سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار هەیە بۆ كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى پارتى و یه‌كێتى کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بریكارى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سیاسى و بنیاتنانى ئاشتى کۆبووەوە و دەڵێت، "كه‌ش و زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بۆ كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى پارتى و یه‌كێتى و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان هه‌یه."

ئیواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (24/كانوونى دووەم/2023) سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى له‌ ڕۆزمارى دیكارلۆ، بریكارى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سیاسى و بنیاتنانى ئاشتى و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ جینین پلاسخارت نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێكهاتبوو.

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، "له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ ڕێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردن، كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و بۆچوونى پێكهاته‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، شه‌ڕى دژى تیرۆر، دۆخى ئێزدییه‌كان و ناوچه‌ى‌ شه‌نگال"، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ستایشى ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌ عێراق كرد "چ له‌ كاركردن له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان چ له‌ هه‌رێمى كوردستان، چ له‌ عێراق، وه‌ك هاوكار و یارمه‌تیده‌رێك بۆ ڕێگه‌خۆشكردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پاراستنى سه‌قامگیرى و ئاشتى."

سەبارەت بە دۆخى سیاسى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى كرده‌وه‌  کە، "كه‌ش و زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بۆ كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى پارتى و یه‌كێتى و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان هه‌یه كه‌ ڕێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پرسه‌كانى تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌ستنیشانكردنى ڕۆژێك بۆ ده‌نگدان."

لە بارەى پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا ئاماژەى بەوەکرد، "ئه‌و كه‌شه‌ ئه‌رێنییه‌ى ئه‌م دواییه‌ بۆ گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا و هه‌وڵى چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى نێوان هاتووه‌ ئاراوه‌، به‌‌تایبه‌تى ده‌رباره‌ى یاساى بودجه‌ى عێراق و یاساكانى نه‌وت و گاز و دابه‌شكردنى داهاته‌كان، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات."

لە ڕاگەیێندراوەکەداهاتووە، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و كارنامه‌كه‌ى، هه‌روه‌ها پێویستیى به‌رده‌وامیى هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى 140، جه‌ختیشیان له‌ گرنگیى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال كرده‌وه‌."

دەشڵێت، "په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هابه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین