شاندی هەرێمی كوردستان جارێكی تر دەچێتەوە بەغدا کوردستانی

نوچه‌نێت

میدیایەكی عێراقی ئاشكرای كردووە سبەی یەكشەممە شاندی دانوستاندكاری هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی لەسەر دۆسیەی بودجە و نەوت دەست بە گفتوگۆكانی بكاتەوە، پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسایش دەڵێ‌، "شاندی كورد بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییان كردووەتە هەلێك بۆ زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا".

ئەمڕۆ شەممە 11ی ئاداری 2023 ماڵپەڕی بەغداد تودەی عێراقی بڵاویكردووەتەوە شاندی هەرێمی كوردستان سبەی دەچێتە بەغدا، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە گفتوگۆكانی بدات لەسەر دۆسیەی بودجە و نەوت و گاز و بابەتەكانی تر.

جاسم موسەوی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕەكە باسی لەوە كردووە، یەكێك لە كێشەكانی بەردەم نەناردنی بودجەی گشتی عێراق بۆ پەرلەمان، پشكی هەرێمی كوردستانە.  ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەیش دەكات، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی كە رێگری لە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، لە لایەن هەرێمەوە بەكاردەهێنێ‌، بۆ ئەوەی پشكی بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق زیاد بكرێت.

پێشتر لە ساڵانی رابردوودا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بە 17% دیاری كرابوو، بەڵام دواتر ساڵ لەدوای ساڵ كەمبووە و دواجار بوو بە 12%. بۆ ئەمساڵیش شاندی هەرێمی كوردستان داوای 14% دەكات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین