سەرۆک بارزانى بۆ پارتى و یەکێتى: لاپەڕەیەکى نوێ بکەنەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک مەسعود بارزانى دەستپێشخەرێکى نوێى بۆ کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان ڕایدەگەیێنێت و دەشڵێت،  ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11/ئایار/2023) سەرۆک بارزانى، لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەى نیشتمانیی بارزانی، وتارێکى پێشکەشکرد و تێدا داوای لە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد، ناکۆکییەکانیان وەلابنێنن و پێویستە لاپەڕەیەکى نوێ بکەنەوە.

سەرۆک بارزانى ڕایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش (18)ی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن''.

 سەبارەت بە کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى، سەرۆک بارزانى دەستپێشخەرێکى نوێى ڕاگەیاند و گوتى، ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن".

هاوکات دووپاتى کردەوە،  "نابێ لایەنە سیاسییەکان چی دیکە یەکدی بشکێنن. دەرفەتێکی باش هاتووەتە ئاراوە، و بە دژایەتیی یەکدی، کەس هیچی دەستناکەوێت"، گوتیشی، ''خۆشم ئامادەم هەرچی پێم بکرێت بۆ ئەم ئاراستەیە بیکەم''.

 دەربارەى پەیوەندییەکانى هەرێم و عێراق، سەرۆک بارزانى ئاماژەى بە دروستبوونى ئیرادەیەکى نوێ کرد لە نێوان هەردوولادا و گوتیشى، سوپاسى محەمەد شیاع سوودانى دەکەم،  کە، ''زۆر بە جددی هەوڵدەدات ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کراوە، جێبەجێی بکات و لێرەوش دڵنیای دەکەمەوە، ئێمەش بەهەموو تواناوە پشتگیریی دەکەین''.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین