سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە بۆنەى بەدەستهێنانى جامى پاڵەوانیەتیى کەنداو (25) پێشوازى لە هەڵبژاردەى یاریزانانى عێراق کرد و ڕایگەیاند، "ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو."

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (24/کانوونى دووەم/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد، بە ئامادەبوونى وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و بەسرا و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی عێراق.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ڕاگەیێندراوێدا دەڵێت، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووبارە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد بۆ بردنەوەی جامی پاڵەوانیەتیی (کەنداو 25) کە هەفتەی ڕابردوو لە بەسرا ئەنجام درا."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەبارەى بردنەوەى جامی کەنداو لەلایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە، ئاماژەى بەوەکرد ئەم سەرکەوتنە "سەرکەوتنی تەواوی وڵاتە و دڵی هەموو عێراقییەکانی لە سەرتاسەری وڵات خۆش کرد، هەر بەو بۆنەیەشەوە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان ، هاووڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕى."

هاوكات سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتی کردەوە، "کە ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو، چونکە هەموو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، سەرۆکى کوردستان، "سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ هەڵبژاردەی عێراق خواست و هەموو پشتگیرییەکی بۆ دووپات کردەوە، سوپاسی بەڕێز پارێزگاری بەسرا و ڕێکخەران و هێزە ئەمنییەکان و هەموو ئەو لایەنانەش کرد کە ڕۆڵیان لە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پاڵەوانیەتییەکەدا هەبوو."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین