئەگەر ئەم کەیسە هەڕەشەی لەسەر بووە، کام یاسا رێگە بە ژنێک دەدات بڕواتە دەرەوە کە هەڕەشەی لەسەربێت؟

یاساکە دەڵێت، لە سەرووی هەژدە ساڵییەوە سەرپشکی کە بڕیاری چوونەدەرەوە لە شەڵتەر بدەیت، من چەندین جار لێکۆڵینەوەم لەسەر سیستەمی شەڵتەرەکان کردووە. شتیوا نییە کەیسێک هەڕەشەی لەسەر بێت و بگاتە حاڵەتی شەڵتەر، لە هیچ دۆخێکدا ئەم ژنە رێگەی پێنادرێت بڕواتە دەرەوە، بێزار یان توشی نەخۆشی دەوونی یان هەرچی بێت، دەیبەنە شارێکی تر و ناوی دەگۆڕن و پۆلیس چاودێری دەکات، شێوەیدەگۆڕن، کەیس چۆن بە ئارەزوی خۆی دەتوانێ بڕواتە دەرەوە.

نوچەنێت: ئەم هەموو ژنەی ئەمساڵ دەکوژرێ چییە؟ ئەگەر رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە بۆچی ژن دەکوژرێت؟ هۆکاری بێدەنگی چالاکوان و رێکخراوەکان چییە؟

لەنجە عەبدوڵڵا: بابەتی چالاکانی ئافرەتان لەوە قوڵترە، رێکخراو بووە بە کەناڵێک بۆ فەند وەرگرتن، ئەم فەندە لە ژێر چاودێری حکومەت و رێکخراوەکان هاوکاری دەکرێن، بۆ ئەوەی ئیش لەسەر پرسێک بکەی ناتوانی وەکو ئۆپۆزسیۆن یان رەخنەگر بی، ئەوەی کە قەزیەکە 

"ئەگەر ئاساییترین رەخنە 
ئاراستەی حکومەت بکەی، 
فەندەکەت رادەگیریێ"

دەیخوازێ. تۆ دەبێ رەخنە بگری و لایەنە نەرێنییەکانی ئەم یاسایە باس بکەی، کێیە لایەنی جێبەجێکار، حکومەتە؟ رەخنە لە دەزگاکانی حکومەت وەکو پۆلیس، دادگا دەگری، ئیشی رێکخراو ئەو بوارەی تێدا نییە و ناتوانی رەخنە بگری، ئەگەر ئاساییترین شت ئاراستەی حکومەت بکەی، فەندەکەت رادەگیرێ. دەزگاکانی ژنان بەوە مەحکومن، کەواتە لێرە مانەوەی فەندەکە گرنگە نەک قەزیەکە. ئەم قەزیەیە بێ هەڵوێستی ژنان، لە باری بردووە.

فەرموو بڕۆ سەر جادە خۆپیشاندان بکە، بڵێ بۆ ژن کوشتن هەیە بۆ سبەی لە پارێزگا مۆڵەتەکەت لێدەسەننەوە. کەواتە بێدەنگی لەبەرئەوەی فەندەکەت لێوەرنەگرن، ئێستا ئەو رێکخراوانەی کە لە حکومەت نزیکن گروپێکیان دروستکردووە. 

" ئەنجومەنی خانمان 
پرۆژەیەکی شکستخواردووە،
 ناتوانێ هیچ بکات، تەنیا رووکەشە"

بۆ هەر کارێک، ئەنجومەنی خانمان، حکومەت و پەرلەمان، ئەوانە بانگ دەکات، چونکە سیاسەتی حکومەتیان بە دڵە. دەڵێن ئێمە دەبێ بەم شێوازە کار بکەین، ئایا بەم شێوازە گۆڕانکاری درودست دەکرێ؟ ئێستا بەهۆی بێدەنگییەوە حاڵەتەکان مەترسیدارتر دەبن، جاران ژن دەکوژرا دەیان ئافرەت دەچووە سەر جادە، ئێستا ژن دەکوژرێ کەس قسە ناکات، ئەم بێدەنگییە باجەکەی ژن دەیدا.

بۆیە ئەم رێکخراوانە شەرعیەت و ئیعتیباریان نەماوە. نە ژن هیوای پێیان ماوە نە حکومەت رێزیان دەگرێ. حکومەت لەم کەم و کورتییانە بەرپرسیارە. 

نوچەنێت: پێتوایە قەزیەی ژن لە پاشەکشێدایە و گروپە توندڕەوەکان زیاتر گرنگییان پیدەدرێت؟

لەنجە عەبدوڵڵا: بەڵێ هەموو کاتێک گروپی توندڕەو گۆڕەپانی بۆ چۆڵکراوە، ئەوە ئیستا رێکخراوە ئیسلامییەکان زوو زوو کۆمەڵێک کچ لەچکیان لەسەر دەکەن، ئەوە هەمووی لە غیابی هەبوونی رێکخراوی فعلی ژنانە. 

نوچەنێت: رێگاچارە چییە؟

لەنجە عەبدوڵڵا: کار زۆرە کە پێویستە بکریت، بابەتی ژن رەهەندی جیاوازی هەیە. بە رای من سیستەمی پاراستنی ژن شکستی هێناوە، لە رووی سەرچاوەی مرۆییەوە کەم و کورتی هەیە. کەسانێک بەڕێوەی دەبەن کە باوەڕی بە قەزیەی ژن نەبووە، هەتا لە ناو دادگاکانیش حکومەت نەیتوانیوە زەمینەسازی بۆ ئەم سیستەمە بکات، ئەنجومەنی خانمان پرۆژەیەکی شکست خواردووە، ناتوانێ هیچ بکات تەنیا روکەشە، دەبێ ئەم سیستەمە هەمووی لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێت وسیاسەتێکی دیکە دابڕێژرێت، بۆ نمونە لە سێکتەری شەڵتەردا. 

فەرمانبەرێک کە باوەڕی بە قەزیەی ژن نەبێ ناتوانێ هیچ چارە بکات، ئەمە دەبێ کەسانێک بیکەن کە باوەڕیان بە قەزیەی ژن هەیە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین