فەرهاد مەلا حەسەن: ئەوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بوو بەبێ جیاوازی یارمەتی هەموو میدیاکانی دەدا دیمانە

بەهرە حەمەڕەش: نوچەنێت

لە ساڵی 2016 کۆمەڵێک دەزگاو دامەزراوەی رۆشنبیری و راگەیاندن و ئافرەتان لە لایەن حکومەتەوە پاڵپشتی داراییان راگیرا، بەم هۆیەوە نەیانتوانی لە کارکردن بەردەوام بن. سەرپەرشتیاری گۆڤاری شەقام دەڵێت: حکومەتی بەرهەم ساڵح پاڵپشتی دارایی هەندێ دەزگای راگرت کە زۆر کەم بوو، بەڵام بە لێشاو پارەی بۆ هەندێکی دیکەی هەڵدەڕشت.

نوچەنێت: بۆچی گۆڤاری شەقام وەستا؟

فەرهاد مەلا حەسەن: شەقام گۆڤار بوو، وێبسایتێکیشی هەبوو. لە ساڵی2016 وە بە هۆی خراپی دۆخی ئابوری و نەمانی مینحە لە لایەن ‌حکومەتەوە بە ناچاری وەستاندمان، ئێستا خەریکی ئیشێکی ترم کە زۆر دوور نییە لە کاری راگەیاندن.

بەرهەم ساڵح یەکەم ئەزمونی رۆژنامەی ئەهلی داخست

نوچەنێت: شەقام چەند ساڵ بەردەوام بوو؟

فەرهاد مەلا حەسەن: شەقام درێژە پێدەری رۆژنامەی ئەمڕۆ بوو. یەکەم ئەزموونی رۆژنامەی ئەهلی بوو کە لە ساڵی 1994دەستی پێکرد. من یەکێک بووم لە ستافی ئەوکات، دواتر بە تێپەڕبوونی کات من مامەوە. پێشتر ئەوەم باسنەکردووە کە شەقام هەمان رۆژنامەی ئەمڕۆ بوو کە لە سلێمانی بووین، کە هاتینە هەولێر رێگەیان نەدا ئەو رۆژنامەیە بڵاو بکرێتەوە، هۆکاریان ئەوە بوو کە رۆژنامەیەکی دیکەیان هەیە بە ناوی ئەڤڕۆ، لە گەڵ ئەو رۆژنامەیە هەمان ناوە، بەڵام پێموابێ هۆکارەکە ئەوەبوو کە ئێمەیان لە سەر یەکێتی خوێندبووەوە، بەهۆی ئاوارەییمان. تەنیا لەبەر ئەوەی رۆژنامەکە بڵاو بێتەوە ناوەکەیم گۆڕی بۆ شەقام بە رەزامەندی هەموو ستافەکە، شەقام نزیکەی 14ساڵ پاڵپشتی دارایی لە حکومەت وەردەگرت، شەفافانە مامەڵەمان لەگەڵ مینحەکە دەکرد چونکە هەر شەش مانگ جارێک خەرجی و داهاتمان بڵاو دەکردەوە هەر لە گۆڤارەکەی خۆمان و تێبینیشمان دەدا کە هەر کەسێک تێبینی لەسەر خەرجییەکان و داهات هەیە، دەتوانێت بچێتە رێکخراوەکان لە وەزارەتی دارایی، لەوێ بەدواداچوون بکات. واتە کەمێک بێ منەتیمان پیشان دەدا.  بەڵام بەداخەوە کاتێک بەرهەم ساڵح بوو بە سەرۆکوەزیران، رایگرت. ئەوکات گوتیان ئەو بڕیارە بۆ هەموو گۆڤار و بڵاوکراوەکانە بەڵام وانەبوو تەنیا هەندێکیان راگرت کە خۆیان مەبەستیان بوو.

ئەگەر پارتی یارمەتی میدیاکان بدات دەبێ دەستخۆشی لێبکرێت

نوچەنێت: چەند بڵاوکراوە داخرا؟ ئایا ئەوانەی داخران هەموویان چالاک بوون؟

فەرهاد مەلا حەسەن: ئەو لیستەی کە من بینیم 200 رێکخراو-و گۆڤار بوون. هەموویان  چالاک نەبوون. حکومەت دەبوایە بڕیاری رێکخستنی بدایە نەک داخستن. بۆ نمونە با چاودێرییەکیان دانابایە بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە دەیانکرد بزانن داهات و خەرجی چۆنەو چۆن خەرج دەکرێت، نەک گۆڤارێک کە ١٤ساڵ بە شەفافی خەرجی و داهات بڵاوبکاتەوەو دایبخەی.

خەڵک هەبوو، ئەگەر مینحەکەی 10ملیۆن بووە دوو ملیۆنی خەرج کردووە و ئەویتری خستووەتە گیرفانی. لە راستیدا کۆمەڵێک شوێن هەبوون بەوشێوەیە کاریان دەکرد. دەبوایە حکومەت میکانیزمێکی تر بگرێتە بەر بۆ ئەوەی بتوانێت میدیا بە شێوەیەکی گشتی رێکبخات. میدیاکان بڕوای تەواویان بە وەرگرتنی مینحە هەبوو. جارێکیان لە سلێمانی لە رادیۆی نەوا کۆبوونەوەیەکمان کرد لە سەردەمی حکومەتی نێچیرڤان بارزانی، رادیۆی نەوا، گۆڤاری لڤین، رۆژنامەی ئاوێنە یان هاوڵاتی  هەموویان ئامادە بوون مینحەی حکومەت وەربگرن، هەرهەموومان واژۆی ئەوەمان کردووە. سەرۆکی حکومەت نوێنەری خۆی ناردبوو رایگەیاند، بەسەرچاو مینحە دەدەین و جیاوازیش ناکەین و بچن کۆببنەوە و هەرچییەکتان دەوێت ئەنجامی دەدەم، لە راستیشدا ئەنجامی دا.

دەبوایە حکومەت بە میکانیزمێکی تر و رێکخراوانە و چاودێری دابنایە و هەر وانەبوایە، کە هەر مینحە مانگانە بدات و یان ئەوەی لە منت دەوێ مانگانە بۆت بخەمە سەر بەرگ، ئەو شێوازە نا، دەبوایە وردتر لەوە بیریان بکردایەتەوە. بەداخەوە ئەوە نەکرا و بووە هۆکاری ئەوەی کە مینحەکان رابگیریێن، مینحە راگرتنەکانیش نەبوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی میدیا خراپەکان نەمێنن، ئەو بڕیارە باش و خراپی پێکەوە لوشدا. ئەمن هەست دەکەم ئەم بڕیارە سۆسیال میدیای بەهێز کرد و خەڵکی ناچار کرد واز لە رۆژنامەی نووسراو- و کاغەز بهێنێت و بە ناچاری بچێتە ناو سۆسیال میدیا، بازاڕی جنێوفرۆشەکانی لە سۆسیال میدیا گەرمکرد.

لڤین و رادیۆی نەوا و شەقام و زۆری تر ئیمزای وەرگرتنی پارەمان لە حکومەت کرد

نوچەنێت: پێتوایە راگرتنی پاڵپشتی دارایی ئەو بڵاوکراوەو رێکخراوانە، بۆشایی لە کۆمەڵگە دروستکرد؟

فەرهاد مەلا حەسەن: بۆشایی زۆری دروست کرد، ئەگەر لە رووی بۆشایی مرۆییەوە باسی بکەین، لەلای من زیاتر لە 12 کەس موچەیان وەردەگرت و هبێکار بوون، لەلایەکی دیکە کاتێک میدیای کاغەز نامێنێت، خەڵکێک هەیە دێت کار لەسەر ئەو بۆشاییە دەکات، رەنگە بە میدیای کاغەز کارت لەسەر نەکات دێت و لە سۆسیال میدیا کارت لەسەر دەکات بەتایبەت لە سەر بابەتە سیاسییەکان، هەروەها بیری توندئاژۆیی زۆر بە توندی هاتووەو ئەو بۆشاییەی پڕکردووەتەوە. بەداخەوە بڕیارێکی خراپ بوو دەبوایە پێداچوونەوەیان تێدا بکردایە دەبوایە بۆشاییەک دروست نەکەن کە دەرفەت بۆ بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەویی دروستبێت بەمشیوەیە، بیری توندڕەوی هەبوو بەڵام بواری گەشەکردنی بەمجۆرە نەبوو. ئەو بڕیارە هەم ئەم بیرەی گەشەپێدا و هەم خەڵکی فێرکرد ئەوەی بە دڵت نەبوو نانی ببڕە.

لە کاتێکدا هەموو ئەو دەزگایانەی داخران بەهەرهەموان ئەو پارەیەمان نەبوو کە لەو کاتەدا بەرهەم ساڵح دای بە ئێن ئارتی، چونکە ئەوکاتەی پاڵپشتی ئێمەی راگرت سێ ملیۆن دۆلاری دایە ئین ئاڕ تی و ئێستاش وەری نەگرتۆتەوە. بەدواداچوونمان کرد گوتیان وەک قەرز وەرمان نەگرتووە و وەک قەرەبوو کردنەوەی سوتانەکە وەرمان گرتووە. دیارە حکومەت بەرپرسە لە سوتانی ئەو دەزگایە، کەواتە دەبێ حکومەت بەرپرسیش بێت لە کوژرانی هەر رۆژنامەنوسێک و نانبڕینی هەر رۆژنامەنوسێک. 

ئەوکات پارەی بەشێک لە میدیاکانی بڕی بە لێشاو پارەی بۆ هەندێکی تر هەڵدەڕشت

نوچەنێت: پێتوایە لایەنە ئەرێنییەکانی ئەو بڕیارە چی بوو؟ ئەو کات دەیانگوت دەمانەوێت بەر بە پارە بەهەدەردان بگرین ئایا وابوو؟

فەرهاد مەلا حەسەن: من لایەنی ئەرێنی هەست پێناکەم، وەک ئەوەی بەهانەیان دروستکرد پارە بەهەدەردان نەبوو، چونکە ئێمە و دەیانی وەک ئێمە بەجددی کاریان دەکرد بۆ رۆشنبیری و کۆمەڵگا و گەنجان بەڵام ئەوان مەبەستیان سیاسی بوو. یەک لە هۆکارەکان ئەوە بوو کە ئەو بڕیارانەی نێچیرڤان بارزانی دابووی هەڵیوەشێننەوە. پێیان وابوو زۆربەی میدیاکان پارتی یارمەتییان دەدات، کەواتە دەبێ دەستخۆشی لە پارتی بکرێت کە یارمەتی میدیاکان بدات. من بە بەڵگەوە لامە کە حکومەتی پارتی، ئەوکاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بوو، هاوکاری هەموو میدیاکانی دەکرد، بەڵام کە بەرهەم ساڵح هات دۆخەکە تێکچوو بەداخەوە. 

نوچەنێت: پێتوایە لایەنی ئەرێنی نەبووە و لایەنە نەرێنییەکانی جگە لە دروستکردنی بۆشایی رۆشنبیری لە کۆمەڵگە چی بوو؟

فەرهاد مەلا حەسەن: جیا لە دروستکردنی بۆشایی و بواردان بە گەشەکردنی فکری توندڕەوی، بەجۆرێک لە جۆرەکان لەناوبردنی میدیای کاغەز (نوسراو) بوو، ئێمە وەک کورد هەمیشە شانازی بە دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی دەکەین کە لە غوربەت دەرچووە، کە رۆژنامەی کوردستان بووە، ئێستاش شانازی پێوە دەکەین و بەدوای ژمارەی 32 و 33 دا دەگەرێ و نایدۆزێتەوە، کە ئەوەندە پیرۆزە. یەکێک لە لایەنە نەرێنییەکانی ئەوەبوو کە میدیای نوسراوی تاڕادەیەکی زۆر لەناو برد. بەم کارەی سوپایەکی بۆ شەڕەجنێو و ناوزڕاندن لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دروستکرد.  پەرەسەندنی ئەم شەڕەجنێوە هەمووی کاردانەوەی ئەو بڕیارە هەڵەیە بوو.

بەڵام دواجار هەر دەبێ بگەڕێینەوە سەر میدیای کاغەز، میدیای کاغەز هەست دەکەی رەسەنایەتی زیاترە و بەڵگەنامەیی ترە. رۆژێک دادێت ئەوانەی ئەو بڕیارەیان دا بڵێن: بۆ رێکخستنمان بۆ میدیا نەکرد.

بڕیارەکەی بەرهەم ساڵح پەرەی بە فکری توندڕەوی دا

نوچەنێت: چینێک هەیە کە میدیای ئەلیکترۆنی حەز لێ نییە، پێتوایە ئێستاش خەڵکێک هەیە کە حەزی لە میدیای کاغەزە، یان ئەوەی ئەگەر میدیای کاغەز هەبێت باشتر دەخوێنێتەوە؟

فەرهاد مەلا حەسەن: گلۆباڵیزم بازاڕی میدیای کاغەزی لاواز کرد بەڵام لە ناوچەیەی ئێمە لێی دەژین بەو شێوەیە نییە کە هەموو چیینەکان حەزیان لە میدیای ئەلیکترۆنی بێت، ئەلیکترۆنی سەلیقەی خوێندنەوەی دەوێت، کتێبێت کە لە بەردەستت بێت کوا وەک ئەوەیە لەسەر شاشەی کۆمپیۆتەر بیخوێنییەوە. رەنگە لە داهاتوودا پێنج یان دە ساڵی دیکە شتێکی دیکە بێتە پێش کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا رەنگە ئەو شتانە تێبپەڕێنێ و ناچار بین بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی خۆمان لە زۆر شت دەگەڕینەوە، وەک جل و بەرگ هەندێک مۆدێلات. دڵنیام دەگەڕێینەوە سەر میدیای کاغەز، چونکە مێژویی ترە.

نوچەنێت: پێتانوایە ئەگەر ئێستا حکومەت ئیمکانی هەبێت بتوانن ئەو لایەنە نەرێنیانە بخەنەڕوو کە میدیایە دروستی کرد، لەو بڕوایەدان جارێکی تر بە رێکخراوی مینحە بدەنەوە؟

فەرهاد مەلا حەسەن: ئەوە لەسەر حکومەتە، من پێشنیار دەکەم سەر لە نوێ بڕیارێکی لەو شێوەیە بێت لەو کابینەیە یان هەر کابینەیەکی دیکە، بەڵام ئەگەر کارێکی واش بکرێ با بە- بەرنامە و چاودێری بێت،  ئەو مینحەیە پارەی میللەتە، دەبێ چاودێری بکەی کە من پارەی میللەت چی لێدەکەم، ئەگەر چاودێریم نەکەی کەواتە حکومەت تۆ پارە بەهەدەر دەدەی نەک من. ئەو کەسەی لە مینحە دە ملیۆنیەکەی دوو ملیۆنی خەرج دەکرد و ئەوەی دیکەی دەخستە گیرفانی ئەوە حکومەتە چاودێری ناکات و پارە بە هەدەر دەدات. ئەگەر حکومەت بەرنامەیەکی لەو شێوەیەی هەبێت کارێکی زۆر باشە، بۆ ئەوەی هەم میدیای کاغەز بێتەوە سەرگۆڕەپانەکە و هەم خەڵکی خۆمان میدیای کاغەزیان لەبیر نەچێتەوە و لە راستیدا هەر تاکێکی کۆمەڵگە، پێویستی بە خوێندنەوەی پەرتوکە و پێویستە کتێبخانەی لەماڵەوە هەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین