سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی رێككەوتن کوردستانی

نوچەنێت

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێوارەخوانێكی بۆ كاسبكار و پیشەوەر و دەستگێر و دوكاندارانی بازاڕی هەولێر رێكخست، لە وتەیەك دا بۆ ئامادەبوومان گوتی، “ئێمە لەو ماوەیە هەموو هەوڵێکمانداوە ئەوەی پێمان بکرێت لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدابین، سەبارەت بە پەیوەندییەكانیش لەگەڵ بەغدا گوتی، "ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی ئەو رێککەوتنەی ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژوومانکردووە."

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (16/ نیسان/ 2023)، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی ئەو ئێوارە خوانە گوتی، “ئەوەی جێی شانازییە کوردستان، لەخوا بەزیادبێت، شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە نەک تەنها بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکو بۆ خەڵکی تریش لە شوێن و ناوچەکانی تری عێراق دێنە هەرێمی کوردستان."

لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، "لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەربکەین، ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی ئەو رێککەوتنەی ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژوومانکردووە و هیوادارم ئەمە یارمەتیدەرێکی زۆربێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئێوەش بدات لە رووی ئابوورییەوە، کە دەزانم زۆربەی کاریگەرییەکانی ئابووری لەسەر شانی ئێوەن چ کاسبکاربن، چ کرێکاربن، چ پیشەوەربن، کاریگەرییەکانی ئابووری زیاتر دەکەوێتە سەر شانی ئێوە، بۆیەش ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین کە دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەین".

سەبارەت پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "جێی دەستخۆشییە کە دەبینین کوردستان جێی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە، ئەمە شتێکە جێی شانازییە و هەقە خۆشتان شانازی بە خۆتان بکەن کە ئێوە توانیوتانە بەشێکبن لەوەی کە کوردستان بکەن بە شوێنێک کە خەڵک رووی تێبکات".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گوتی، "زۆر ژێرخان یان دامودەزگا هەبووە بوونیان نەبووە، ئێمە هەوڵی ئەوەمانداوە ئەو دامودەزگایانە دروستبکەین، کاریگەری زۆر لەوانە ئێستا دەرنەکەوێت، بەڵام دوای ماوەیەکی تر کاریگەرییەکانی ئەم هەوڵانەش بەدەردەکەون، ئێمە بڕوامان زۆرە کە بتوانین کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و رووناکتر هەنگاوبنێین و هەموو هەوڵ و تەقەلای ئێمەش لەپێناو ئەوەیە کە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت و ئومێدی ئەوەمان هەیە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین