مەسرور بارزانى: ساڵانی ڕابردوو عێراق مووچە و شایستە داراییەکانی بڕی، هەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت هەناردەبکات کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران، لە بارەى ڕێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا گوتى، "ئەم ڕێککەوتنە دەسکەوتێکی گرنگە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ."

ئەمڕۆ چوارشەممە (پێنجى نیسان/2023) ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بەسەرپەرشتى مەسرور بارزانى کۆبووەوە و تێیدا، طدەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە توانیان ئەم ڕێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن."

مەسرور بارزانى ئاماژەی بەوە دا، "دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکومەتی فیدرال، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بڕی، هەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت هەناردە بکات و ڕێکارەکانی هەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم نەوتی هەناردە کرد." هەروەها هیواشى خواست، "ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە."

لە بەشێکى کۆبوونەوەکەدا، تایبەتمەندییەکانی پڕۆژە یاسای ( وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان) تاوتوێکرا، بەپێى ڕاگەیێندراوى حکومەتى هەرێم، "ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاکسازیکردنە لە سیستەمی تەندروستی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی کارکردن لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕەچاوکردنی مافی نەخۆش."

دەشڵێت، تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی بەرزی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕ سەرەڕای دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی و چۆنیەتی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی گرانی نرخ لە بازاڕەکاندا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین