سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەخت لە پاراستنى یه‌كڕیزى لایەنەکانى ‏هه‌رێمى كوردستان دەکاتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لۆرد ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى به‌ریتانیا کرد. سەرۆک نێچێرڤان بارزانى، لە بارەى کێشەکانى هەولێر بەغدا ڕایگەیاند، "هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵى ‏به‌رده‌وامدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا."

ئەمڕۆ چوارشەممە (یەکى/ئادار/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏پێشوازى له‌ لۆرد تارق ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى به‌ریتانیا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ‏ئافریكا و ‏نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد.‏

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێم، لۆرد ئه‌حمه‌د جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ‏له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ "به‌ریتانیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ ‏له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێرـ به‌غدا ده‌ڕوانێت و پێى وایه‌ سه‌قامگیرى و په‌یوه‌ندیى باشى ‏هه‌ولێرـبه‌غدا، عێراق به‌هێزتر ده‌كات له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كاندا، ستایش و ‏پشتگیریى وڵاته‌كه‌یشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نیشان دا.‏"

لە کۆبوونەکەدا، کە باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق و كونسوڵى گشتییان له‌ هه‌ولێر ‏ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا "دۆخى سیاسى و ئابووریى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ كرد."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ئاماژەى بەوەکرد، "كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵى ‏به‌رده‌وامدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى یه‌كڕیزى له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان.‏"

سەبارەت ئارامى و سەقامگیریى و چارەسەرکردنى کێشەکانى عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و لۆرد تارق ئه‌حمه‌د، هاوڕابوون، "كه‌ ئارامى و سه‌قامگیرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، بره‌و به‌ ‏پێشكه‌وتن و گه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق بۆ پێگه‌ى شایسته‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاستى جیهان ‏ده‌دات و ده‌ر‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى بیانى زیاتر ده‌كات."

‏ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، "پرسه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، یاساى نه‌وت و گاز و بودجه‌ى عێراق، ‏په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ‏لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا و چه‌ند بایه‌تێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش"، ته‌وه‌رێكى ‏دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین