دیوانى شێخ مەحموود حەفید لەبارەى (كۆنگرەی نێودەوڵەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی) ڕوونکرنەوە دەدات کوردستانی

نوچەنێت:

دیوانى شێخ مەحموود حەفید لە بارەى بەڕێوەچوونى (كۆنگرەی نێودەوڵەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی) ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئاڕاستەی کۆنگرەکە گۆڕدرا بەرەو هێرشبردن و لەکەدارکردنی مێژووی شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئەحمەدی شێخ و تەریقەتی قادری بەگشتی."

ئەمڕۆ دووشەممە (سێى نیسان/2023) دیوانی شێخ مەحمودی حەفید لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لە (كۆنگرەی نێودەوڵەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی) چەند چەند تۆمەتێکی بێ بنەما و هەوڵدان "بۆ درزخستنە نێو هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی" هەڵبەستراوە.

لە بەشێکى ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئەو تۆمەتانەی لە کۆنگرەکەدا درانە پاڵ شێخی نۆدێی و کاک ئەحمەدی شێخ جگە لە پڕوپاگەندە و بوختان هیچی تر نییە و دوورن لەڕاستیەوە."

 

دەقى ڕوونکردنەوەکەى دیوانى شێخ مەحموود حەفید لەبارەى كۆنگرەی نێودەوڵەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

کوردستانیانی خۆشەویست

سڵاوی ڕێزو ئەمەکداریتان پێشکەش دەکەین

بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە.

بەڕێزان:

ماوەیەک لەمەوبەر کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا بەمەبەستی خزمەتکردن بە ڕۆڵی تەسەوف و ئاینیی شێخ مەولانا خالیدی نەقشبەندی. بەستنی کۆنفرانسێکی زانستی بۆ زانا و کەسایەتییەکی دیاری مێژوویی کورد جێی دەستخۆشی و پێزانینە، بەڵام بەداخەوە ئاڕاستەی کۆنگرەکە گۆڕدرا بەرەو هێرشبردن و لەکەدارکردنی مێژووی شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئەحمەدی شێخ و تەریقەتی قادری بەگشتی. هەروەها هەڵبەستنی چەند تۆمەتێکی بێ بنەما و هەوڵدان بۆ درزخستنە نێو هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی. لەکاتێکدا ئێمە پێمان سەیرە و ئەو پرسیارە لەسەرپەرشتیارانی کۆنگرەکە دەکەین، ئایا هۆکاری گرتنەبەری ئەم سوکایەتی و چەواشەکاری و ناوزڕاندنە دەچێتە خزمەتی کێ و چ سودێک بە مێژوو و ئێستا و ئایندەی گەلەکەمان دەگەیەنێت؟

دەپرسین بۆچی و لەپای چی لەم کاتەدا ئەم پرسە دەورژێننەوە و تۆوی ناکۆکی و دووبەرەکی دەچێنن؟

دەپرسین بۆچی کێشەیەک ئێستا دەخرێتەوە بەر باس کە چەند سەدەیەک لەمەوبەر ڕویداوە و خۆشبەختانە هەر لەکاتی خۆیدا چارەسەرکراوە؟

هەموو دەزانن لەم کات و ساتە ناسکەدا هەرگیز ڕیزەکانی کورد هێندەی ئێستا لێکترازاو و پەرش و بڵاو نەبووە، دەبوو سەرپەرشتیارانی ئەم کۆنگرەیە لەخەمی یەکڕیزی و ئەم دۆخە ناهەموارەی هەرێم بوونایە کە زیانێکی زۆری بەناوبانگی کورد و ژیانی تاک بەتاکی کۆمەڵگاکەمان گەیاندوە، لەبری ئەو ئەرکە نیشتیمانییە، تازە بەتازە لەهەوڵی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و ئاشتی کۆمەڵایەتیدان. ئەوەی لەو کۆنگرەیەدا تێبینی کرا جگە لەتەشهیر، باسکردن لەوەهمێک بوو لەهزرو خەیاڵی چەند کەسانێکدا وا وێناکرابوو گوایا سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان لە ئەنجامی هزری نەتەوایەتیەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەش دوور و نزیک هیچ بنەمایەکی ڕاستی و زانستی نییە. بگرە خودی مەولانا خالیدی نەقشبەندی لێی بێبەرییە و بوختانە دەخرێتە پاڵی. ئەگەر سەرنجێک لە سەرچاوە مێژوویەکان بدرێت، بەئاشکرا ئەوە دەبینرێت ئەو ناکۆکییانە بەهۆی جیاوازی ڕای ئاینییەوە بووە نەک بابەتی نەتەوایەتی و بیری ناسیۆنالیستی. هەرچەند بوونی ڕاجیاوازی نيوان هەردوو تەریقەتەکە زۆر ئاسایی بووە و خۆشبەختانە ململانێیەکان هێندە شارستانی بوون تەنانەت نەبووەتە هۆی خوێنهاتن لە پەنجەی منداڵێکی کورد. کێشەکان هەر لەسەردەمی هەردوو زانای گەورەی کورد (شێخ مارف و مەولانا خالید) چارەسەر کراوە. دواتریش لەسەردەمی حاجی کاک ئەحمەدی شێخدا ئاڵوگۆڕی تەریقەت لەنێوان هەردوولا کراوە و بەیەکجاری کۆتایی بەناکۆکیەکان هاتووە. لێرەدا جارێکی تر بۆ هەموو کوردستانیانی بەڕێزی ڕوون دەکەینەوە کە ئەو تۆمەتانەی لە کۆنگرەکەدا درانە پاڵ شێخی نۆدێی و کاک ئەحمەدی شێخ جگە لە پڕوپاگەندە و بوختان هیچی تر نییە و دوورن لەڕاستیەوە. دوپاتی دەکەینەوە و دڵنیایان دەکەین کە ئەو نەخشە و هەنگاوانەی بۆ چەواشەکردنی مێژوو دەگیرێتەبەر جگە لە شکست و ماندووبوون هیچ ئەنجامێک نادات بەدەستەوە. کورد گوتەنی بەری ڕۆژ بە بێژنگ ناگیرێت.

دیوانی شێخ مەحمودی حەفید

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین