سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: تیرۆر به‌ ته‌نیا به‌ هێزى ‏چه‌ك له‌ناو ناچێت کوردستانی

نوچەنێت:

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ دیدارێکدا لەگەڵ نوێنه‌رى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند، "تیرۆر به‌ ته‌نیا به‌ هێزى ‏چه‌ك له‌ناو ناچێت، به‌ڵكو بۆ نه‌هێشتنى تیرۆر ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ى په‌روه‌رده‌ و ‏قوڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان، ڕووبه‌ڕووى توندڕه‌وى ببینه‌وه‌.‏"

ئەمڕۆ چوارشەممە (پێنجى/تشرینى یەکەم/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ نیكۆلاس گرەینجەر، نوێنه‌رى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.‏

لە دیدارەکەدا کە كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى ‏بوو، "دوایین پێشهاته‌كانى سووریا و عێراق و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، په‌یوه‌ندیى نێوان ‏لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و پێكهاته‌كان له‌ سووریا و بارودۆخى كه‌مپه‌كان به‌تایبه‌تى ‏كه‌مپى ئه‌لهۆل، تاوتوێ كرا.‏"

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، "‏هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌ش بۆ ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا مه‌ترسییه‌كى ‏ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌ سەر سووریا و عێراق و ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها به‌ پێوستیان زانى وڵاتانى ‏ئه‌ورووپا و ناوچه‌كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى هاووڵاتیانیان له‌ كه‌مپى ئه‌لهۆل له‌ ‏سووریا بۆ وڵاته‌كانیان، هاوكار بن. ‏"

سەبارەت بە پرسى تیرۆر و توندڕەوى، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاند، "تیرۆر به‌ ته‌نیا به‌ هێزى ‏چه‌ك له‌ناو ناچێت، به‌ڵكو بۆ نه‌هێشتنى تیرۆر ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ى په‌روه‌رده‌ و ‏قوڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان، ڕووبه‌ڕووى بیر ‏و ئایدۆلۆژیاى توندڕه‌وى و توندوتیژى ببینه‌وه‌.‏"

ئەوەش لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێویستیى گفتوگۆ و یه‌كڕیزیى نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و پێكهاته‌كانى دیكه‌ له‌ ‏سووریا، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.‏"

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین