زیاتر لە سێ ساڵە (171) رووفاتى ئەنفالکراوى کورد لە پزیشکى دادى بەغدایە کوردستانی

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

شوان محەمەد کەلاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "گۆڕێکى بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدراوەتەوە، کە هەموویان کوردن، زیاتر لە سێ ساڵە لە پزیشکی دادی بەغدایە."

ئەمڕۆ شەممە (حەوتی/کانوونی دووەمی/2023) شوان محەمەد کەلاری، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە نووچەنێتی رایگەیاند، "ماوەى سێ ساڵ زیاترە گۆڕێکى ئەنفالکراوانى کورد لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدراوتەوە، هەندێ لە گۆڕەکانیش هێشتا هەڵنەدراونەتەوە، بەر لەوەى ببەمە ئەندام پەرلەمان لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان چوینە سەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئیتر لەوکاتەوە یەک دانە هەڵدرایەوە، (171) رووفاتی شەهیدی تێدا بوو بە گوێرەی ئەو ناسنامانەى دۆزراینەوە، خەڵکی ناوچەی چەمچەماڵ و شوان و شێخ بزێنین."

شوان محەمەد کەلاری زیاتر ڕوونیدەکاتەوە و دەڵێت، "بەپێى یاسا دەبێت پشکنینی خوێن بۆ رووفاتی ئەنفالکراوەکان بکرێت تا بناسرێنەوە لەگەڵ وارسەکانیان، زۆربەی ژن ومنداڵن، لە (2019)وە ئەم روفاتانە لە پزیشکی دادى بەغدا کەوتوون، پزیشکی دادى بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، نە پشکنینی بۆ رووفاتەکان کردووە، نە سامپڵی خوێنی وارسەکانى وەرگرتووە، بۆ ناسینەوەى رووفاتەکان."

ئەگەرچى ئەو ئەندام پەرلەمانەى عێراق نووسراوى فەرمى ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتیى گۆڕە بە کۆمەڵەکانى عێراق و پزیشکى دادى بەغداى کردووە و سەردانیشکردوون، "ڕەخنەم لێگرتن بۆچى بە ئەرکى یاسایی خۆیان هەڵناستن، ئەوان هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ بێ ئیمکانی و هاوکار نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار."

بە وتەى شوان محەمەد کەلارى، کەسوکارى ئەنفاکراوان داوایان لە دەزگای شەهیدانی عێراق کردووە، تا پشکنین بۆ ئەوان و رووفاتەکانیان نەکرێت، قبووڵ ناکەن ئەم رووفاتانە بێنەوە کوردستان."

ئەو ئەندامى لیژنەى شەهیدان لە پەرلەمان عێراق ئاشکراى دەکات، "سێ ساڵ و نیوە ئەو رووفاتانە لە پزیشکی دادى بەغدا ماون، جگە لەوەش (10) گۆڕی تری بە کۆمەڵ دیاری کراون لە بیابانەکانی سەماوەیە، ئەو گۆڕانە ڕەنگە ڕووبەڕووى شێواندن ببنەوە بەهۆی لافاو و گیانەوەر، یاخود لەوانەیە خەڵکی شۆڤێنی شوێن بزری بکەن."

شوان محەمەد ئەوەشى بە نوچەنێت ڕاگەیاند، "بڕیارە لیژنەیەک لە بەغداوە سەردانی سلێمانی و گەرمیان بکات، خۆشم سەردانی وەزیر و بریکاری وەزیری شەهیدانى حکومەتى هەرێمم کردووە، بەڕێز بەرەڤان حەمدی، لەگەڵ بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکانم کردو  قسەم لەگەڵ وەزیری شەهیدانی هەرێمی کوردستان کرد لە کۆتایی مانگی (12/2022)، بەڵێنیانداوە لە مانگی یەک هەم پشکنینی رووفاتەکان تەواو بکەن، هەم لیژنەی پزیشکی دادى بەغدا دێتە گەرمیان وسلێمانی بۆ ئەوەی خوێن لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکان وەربگرن، ئەگەر نەیەن لەوانەیە رێوشوێنی یاسایی و پەرلەمانی دژی بەڕێوەبەری گۆڕەبە کۆمەڵەکانی عێراق بگرمەبەر، لێپرسینەوە لەخۆیی و لە وەزیرەکەش بکەم، کە بۆچی بە ئەرکی خۆیان هەڵناستن."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین