سوودانی و حەلبووسی لە ساڵیادی هەڵەبجە بەڵێن بە شارەكە دەدەن کوردستانی

نوچه‌نێت

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە بە ئەركێكی ئەخلاقی دەزانێت و محەمەد حەلبووسی سەرۆك پەرلەمانی عێراقیش دووپاتی دەكاتەوە پاڵپشتی هەر رێكارییەكی یاسایی دەكات بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئاداری 2023 محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ساڵیادی كارەساتی هەڵەبجە پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ یادی دزێوترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەكەینەوە، كە كارەساتی هەڵەبجەیە لەلایەن رژێمی دیكتاتۆری لەناوچوو ئەنجام درا، بەو بۆنەیەوە دووپاتی دەكەینەوە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بە پێزگاركردنی هەڵەبجە بەر لە هەموو شتێك ئەركێكی ئەخلاقییە".

سوودانی جەخت لەسەر ئەوەیش دەكاتەوە، هەمیشە حكومەتەكەی كاردەكات بۆ شارە ستەملێكراو و بێبەشەكان. لە هەمان بۆنەدا محەمەد حەلبووسی سەرۆك پەرلەمانی عێراق دووپاتی لە تویتێكدا دەڵێ‌، "هەمیشە پاڵپشتی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە دەكەین و پاڵپشتی هەر كۆششێكیش دەكەین بۆ تەواوكردنی رێكارییە یاساییەكان تا هەڵەبجە ببێتە پارێزگا".

لە 16ی ئاداری 1988 رژێمی بەعس كیمیابارانی هەڵەبجەی كرد، لە ئەنجامدا زیاتر لە پێنج هەزار كەس بوونە قوربانی و بە هەزاران كەسیش تا ئێستا بە كاریگەری چەكی كیمیایی دەناڵێنن. سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە 2014 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو پڕۆژە یاسای بە پارێزگاركردنی هەڵەبجەی واژۆ كرد و لە 13ی ئەم مانگەیش ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی واژۆ كرد.
 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین