فازڵ میرانى: کێشەى لاهور شێخ جەنگى لە دادگاى بەغدا یەکلایی بۆتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

فازڵ میرانى، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى ڕایگەیاند، ئەم دوورییە برادەرانی یەکێتی وا پێدەچێت کە دەیانەوێت جێگرەوەیەک بۆ پارتی بدۆزنەوە کە بە رای من وەک دۆستێک، ئەگەر ئەم کارە بکەن گەورەترین هەڵەیە.

ئەمڕۆ شەممە (چوارى/شوبات/2023) فازڵ میرانى، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو ئاماژەى بەوەکرد، ئەگەر یەکێتی هەر هاوبەشێکی دیکە بدۆزێتەوە جگە لە پارتى، بە بۆچوونی من، باری خۆی قورستر دەکات.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاشکراى دەکات، کۆبوونەوەى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى و یەکێتى دیوارە سەهۆڵییەکەیان شکاند دەشڵێت، هەردوو دەزگای هەڵبژاردن لەسەر پرسەکانى هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بۆ چوار بازنە بە جۆرێک هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت، سوودوەرگرتن لە بایۆمەتریی عێراق، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کۆکن.

سەبارەت  بە کورسى پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، ئەو بابەتە پێکهاتەکان جێدەهێڵین و خۆیان بڕیاربدەن، دەبێت ئێمە کۆسپ نەخەینە بەردەم هەڵبژاردن، پێکهاتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان هەر بڕیارێک بدەن ئێمە پێی رازین.

فازڵ میرانى جەخت لەوەدەکاتەوە،  پارتى ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر هەڵبژاردن نەکەین، دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان نایاسایی دەبن. ئەرکەکەشی لە ئەستۆی پارتییە، لەبەر ئەوەی مومکین نییە پارتی رێگە بدات دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان نایاسایی بمێننەوە.

دەربارەى ناکۆییەکانى یەکێتى و پارتى  دەڵێت،  کێشەکانی ئێمە زۆر کۆنن، دەگەڕێنەوە بۆ کۆتایی شەستەکان، بەڵام دوای ساڵی 1998 و بەهۆی ئەو تێگەیشتنەی لەنێوان سەرۆک مەسعود بازرانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال هەبوو، ئەو کێشانە بەرەبەرە ئارامتر بوون.

پەیوەست بە کێشەى لاهور شێخ جەنگى و هاوسەرۆکانى یەکێتى گووتى،  بە رای من ئەو بابەتە لە دادگەی بەغدا یەکلایی کراوەتەوە و ئەوە کێشەی پارتی نییە و کێشەی یەکێتییە، وە ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکەین کە لەگەڵمان دادەنیشن و سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی لایەنی بەرامبەری ئێمەیە و لەگەڵ ئەوان دادەنیشین.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین