حکومەتى هەرێم: ڕێگە نادەین ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێک بدرێت کوردستانی

نوچەنێت:

د. جووتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەڵامى چەند هەواڵێکى چەند ماڵپەڕێکى ئێران دەداتەوە و ڕەتیدەکاتەوە، "چەک بە قاچاخ" لە هەرێمى کوردستانەوە ڕەوانەى ئێران بکرێ.

ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە (19/تشرینى دووەم/2022) د. جووتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە لێدوانێکى جۆن بوڵتن، "گوایە چەک لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ هەناردەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت" ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێک بدرێت."

 

دەقى ڕوونکردنەوەکەى حکومەتی هەرێمی کوردستان:

چەند ماڵپەڕێکی هەواڵی ئێران، هەواڵێکیان لەسەر زاری جۆن بوڵتن، کە ئێستا هیچ پۆستێکی حکومی و فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە بڵاو کردووەتەوە کە گوایە چەک لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ هەناردەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرلەبەری ئەم هەواڵە بێ بنەمایە ڕەت دەکاتەوە کە چەندین جارە دووبارە دەکرێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێک بدرێت و ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

19ی تشرینی دووەمی 2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین