ئۆستن لە نامەیەكدا سوپاسی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دەكات کوردستانی

نوچه‌نێت

لە نامەیەكدا لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا سوپاسگوزاریی خۆی دەردەبڕێ بۆ رۆڵی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە بەڕێوەبەردنی پرۆسەی رێكخستنەوە و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئاداری 2023 سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای دەكات، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی نامەیەكی لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكای پێگەیشتووە. لە راگەیێندراوەكە هاتووە ئۆستن گوتویەتی، "مایه‌ی خۆشحاڵیم بوو جه‌خت له‌ هێز و گرنگیی هاوبه‌شیی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق بكه‌مه‌وه‌".

هەروەها سوپاسگوزاریی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ ڕۆڵی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ و چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای یاداشتی لێكگه‌یشتنی هاوبه‌شی پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا لە حەوتی ئەم مانگە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.


دەقی راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان:

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نامه‌یه‌كی له‌ به‌ڕێز لۆید ئۆستن وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكاوه‌ پێگه‌یشت، تیایدا سوپاسی به‌ڕێزیان ده‌كات بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی ڕۆژی حه‌وتی ئه‌م مانگه‌ له‌ سه‌ردانیدا بۆ هه‌ولێر، لێی كرا.
له‌ نامه‌كه‌یدا ئۆستن ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر نووسیویه‌تی: مایه‌ی خۆشحاڵیم بوو جه‌خت له‌ هێز و گرنگیی هاوبه‌شیی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق بكه‌مه‌وه‌.
له‌ نامه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، به‌ڕێز ئۆستن وێڕای ئاماژه‌دان به‌ پێزانینی بۆ گفتوگۆیان ده‌رباره‌ی پابه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ردوولا بۆ تێكشاندنی یه‌كجاره‌كیی داعش، داكۆكی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوكاریی به‌رده‌وامی ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ عێراقێكی ئارام و سه‌قامگیر و خاوه‌ن سه‌روه‌ری، پێویسته‌.
هه‌روه‌ها سوپاسگوزاریی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ ڕۆڵی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ و چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای یاداشتی لێكگه‌یشتنی هاوبه‌شی پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. خواستی وڵاته‌كه‌یشی بۆ به‌رده‌وامیی كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپات كردووه‌ته‌وه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین