سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی ئیمارات دووپات لەسەر گرنگی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا دەكەنەوە کوردستانی

نوچه‌نێت

ئەمڕۆ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات سەردانی ئیماراتی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا هەردووكیان دووپاتیان لەسەر گرنگی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا كردەوە بۆ سەقامگیری ئابووری و سیاسی عێراق.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا باسی  لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و شێخ محەمەد بن زاید كردووە، ئەمە دەقەكەیەتی:

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2023/3/9 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بانگهێشتی فه‌رمیی به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیان، سه‌رۆكی ئیمارات، گه‌یشته‌ ئه‌بوزه‌بیی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دۆستانه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئیمارات، دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، بواره‌كانی هاریكاریی هاوبه‌ش و دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌ و باسیان له‌ ده‌رفه‌ته‌كان و زه‌مینه‌ی له‌باری سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنان بۆ كه‌رتی تایبه‌تی ئیماراتی و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئیماراتی له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرد.

ده‌رباره‌ی گفتوگۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق، هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، یارمه‌تیی به‌رقه‌راربوونی ئارامی و سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق ده‌دات و ئاسۆی فراوانتری پێشكه‌وتن له‌ به‌رده‌میاندا ده‌كاته‌وه‌.

هه‌ردوولا ئاڵنگارییه‌كانی ئێستای ناوچه‌كه‌ و جیهانیان خسته‌ به‌ر باس له‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌و‌ه‌ی مه‌ترسییه‌كانی، هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر و بیری توندڕه‌وی و توندوتیژی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان، بواره‌كانی په‌روه‌رده‌، ئاو، ته‌ندروستی و چه‌ند بوارێكی دیكه‌.

هه‌ردوولا به‌ وردی ده‌رباره‌ی دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌ و جه‌ختیان له‌ گرنگیی پته‌وكردنی هاریكاریی هاوبه‌شی نێوان هه‌مووان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی كێشه‌ و ناكۆییه‌كان.

په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین