نێچيرڤان بارزانى: تاوەکو ئافره‌ت ئازاد نه‌بێت كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتوو ناياته‌ ئاراوه کوردستانی
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بەبۆنەی (16) رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەڵێت، "تاوەکو ئافره‌ت ئازاد نه‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و يه‌كسان و ئارام و مه‌ده‌نيى پێشكه‌وتوو ناياته‌ ئاراوه.‌"

ئەمڕۆ هەینی (25 / تشرینی دووەم / 2022) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژى جيهانيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تووندوتيژى دژى ئافره‌تان، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "هه‌موو پشتگيرييه‌ک بۆ خه‌بات و ئازادى و مافه‌كانى ژن و يه‌كسانی دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌." 

دەقی پەیامەکەی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 

ئه‌مڕۆ 25ى نۆڤه‌مبه‌ر له‌ رۆژى جيهانيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تووندوتيژى دژى ئافره‌تاندا، هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ خه‌بات و ئازادى و مافه‌كانى ژن و يه‌كسانی دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌. وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌ هه‌وڵ و كار و كۆشش به‌رده‌وام ده‌بين بۆ به‌ده‌ستهێنانى زياتر و پاراستنى مافه‌كانى ئافره‌ت و هێنانه‌كايه‌ى كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك كه‌ ژن تيايدا ئازاد و يه‌كسان بێت و به‌ هيچ پاساوێك هه‌ڕه‌شه‌ى تووندوتيژى و كوشتنى له‌سه‌ر نه‌بێت. تا ئافره‌ت ئازاد نه‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و يه‌كسان و ئارام و مه‌ده‌نيى پێشكه‌وتوو نايه‌ته‌ ئاراوه‌.

له‌م ياده‌دا‌ دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك رووبه‌ڕووى هه‌موو جۆره‌ تووندوتيژى و ده‌ستدرێژى و پێشێلكارييه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ماف و ئازاديى ژنان ده‌بينه‌وه‌ و له‌ كاركردن به‌رده‌وام ده‌بين بۆ نه‌هێشتنى بيرى تووندڕه‌وى و ره‌خساندنى زه‌مينه‌يه‌كى باشترى به‌شدارى و هاوبه‌شيى ئافره‌ت له‌ كايه‌ى سياسى و كارگێڕيى هه‌رێمى كوردستاندا. له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى ناوخۆ و له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش هاريكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بين بۆ ئه‌وه‌ى ئافره‌ت له‌ هه‌موو روويه‌كه‌وه‌ لەناو خێزان و له‌ شوێنی کار و له‌ سەرجەم بوارە گشتییەکاندا پارێزراو بێت و دوور بێت لە هەراسان و تووندوتیژی.

سڵاو و پێزانین بۆ هەموو ئەو ئافرەتانە و ئه‌و لايه‌ن و رێكخراوانه‌ی رۆژانە لە خەباتدان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ئاشتی و مافەکانیان. سڵاو بۆ گيانى پاكى قوربانييانى تووندوتيژى دژى ئافره‌تان و هه‌موو ئه‌و خانمانه‌ ده‌نێرين کە له‌پێناو ئازادى و يه‌كسانى و ئاشتيدا خه‌بات و تێكۆشانيان كردووه‌. لە هه‌ر شوێنێكى جيهان بن، به‌ رێز و شكۆوه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2022 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین