تەندروستیی شارباژێر: كەسێك گیانی لەدەستداوە و شەش کەس بریندارن کوردستانی

نوچەنێت

ئاوات مەحمود، بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای شارباژێر رایگەیاند، “لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەر چیای ئاسۆس کەسێک گیانی لەدەستداوە، شەش کەس بریندارن و کەسێکیش بێسەروشوێنە."

ئەمڕۆ هەینی (دووی/كانوونی یەكەم/ 2022) ئاوات مەحمود، بەڕێوەبەری تەندروستیی شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو بۆردوومانەی کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن درۆنی تورکیاوە کرایە سەر چیای ئاسۆس و لە نزیک گوندی گەڵاڵە، شەش کەس برینداربوون، کەسێکی تەمەن (55 بۆ 60) ساڵی بەناوی عەزیز محەممەد شەهید بووە و کەسێکی دیکەش هێشتا چارەنووسی دیار نییە کە ئایا ئەویش شەهید بووە یان نا، سەرجەم قوربانییەکانیش خەڵکی سڤیلن." 

لەبەشێكی بەڕێوەبەری تەندروستیی شارباژێر گوتی، "ئەوانە کە ژمارەیان هەشت کەس بوون، بوون بە دوو گرووپەوە، گرووپێکیان دوو کەس بوون و هەردووکیان برینداربوون، گرووپێکی دیکە شەش کەس بوون، چواریان برینداربوون و یەکێکیان شەهیدبووە و یەکێکی دیکەیان هێشتا چارەنووسی نادیارە. گوتیشی: "ئەوان بۆ راوکردن چوونەتە ناوچەکە کە شوێنێکی تەواو عاسی و سەر سنوورییە و گەیشتن بەو شوێنە ئاسان نییە."

سەبارەت بە هێنانەوەی بریندارەکان و تەرمی هاونیشتمانییەکە، ئاوات مەحموود گوتی: "بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە کە نزیکەی کاژێر و نیوێک دەبێت لە ئێمەوە دوورە تیمەکانی ئێمە ناتوانن بگەنە ئەو شوێنە، بەڵام ژمارەیەک هاووڵاتی و کەسوکاری ئەو قوربانییانە گەیشتوونەتە لایان و کاردەکەن بۆ ئەوەی بیانگەیێنن بە تیمە تەندروستییەکان و ئەمبوڵانسەکانی ئێمە." 

لەماوەی ئەمساڵ چەند جارێک ناوچەکانی ماوەت و شارباژێر بە پاساوی هەبوونی چەكدارانی پارتی كرێكاران لەلایەن فڕۆكەی توركی بۆردوومانکراون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین