سەرۆكی هەرێمی كوردستان: دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن بە راوێژ بووە لەگەڵ لایەنەكان کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بە کۆدەنگی و راوێژ بووە لەگەڵ لایەنەکان، هیواداریشین هەموو لایەنەکان پابەندبن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی (حەوتی/ نیسان/ 2023)  سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کێشە نێوخۆییەکان و بەشداریی نەکردنی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتی، "کێشە نێوخۆییەکان قابیلی چارەسەرکردنن." 

لە بەشێكی تری قسەكانیشی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی، "من خۆم داوام کردووە و سەرۆک وەزیرانیش داوای کردووە، پێمان وایە گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکان زۆر پێویستە؛ کێشە هەیە، بەڵام دەتوانین کێشەکان بە گفتوگۆ لەنێو حکومەت چارەسەر بکەین."

سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنەكانیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانییەكان دامان ناوە، هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هاوكاربن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا جێبەجێ بكرێت."

سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمیش گوتی، "رێككەوتنی هەولێر و بەغدا رێككەوتنێكی زۆر گرنگە لە بەرژەوەندی هەموو عێراق دایە، ئێمە لە رۆژی یەكەمەوە جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە، دەبێت چارەسەرێكی عێراقیانە بێت."

هەروەك سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئێمە پێشتریش ئامادەبووین، بەڵام حكومەت لە بەغدا ئامادە نەبوو، بە خۆشحاڵییەوە ئەمجارەیان حكومەت لە بەغدا ئامادەبوو، هیواداریشین ئەم رێككەوتنە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، چونكە رێككەوتنێكە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەموو پێكهاتەكانی عێراقە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین