نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی بڵاوكردەوە کوردستانی

نوچەنێت

نووسینەگەی لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، هێزێكی چەكدار هەڵدەكوتنە سەر دوو بەرپرسی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، هۆشداریش دەداتە قوباد تاڵەبانی و پاڤڵ تاڵەبانی، یەکێک لەو کەسانەی لە نێو ئۆتۆمبێلەکە بووە رایگەیاندوە، كە ئۆتۆمبێلەکە خاوەندارێتی بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە، بەڵام پێشوەختە پەروین کاکە حەمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە.

ئەمرۆ یەكشەممە (19/ئادار/ 2023) نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە، لە بەشێكی ئەو راگەیێندراوە هاتووە، "ئەمرۆ هێزێکی چەکدار بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی و نامرۆڤانە هەڵیانکوتاوەتە سەر خاتوو (پەروین کاکە ‌‌حەمە) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و خاوەن بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و خەباتگێڕ و خاتوو (لاوين ئازاد) بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ئۆفیسی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کچی فەرماندەی قارەمان و تيکۆشەر و پيشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کاک (ئازادی سەگرمە)."

لە پەیامەكە هاتووە، ئێمە لەکاتێکدا ئیدانەی ئەم کارە نایاساییەی گرووپێکی ناویەکێتیی دەکەین، نیگەرانین لەو شێوازی هەڵسوکەوتەی بەرامبەر بە دوو ژنی بەتوانای ناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەنجامیانداوە، ئەم هەڵسوکەوتە نا شارستانی و نامرۆڤانەیە دژ بەژنانی ناو یەکێتیی پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە خودی قوبادتاڵەبانی بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان بانگەشەی بۆدەکات و دژی خەباتی چەندین ساڵەی سەرۆک مام جەلال و ڕێبازەکەیەتی کە ئێستا کورەکانی لە دژی وەستاونەتەوە."

سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرانبەر یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان موڵکی بەتەنیا کەس و گرووپێک نیە کە بەکودەتا و بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆیان سەپاندووە."

نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی هۆشداری دەداتە ئەو هێزە، ئاماژە بەوە دەكات، کە ناو و ناسنامەیان لای ئێمە ئاشکرا کراوە چیتر نەکەونە داوی ئەو گرووپەی ناو یەکێتیی و رێگەنەدەن بەکاربهيندرێن بۆ کاری نایاسایی و دژایەتیکردنی یەکێتییەکان کە خۆیان و بنەماڵەکانیان هیچیان کەمتر نەکردووە لەوانەی کە ئێستا خەریکی خۆسەپاندنن. چونکە لەهەر رووداوێکی نەخوازراودا خۆیان وەک بەرزەکی بانان لێیی دەردەچن و ئێوەش کە رۆڵەی خێزانی هەژاری ئەم وڵاتەن رووبەرووی یاسا و بەرپرسیارییەتی دەکەنەوە.

لە لایەكی ترەوە، یەکێک لەو کەسانەی لە نێو ئۆتۆمبێلەکە بووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندوە، "ئۆتۆمبێلەکە خاوەندارێتی بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە، بەڵام پێشوەختە پەروین کاکە حەمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە. ئەگەر ئیدارەی گشتیی یەکێتی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی ئاگاداربکردایەتەوە و داوای ئۆتۆمبێلەکەیان بکردایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە خۆی ئۆتۆمبێلەکەی رادەست دەکردەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین