مەسرور بارزانى: هەرێمى کوردستان فاکتەری سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکەدا کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکى کۆنگرێسى ئەمەریکى ڕایدەگەیێنێت، "هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا."

ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ (27/تشرینى دووەم/2022) مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تیى كۆنگرێسمان مارك تاكانۆ كرد كه‌ له‌ ئه‌ندامانى كۆنگرێس ئەلیسا سلۆتکین، کۆلین ئۆڵرێد، کاتی پۆرتەر پێكهاتبوو.

بەپێى ڕاگەیێندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، "له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاته‌كانى عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا."

شاندەکەى ئەندامانى کۆنگرێسى "پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان وەک ئەزموونێکی دیموکراسیی سەرکەوتوو لە عێراق" دووپات کردەوە . هەروەها "ستایشیی دۆخی ئازادیی ئایینی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانییان کرد."

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و جەختی لەوە کردەوە "کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا. دووپاتیشی کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدرالی، خزمەتی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بکات و لە سەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وەزارەی، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات."

ئەوەش لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازیی و پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و گرنگیی هاوهەڵوێستیی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین