مەسرور بارزانى: کوردستان جێى مەترسى نییە بۆ وڵاتانى دراوسێ کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەى هێرشەکانى سنوورى هەولێر ڕایدەگەیێنێت، "داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین سنوورێک بۆ ئەم هێرشە ناڕەوایانە دابندرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (23/تشرینى دووەم/2022) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی (150) مەتری هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد.

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، "جێی شانازی و دەستخۆشییە کە دەبینین پڕۆژەیەکی وا بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی، بە توانای ئەندازیارانی کوردستانی و کۆمپانیایەکی خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت، پیرۆزە لە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی هەولێر، ئەم شەقامە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ جوڵەی بازرگانی دەکات و جەنجاڵی و قەرەباڵغی بۆ هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە." 

مەسرور بارزانى، لە بەشێکى وتارەکەیدا باسى هێرشەکانى سەر هەرێمى کوردستانى کرد و گوتى، "هەموو وڵاتانی دراوسێمان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان شوێنی سەقامگیرییە، کوردستان جێی مەترسییە نییە."

 

 دەقی وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان:

جێی شانازی و دەستخۆشییە کە دەبینین پرۆژەیەکی وا، بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی بە توانای ئەندازیارانی کوردستانی و کۆمپانیایەکی خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت. پیرۆزە لە هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی خەڵکی هەولێر، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار، کۆمپانیای هێمن گرووپ دەکەم بۆ ئەم کارە جوانەی کە ئەنجامیان داوە، هیوادارم بتوانین لە داهاتوو بەشەکانی دیکەی شەقامی 150 مەتری تەواو بکەین و هەموو بازنەکە بە یەکەوە ببەسترێتەوە.

بێگومان دروستکردنی ئەو پرۆژەیە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاووڵاتییان ئەوانەی لە پارێزگاکانی دیکەوە، وەکو دهۆک و سلێمانی دێن بۆ هەولێر بەبێ ئەوەی بڕۆن بۆ ناوشار دەتوانن هەر بەو شەقامە گەشت بکەن و رێگایان ئاسانتر و خێراتر بێت. 

ئاسانکارییەکی زۆر بۆ کار و جووڵەی بازرگانی دەکات، هەروەها جەنجاڵی و قەرەباڵخی بۆ هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە. هیوادارم هاووڵاتییان رەچاوی ئەوە بکەن ئەو شەقامانە بۆ خزمەتگوزاری ئەوانە، دەبێت ئەوانیش لە تیژڕەوی خۆیان بپارێزن و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و کەسوکاریان و ئەو خەڵکانەی دیکەش کە لەسەر شەقامەکە هەن.

بەرنامەی کردنەوەی ئەو پرۆژەیە ماوەیەکە دانراوە، هەرچەندە لە ماوەی رابردوو بەداخەوە تووشی هەندێک رووداوی نەخوازراو بووین، بەڵام پێمان باشبوو ئەو بەنامەیە دوانەکەوێت بۆ ئەوەی پێشانی هەموو لایەکی بدەین کە ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان و حکومەتەکەتان بەردەوام دەبێت کە ئێمە ئەو کارە خزمەتگوازریانە لەکاتی خۆی ئەنجام دەدەین و هیچ شتێک نەتوانێت بمانوەستێنێت.

راستە لە زۆر رووەوە هەوڵی ئەوە دراوە رێگریمان لێبکرێت لەوەی بەرنامەی حکومەت جێبەجێ بکەین و کارە خزمەتگوزارییەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکەین، هەندێکی بە ئەنقەست بووە، هەندێکی رووداوی نەخوازراو بووە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان، رووبەڕووی هەموو قەیرانەکانیش دەبینەوە و پشتمان بە خوای گەورە قایمە و سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەکەم لە حکومەتەکەتان کە بەردەوام ئێوە هاندەر بوون بۆ ئەوەی ئێمە رووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانە ببینەوە.

بە داخەوە بینیمان لە ماوەی رابردوو دیسان کوردستان مووشەکباران کرا و رووبەڕووی هەندێک هێرشی ناڕەوا بووینەوە، بیانووی جیا جیا دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستان بدرێت و پێشێلی سەروەری خاک و نیشتمانەکەمان بکرێت کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک هیچ جۆرە کێشەیەک چارەسەر ناکات. هیوادارین ئەو جۆرە پێشێلکاریانە کۆتاییان پێبێت، ئێمە بەردەوامبووین لە قسەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، ئێستا جارێکی دیکەش داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە سنوورێک بۆ ئەو هێرشە ناڕەوایانە دابنێن کە دەکرێنە سەر خاکەکەمان. ئەو دەستدرێژیانەی کە دەکرێنە سەر وڵاتەکەمان کۆتاییان پێ بێت.

 ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کە کارە خزمەتگوزارییەکانی خۆمان ئەنجام بدەین و ئەجێندای حکومەتەکەی خۆمان جێبەجێ دەکەین، دووبارەش هەموو وڵاتانی دراوسێمان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان شوێنی سەقامگیرییە، کوردستان جێی مەترسییە نییە، بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت سەقامگیری و ئاسایشی هیچ وڵاتێک تێکبچێت، هیوادارین ئەوانیش بە هەمان چاو سەیری دۆستایەتی کوردستان و خەڵکی کوردستان بکەن و پاڵپشت و هاوکارمان بن، ئەوەی بە هاوکاری و پاڵپشتی بەدی دێت، بێگومان بە چاوی گومانەوە بەدی نایێت. ئێمە کە دەستی دۆستایەتی درێژ دەکەین، هیوادارین لایەنەکانی دیکەش هەر بەو چاوە وەکو دۆستێک مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، بە هەموو شێوەیەک ئێمە سەرکۆنەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک دەکەین کە دەکرێتە سەر خاکەکەمان. 

 لەلایەکی دیکەوە بینیمان بە داخەوە دوو رووداوی زۆر ناخۆش و دڵتەزێن روویاندا، یەکێک لە سلێمانی و یەکێک لە دهۆک، بەهۆکاری تەقینەوەی غاز کە ئەمە وایکرد چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەین و بڕیاری پێویست وەربگرین.

لێرەوە جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ئەو دوو کارەساتە دڵتەزێنە دەکەم، هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشتی بەرین بێت، ئەوانەی کە برینداریشن ئینشاڵڵا خوا زوو شیفایان بدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین