سه‌رۆك وه‌زيرانى ڤاتيكان ستايشى ڕۆڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەکات بۆ کۆکردنەوەى لایەنەکان کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى ڤاتیکان لە کۆبوونەوە و تێیدا دۆخى عێراق به‌گشتى و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌تايبه‌تى مه‌سيحييه‌كان و ناوچه‌كانيان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (13/نیسان/2023)  سەرۆک نێچيرڤان بارزانى له‌ ڤاتيكان، له‌گه‌ڵ كادريناڵ پيترۆ پارۆلين، سه‌رۆك وه‌زيرانى ڤاتيكان كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق به‌گشتى و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌تايبه‌تى مه‌سيحييه‌كان و ناوچه‌كانيان تاوتوێ كرا و تيشك خرايه‌ سه‌ر هه‌وڵى مانه‌وه‌ى مه‌سيحييه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەڵێت، سه‌رۆك وه‌زيرانى ڤاتيكان "ستايش و پێزانينى بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و هه‌موو پشتگيرييه‌كى ڤاتيكانى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌."

هەروەها كادريناڵ پيترۆ پارۆلين  "ده‌ستخۆشى كرد بۆ كردنه‌وه‌ى زانكۆى كاسۆليكى له‌ هه‌رێمى كوردستان و هاريكارى و پشتگيريى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ زانكۆكه‌ و فراوانكردنى، هه‌روه‌ها سه‌ردانى پارساڵى خۆى بۆ هه‌ولێر سه‌ركه‌وتووانه‌ و دۆخى پێكه‌وه‌ژيانى له هه‌رێمى كوردستان به‌ دڵخۆشكه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م دا."

لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ "كه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازيارى ئه‌وه‌يه‌ مه‌سيحييه‌كان له‌ زێد و نيشتمانى خۆيان بمێينه‌وه، هه‌موو ئاماده‌يى و ئاسانكارييه‌كى هه‌رێمى كوردستانيشى ده‌ربڕى بۆ ئه‌وانه‌ى ده‌يانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌" هه‌روه‌ها داواى كرد "ڤاتيكان له‌ يه‌كێتيى ئه‌ورووپا پشتگيرى بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ناوچه‌ مه‌سيحيييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق پرۆژه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین