مامۆستایەکى زانکۆ: پێشبینى دەکەین ئەمساڵ هەرێمى کوردستان دیارەى کەمبارانى تێبەپەڕێنێت کوردستانی

تایبەت بە نوچەنێت:

مامۆستایەکى زانکۆ و شارەزا لە ئاو و هەوا تایبەت بە نوچەنێتى ڕادەگەینێنێت، "پێشبینى دەکرێ لە مانگى پایز بارانبارین لە خوار تێکڕاى ئاسایی دەبێت و لە مانگى زستانیش دیاردەی کەم بارانی کاڵ بێتەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (هەشتى/تشرینى دووەم/2022) د. ئازاد عوسمان، مامۆستاى زانکۆ و شارەزاى ئاو و هەوا بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، لە ئەمساڵ کۆمەڵێک پێشبینى هەیە بۆ بارانبارین، "بەپێی کۆمەڵێک مۆدیلی پێشبینی ئەمریکی و ئەوروپی وەکو ئای ئار ئای و مێت ئۆفیس، پێشبینی مانگەکانی پایز ئەوەیە کە دابارین لەخوار تێکڕایی ئاسایی خۆی بێت، بەڵام بۆ مانگەکانی زستان پێشبینی وایە کە دیاردەی کەمبارانی کاڵ بێتەوە، لە مانگی دوو و لە مانگی سێ نەمێنێت و حاڵەتی بارانبارین لە ناوچەکەمان ئاسایی بێتەوە، بێگومان ئەوانەش پێشبینین و بەتایبەت پێشبینی دوور مەودا زیاتر شیاوی گۆڕانکاریە، بەلام بۆ زستان گەشبینین."

د. ئازاد عوسمان، پرۆفیسوری یاریدەدەر و ماموستای ئاو و هەوا لە زانکۆی سۆران، زیاتر ڕوونیدەکاتەوە و دەڵێـت، "ئەگەری وشکەساڵی لە مانگەکانی زستان نییە، تەنها ئەگەری کەمبارانی تارادەیەک لە مانگەکانی پایز هەیە، بەڵام ئەگەر ناوچەکە لەپایز بڕی پێویست لە باران گرتیەوە و پەڵەی دا، ئەوا لە مەترسی دیاردەی وشکی کشتوکاڵی دەربازی دەبێت، لە مێژووی دیاردەی لانینا کە هاوکاتە لەگەڵ وشکەساڵی لە هەرێم، هیچ خولێکی لە سێ ساڵ زیاتری نەخایاندووە و بەزۆریش دوو ساڵە، ئێمەش دو ساڵی کەمبارانیمان لە هەرێم بەڕێکردووە."

ئەو مامۆستایەى زانکۆ باس لەوەدەکات، "لەم مانگە (١١) چەند شەپۆڵێکی باران بارین پێشبینیکراوە کە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە بەتایبەت لەدوای ١٥ی مانگەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی چەند بارستەیەکی پەستان نزمی پچڕ پچڕی دەریای ناوەراست، لەگەڵ پێشبینی چەند سانتیمەترێک لە بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی وەک حاجی ئۆمەران و چۆمان."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین