سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: پێکهێنانى حكوومه‌تى نوێى عێراق ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان کوردستانی
سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق، دووپاتى دەکەنەوە، "دامه‌زرانى حكوومه‌تى نوێى عێراق ده‌ره‌فه‌تێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ده‌توانێت كار بۆ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات بكات."

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (دووى/تشرینى دووەم/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئێلێنا ڕۆمانۆوسكى، باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندێكى دیپلۆماسى و سه‌ربازیى یاوه‌رى كرد.

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى عێراق تاوتوێ کراوە و جه‌ختیان "له‌ گرنگیى ده‌ستنیشانكردنى كاره‌ له‌پێشینه‌كانى حكوومه‌تى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دامه‌زرانى حكوومه‌تى نوێى عێراق ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ده‌توانێت كار بۆ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات بكات كه‌ كاردانه‌ى به‌سه‌ر سه‌قامگیریى ته‌واوى ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و ئێلێنا ڕۆمانۆوسكى هاوڕا بوون كه‌، "حكوومه‌تى نوێى عێراق ده‌ر‌فه‌تى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕێگه‌ى خۆشكردنى زه‌مینه‌یه‌كى له‌باره‌وه‌، هانى وه‌به‌رهێنان بدات و سه‌رمایه‌ و كه‌رتى تایبه‌تى بیانى ڕابكێشێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى و هاوبه‌شى له‌ پرۆسه‌ى پێشخستنى وڵاتدا بكه‌ن."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا، "وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى خواستى ئه‌مه‌ریكا بۆ بره‌ودان به‌ هاریكارى و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا تیشكى خسته‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و یه‌كخستنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و پشتگیرى و هاریكاریى وڵاته‌كه‌ى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ نیشان دا."

ئەوەش هاتووە لە ڕاگەیێندراوەکەدا، "كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌كردنیان، گرنگیی چارەسەر كردنی كێشەی نەوت و غاز لەگەڵ بەغدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى خاوكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان، گۆڕانى كه‌شوهه‌وا، چاكسازیى ئابوورى، ڕه‌وشى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌ورێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسى دیسكى عێراق له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌ى بوون."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین