سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: یه‌كڕیزى و ته‌بایى هه‌وێنى سه‌ركه‌وتنى راپه‌ڕین بوو کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە یادى راپەڕین پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "یه‌كڕیزى و ته‌بایى، هه‌وێنى سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌رین بوو"، دووپاتى دەکاتەوە، "ده‌بێ یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌كاركردن، بكه‌نه‌ هه‌وێنى سه‌ركه‌وتن و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان."

ئەمڕۆ یەکشەممە (پێنجى/ئادار/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ساڵیادى (32) هەمینى راپەڕینى کوردستان ڕایگەیاند، "له‌م یاده‌ شكۆداره‌دا، دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵ و توانامان بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه پیرۆزه‌‌كانى ڕاپه‌ڕین و ئه‌و خه‌ونانه‌ى شه‌هیدان له‌پێناویاندا گیانیان به‌خشى."

 

دەقى په‌یامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ یادى ڕاپه‌ڕیندا:

یادى سى و دوو ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى ئازارى 1991 له‌ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌ر‌زه‌كانى شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕین و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و ته‌واوى گه‌لى كوردستان، به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ پیرۆز ده‌كه‌م. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه،‌ سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكیان ده‌نێرین.

ڕاپه‌ڕین هه‌ستانێكى مێژوویى و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى جه‌ماوه‌ریى سه‌رتاسه‌ریى گه‌لى كوردستان بوو به‌ هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانییه‌وه‌ كه‌ به‌ پشتگیریى پێشمه‌رگه‌ و به‌ره‌ى كوردستانى، له‌ دژى سته‌م و زۆردارى ڕاپه‌ڕى. پێشمه‌رگه‌ و ڕۆڵه‌كانى كوردستان بۆ ئازادى، بۆ ژیان و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان، گیانیان خسته‌ سه‌ر ده‌ست و به‌ره‌نگارى مه‌رگ بوونه‌وه‌.

یه‌كڕیزى و ته‌بایى، هه‌وێنى سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌رین بوو كه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستانى له‌ ئازادى، په‌رله‌مان، حكوومه‌ت، فیدراڵى و چه‌سپاندنى مافه‌كانى له‌ ده‌ستوورى عێراقى فیدراڵدا به‌دیهێنا. ئێستاش گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانییه‌وه،‌ ده‌بێ وانه‌ى سه‌ركه‌وتن له‌ ڕاپه‌ڕین وه‌ربگرن. ده‌بێ یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌كاركردن، بكه‌نه‌ هه‌وێنى سه‌ركه‌وتن و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان.

له‌م یاده‌ شكۆداره‌دا، دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵ و توانامان بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه پیرۆزه‌‌كانى ڕاپه‌ڕین و ئه‌و خه‌ونانه‌ى شه‌هیدان له‌پێناویاندا گیانیان به‌خشى. وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕیندا پێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتین، گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو ڕه‌نگ و پێكهاته‌كانیه‌وه‌ سه‌ركه‌وت، ئێستاش سه‌ركه‌وتن و مسۆگه‌ركردنى داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان، ته‌نیا و ته‌نیا یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى و یه‌كترقبووڵكردنه‌.

به‌رز و شكۆدار بێت یادى ڕاپه‌ڕین.

شاد و ئارام بێت گیانى شه‌هیدان.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

3023/3/5

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین