سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك كۆمارى عێراق جەخت لەچارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر-بەغدا دەکەنەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک کۆمارى عێراق، لە بارەى کێشەکانى هەولێر – بەغدا، جەخت لە دەستپێکردنى "گفتوگۆى بونیادنەرانە دەکەنەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (22/تشرینى دووەم/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ د. عه‌بدولله‌تیف ڕه‌شید سه‌رۆك كۆمارى عێراقى فیدراڵى كۆبووه‌وه‌.

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى سه‌ختى ئاواره‌كانى عێراق له‌ كه‌مپه‌كاندا خرایه‌ به‌ر باس و هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێ كارى هاوبه‌ش بۆ باشتركردنى دۆخى ژیان و گوزرانیان بكرێت و هه‌وڵ بدرێت به‌ شێوه‌یه‌كى ئارام بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر شوێن و زێدى خۆیان."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک کۆمارى عێراق، جگە لەتاوتوێکردنى دوایین پێشهاتە ئەمنى و سیساییەکان، "جه‌ختیان له‌ پشتگیریى هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌كه‌ى له‌ چاككردنى بژێوى ژیان و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى باشتر به‌ هاووڵاتییان كرده‌وه‌."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ وڵاتانى دراوس، ئاماژە بەوەکرا،‌ "ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختیان لە هاریكارى و یه‌كخستنى تواناكان بۆ پاراستنى سه‌قامگیرى و سه‌روه‌ریى عێراق كرده‌وه‌."

لەسەر مەترسى و هەڕەشەکانى تیرۆریستانى داعش، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و د. عەبدولەتیف رەشید، "هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ گرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى هاوبه‌شى نێوان ته‌واوى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ و سوپا كرده‌وه‌ بۆ له‌نابردنى تیرۆرستان و پاراستنى سه‌ر و ماڵ و ژیانى هاووڵاتییان."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆیان ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى نێون هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ گفتوگۆیه‌كى بنیاتنه‌رانه‌ بكرێت، هه‌روه‌ها له‌ زووترین كاتدا یاسا هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران په‌سه‌ند بكرێن و به‌پێى ده‌ستوور بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ مافه‌كان و دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى و یه‌كسانى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقدا مسۆگه‌ر بكات."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین