عه‌قید دارا فاروق: كارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تاوانه‌ رێكخراوه‌كان فراوان ده‌كه‌ین دیمانە

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت عه‌قید دارا فاروق به‌ڕێوه‌به‌رى تاوانه‌ رێكخراوه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، باس له‌ تاوانى رێكخراو ده‌كات و باس له‌ چۆنیه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان ده‌كات. له‌ به‌شێكى دیمانه‌كه‌ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان كار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تاوانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن.

نوچەنێت : دەمانەوێ سەرەتا بەوە دەستپێبکەین "توانای رێکخراو" چۆن پێناسە دەکرێت، و بە چی لە تاوانی ئاسایی جيا دەکرێتەوە؟

عەقید دارا فاروق: تاوانی رێکخراو ئەو جۆرە تاوانەیە، کە سێ کەسی بەرەو سەره‌وه‌، پێی هەڵدەستن، له‌ دەوڵەتێک دەستپێدەکات و لە دەوڵەتێکیتر کۆتایی پێ دێت، واتە سنوور بەزاندنی تێدایە، تاوان ئاساییە یەک کەس یان دوو کەس پێی هەڵدەستێ.

ئه‌ركى سه‌ره‌كى ئێمه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تاوانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌

نوچەنێت: کەی بەڕێوەبەرایەتی تاوانی رێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆ دانراوە؟

عەقید دارا فاروق: سەرەتا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دامەزرا لە ساڵی ( 2018 )، لەدوای دەرکردنی یاسای ژمارە ( شەش ) بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لە ( 2018/7/7 ) لەلایەن پەرلەمانی کوردستان. دواتر لە ساڵی ( 2021 ) مانگی هەشت ناوی بەڕێوەبەرایەتیەکە گۆڕدرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان کە دوو بەشی لەخۆ گرتووە، ئەوانیش بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و بەشی لێکۆڵینەوە لە تاوانى سپیکردنەوە پارە و پارەدارکردنی تیرۆرە. لە ئێستادا، هەشت نووسینگەمان هەیە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە، سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، سۆران، زاخۆ" .

نوچەنێت : ئایا تیرۆر بە تاوانی رێکخراو دادەنرێت؟

عەقید دارا فاروق: تاوانەکان و رێکخراو ئەمانەن، بازرگانی، قاچاخی مرۆڤ، قاچاخی چەک و تەقەمەنی، مادەی هۆشبەر، قاچاخی پارە، قەڵپ و تەزویر، تیرۆر، سپیکردنەوەی پارە، ئێمە تەنیا کار لەسەر تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کاردەکەین ، چونکە ئەو بوارە تەنیا پسپۆرییەکە، دەسەڵات بە ئێمەدراوە کاری لەسەر بکەین.

نوچەنێت: لە یاساکانی کوردستان چۆن باسی تاوانی رێکخراو کراوە بۆ یەکلایکردنەوەی دۆسییەکان پشت بە کامە یاسا دەبەستن؟ 

عەقید دارا فاروق: ئێمە کار بە یاسای ژمارە ( 28 ) ی ساڵی ( 2012 ) یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، یاسای سزادان، یاسای رێکارە یاساییەکان کاردەکەین .

نوچەنێت: بە هۆی ئەوەی تاوانی رێکخراو لەسەر ئاستی وڵاتان ئەنجام دەدرێت، بۆیە رەنگە ئێوە پێویستتان بە هاریکاری بەهێز بێت لەگەڵ ئینتەرپول "پۆلیسی نێودەوڵەتی" ئێوە پەیوەندتان لەگەڵیان چۆنە، ئایا لە ماوەی رابردوودا کەسی هاوبەش هەبووە بەیەکەوە کاری لەسەر بکەن؟

عەقید دارا فاروق: بەشی ئینتەرپول تەنیا بڵاوکراوەکانی وڵاتانی تر، بۆ ئێمە رەوان دەکات. هەر بڵاوکراوەیەک کە ئاگادارمان دەکاتەوە، بە بوونی کاری بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەدواداچوونی بۆ دەکەین.

نوچەنێت: لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی باسی ئەوەت کردووە، لە کوردستان شەش بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن، بە مرۆڤ هەیە، ئەی سەبارەت بە تاوانەکانی تر چی، وەک دەزانین چەندان جۆری تاوانی تر هەیە وەک مادە هۆشبەرەکان؟

عەقید دارا فاروق: شەش نووسینگەی بەرەنگاربونەوەی تاوانە رێکخراوەکان هەیە هەروەها لە ئایندەدا لە زاخۆ و سۆرانیش دەکرێتەوە، مادەی هۆشبەر ناچێتە بوارى کاری پسپۆڕی ئێمە، بەڵکو لە پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتییەکانی  ئاسایشە.

نوچەنێت: لە ماوەی رابردوودا ئێران رایگەیاند باندێکی لەشفرۆشیان گرتووە، کە ژنان لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان تا کاری لەشفرۆشیان پێبکەن، ئایا ئەمەیش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی رێکخراو ئەم زانیارییانە چەندە راستبوون؟

عەقید دارا فاروق: باندی لەشفرۆشی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی کە یاسای ژمارە (هەشتی 1988)ە لەژێر پسپۆڕی بەڕێوەبەراییەتیەکانی نەهێشتنی تاوان و پۆلیس و ئاسایشە و پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان نییە.

نوچەنێت: لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران، مەترسییەکان چیین بۆ سەر ئاسایش لە کاتی هەڵمەتی دەستگیرکردنی تاوانباران؟

عەقید دارا فاروق: دەستگیرکردنی تۆمەتبار کارێکی ئاسان نییە، بەڵام کارمەندان مەشق دراون بۆ هەر جۆرە بوارێک و  هەردەم بە پێی بڕیاری دادگا دەبێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە