ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لەسەر رووداوەکەى شنگال نابێ هەموو ئێزدییەکان تاوانبار بکرێن کوردستانی

نوچەنێت:

نووسینگەى ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەى ڕووداوی هێرشکردنەسەر مزگەوتەکەی شنگال لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێت، "لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا بەرێت."

ئەمڕۆ هەینى (پێنجى ئایار/2023) نووسینگەى ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەى ڕووداوی هێرشکردنەسەر مزگەوتەکەی شنگال ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،  "لەژێر ڕۆشنایی هەندێک هێرش کە لەم دواییانەدا لە چەند ماڵپەڕی دیاریکراو و سنووردار لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دژی پێکهاتەی ئێزیدی ئەنجامدرا، لە هەینی ڕابردوو چەند مامۆستایەکی ئاینی کە ڕێژەیان لە چوار بۆ پێنج کەس تێپەڕی نەدەکرد ڕوونکردنەوەیان دابوو لەسەر بابەتەکە بەڵام لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا بەرێت."

نووسینگەى ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەدەکات، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت کە ئیرادەیەکی بێوچانی بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافی برا ئێزدییەکان هەیە."

هەروەها دەڵێت، "لە ئیدانەی ئەو کارەدا، حکومەتی ڕایدەگەیەنێت کە لە هەرێمی کوردستان ٦٥٠٠ مزگەوت و بڵندگۆی ئایینی بوونیان هەیە، لەکۆی ئەو ژمارەیە تەنها چوار بۆ پێنج مزگەوت باسی هێرشکردنە سەر مزگەوتی موسڵمانانیان کردووە لە شنگال و ئەو مامۆستا بەڕێزانەش دواتر لەگەڵ مامۆستا ئێزدییەکاندا دانیشتوون و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوووسیدا دووپاتیانکردەوە کە ئەوان مەبەستیان بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق نەبووە و تەنها ئاماژەیان بەوەداوە کە چەند گەنجێکی ئێزدی لەڕێگەی بەکارهێنانی بەردهاوێشتنەوە هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتێک لە شنگال و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو ئێزدییەکان تاوانبار بکرێن."

لە ڕوونکردنەوەدا ئەوەش هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هەر گوتارێکی نابەرپرسانە و ڕقاوی دەکات کە بە شێوازێکی دژکارانە هەوڵدەدات بۆ شێواندنی ناوبانگی ئێزدییەکان."

دەشڵێت، "کە قسەی هەندێک کەسی نابەرپرس گوزارشت لە ڕای گشتیی هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان ناکات و لە پێشوودا سزای ئەو کەسانە دراون کە گوتاری تووندیان لە دژی پێکهاتەی دیاریکراودا داوە تەنانەت مامۆستای ئایینیش سزادراون لەسەر ئەم بابەتە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین