لۆید ئۆستن: دیدارەكەم لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی زۆر تایبەت بوو کوردستانی

نوچه‌نێت

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا، كە لە هەولێر بەڕێوەچوو سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی لەسەر گرنگی هاوكارییەكانی ئەمریكا كردەوە و لۆید ئۆستنیش سوپاسی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد و دیدارەكەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بە زۆر تایبەت وەسف كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە حەوتی ئاداری 2023 سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا كرد لە هەولێر، دواتر لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیشدا باسیان لە تەوەرە گرنگەكانی كۆبوونەوەكەیان كرد. 

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریكا دووپاتیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئارامی و سەقامگیری بەدوای خۆی دەهێنێ‌، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هاوڕا بووین لەسەر گرنگی پشتگیری حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، كاركردنی پێكەوەی هاوبەشمان لە ناوچەكە بۆ پاراستنی سەقامگیری. هەروەها دووپاتمان كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەری سەقامگیری دەبێت".

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی لۆید ئۆستنی وەزیری بەرگری كرد، بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە. سوپاسی ئەمریكایشی كرد كە بەردەوام پاڵپشتی هەرێمی كوردستان و عێراقی كردووە. سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ ئەمریكا بەرژوەندی و بەهای هاوبەش كۆمان دەكاتەوە، پێكەوە دەتوانین ئارامی و سەقامگیری عێراق و بەرژوەندی هاوبەش بپارێزین"

دواتر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا خۆشحاڵی خۆی بەوە دەبینی كە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بینوە و جارێكی تر سەردانی هەولێر كردووە و لەسەرەتای قسەكانی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە نزیكەی 10 ساڵێكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هاوئاهەنگی هەیە و پێكەوە كاردەكەن.

ئۆستن ئاماژەی بە گرنگی ئەو پەیوەندییە كرد كە لە كاری بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەبووە و گوتیشی، "بە یەكەوە چوار ملیۆن  و500 هەزار عێراقیمان لەدەستی داعش رزگاركرد". وەزیری بەرگری ئەمریكا بەوە وەسفی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد كە رۆلێكی كاریگەری هەیە لە چوارچێوەی هێزە عێراقییەكان و دووپاتیشی كردەوە كە هاوكارییەكان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

وەزیری بەرگری ئەمریكا لە تەوەرێكی تری باسی لەوە كرد، لە عێراق تەنیا هەڕەشەكانی داعش نییە، بەڵكو ئێرانیش بەردەوام لە رێگای هێزەكانییەوە پێشێلی سەروەریی عێراق دەكات. 

لۆید ئۆستن لە كۆتایی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە گوتی، "هەولێر و بەغدا دەبێت پێكەوە كار بكەن، بۆ ئەوەی هەموو كارەكان لەبەرژوەندی هەموو عێراقییەكان بێت، دەبێت سەركردەكانی هەرێمی كوردستانیش واز لە جیاوازییەكانیان بهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن"

لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا سوپاسی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد و گفتۆگۆكەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بە زۆر تایبەت وەسف كرد.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین