نێچیرڤان بارزانى: ده‌بێ پشتیوانیی لە ئافرەتان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەیامێکدا، پیرۆزبایى له‌ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکات بە بۆنەى (70) ساڵەى دامەزراندنى ئەو ڕێکخراوە و دەڵێت، "دامه‌زراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان به‌رله‌ (70) ساڵ، زاده‌ى هەبوونی بیری یەکسانیخوازییە لە ڕوانگە و بیروباوەڕی بارزانیی نه‌مر و پارتی دیموکراتی کوردستاندا."

ئەمڕۆ یەکشەممە (11/کانوونى یەکەم/2022) نێچیرڤان بارزانى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە (70)هەمین ساڵیادی دامەزراندن یەکێتیى ئافرەتانى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێید هاتووە، "یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار و رۆڵێکی کاریگەره‌."

 

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان:

لە (70)هەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى له‌ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم، هیواى سه‌ركه‌وتن و پێشکەوتنی به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار و رۆڵێکی کاریگەره‌ له‌ خەباتی نیشتمانیدا و یەکێك لە پێشەنگانی خەباتی مەدەنی و رێکخراوەیى و هەمیشە ناوەندێکی دیارى پێگەیاندنی تێکۆشەران بووه‌ لە ئافرەتانی قوربانیدەر و سەرکردە لە بوارى مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگیى كوردستاندا.

دامه‌زراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان به‌رله‌ (70) ساڵ، زاده‌ى هەبوونی بیری یەکسانیخوازییە لە ڕوانگە و بیروباوەڕی بارزانیی نه‌مر و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هه‌روه‌ها بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانە لە بینینی رۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا.

ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە لە سەرجەم بوارەکاندا خاوەن بەهرە و توانا و لێهاتوون، ده‌بێ پشتیوانیی زیاتر لە رۆڵ و بەشداریی کارایان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان.

هەر بەم بۆنەیەوە، پشتیوانیی تەواومان بۆ یه‌كێتیى ئافره‌تانى كوردستان دووپاتدەکەینەوە لە خەباتی رێکخراوەیی و مەدەنییان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لەپێناو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی سەردەمیانەدا.

بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین